نەوەی نوێ‌ بە تەواوی پەرتەوازە دەبێت

:: PM:08:43:23/05/2019 ‌
دوای ئاشكرابوونی ژمارەیەك دۆسیە لەسەر شاسوار عەبدولواحید و گرتنی لەلایەن دەزگا تەناهییەكانەوە نەوەی نوێ‌ بەتەواوی پەرتەوازە بوو، ئێستە كێشە كەوتووەتە ناو فراكسیۆنەكەی و ناتوانن كۆ ببنەوە.

شادی نەوزاد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ دەڵێ، سەرۆكی فراكسیۆنەكەی بە زۆر ناتوانێت بانگێشتی بكات بۆ كۆبوونەوە لە جێگەیەك كەخۆی مەبەستی بێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی ئایار، شادی نەوزاد پەرلەمانتاری فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هیچ بەرەو پێشچوونێك نییە لە دۆسیەی سكاڵاكەی لەسەر شاسوار عەبدولواحید و چاوەڕوانی دادگایە پرسەكە یەكلا بكاتەوە.

لەبارەی هەڕەشەكەی سەرۆكی فراكسیۆنەكەی شادی گوتی: "لەدوای ئەو هەڕەشەیەی لە منی كرد كە دەبێت بچمە كۆبوونەوەی فراكسیۆن لە بارەگای نەوەی نوێ لە گوندی ئەڵمانی، من بە گوێم نەكرد و هەڕەشەكەیم بە هەند وەرنەگرت".

پێشتر كازم فارووق سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان داوای لە شادی نەوزاد پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكەی كردبوو لە كۆبوونەوەی فراكسیۆن لە بارەگای نەوەی نوێ ئامادەبێت ئەگەرنا لە فراكسیۆنەكەیان دووری دەخاتەوە.

مانگی ڕابردوو لە ڕێی ژمارەیە تەلەفۆنێكەوە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و فیلمی ڕووت لە شادی نەوزاد كرا و ئەوكاتە ڕای گەیاند، شاسوار ئەو هەڕەشانەی لێ‌ كردووە بەو هۆیەوە چەند كەسێك لە نزیكەكانی گیران و ددانیان بە كارەكانیاندا نا بەچەند ڕۆژێكیش دوای ئەوە شاسوار عەبدولواحید گیرا كە تا ئێستە لە زیندانە.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا




وشە - سه‌رخێڵ هاشم