فرسه‌ت سۆفی: پێویسته پارتى و یه‌كێتی بۆ چاكسازی قوربانی به‌خۆیان بده‌ن
فرسه‌ت سۆفی ئه‌ندامی شاندی دانوستانكاری پارتى بۆ پێكهێنانی كابینه‌ى نۆیه‌می حكوومه‌ت و سه‌رۆكى لیژنه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، رای ده‌گه‌یه‌نێت كه له مانگی حوزه‌یران حكوومه‌ت پێك ده‌هێنرێت. هاوكات ره‌تی ده‌كاته‌وه كاندیده‌كانی پارتى یه‌كلا كرابنه‌وه بۆ حكوومه‌ت و باس له گه‌یشتنی "هه‌زاران سی ڤی بۆ پۆستی وه‌زیر تا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتى" ده‌كات وه‌ك به‌شێك له ئاماده‌كارییه‌كانی پارتى بۆ گۆڕانكاری.
سۆفی له‌و دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا له‌باره‌ی چاكسازی، ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه "قۆناغی داهاتوو، قۆناغی چاكسازیش داواكاری جه‌ماوه‌ره و ئه‌گه‌ر نه‌كرێت، ده‌بێته مه‌ترسی له‌سه‌ر داهاتووی كوردستان، بۆیه پێویست ده‌كات پارتى و یه‌كێتی قوربانی بۆ بده‌ن".
با له خاڵی هه‌ڵبژاردنى نێچیرڤان بارزانی بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌ست پێ بكه‌م، له دیوه یاساییه‌كه‌ی چاره‌سه‌ری ئه‌وه چۆن ده‌كرێت كه نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى حكوومه‌ت و سه‌رۆكی هه‌رێمیش بێت. به‌منزیكانه ئه‌وه روو ده‌دات؟
هیچ ده‌قێكی یاسایی نییه و یاسادانه‌ران پێشبینی وه‌ها حاڵه‌تێكیان نه‌كردووه، بۆیه ئه‌وه ده‌كه‌وێته سه‌ر نێوان نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی كه چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه ده‌كه‌ن، تا ئه‌و ده‌مه‌ی به فه‌رمی مه‌سروور بارزانی كاندیدی پارتی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت دێته سپاردن، ئیتر حكوومه‌ت ده‌بێته كاربه‌ڕێكه‌ر.
له یاسادا كات ده‌ستنیشان نه‌كراوه ده‌بێت كه‌ی سه‌رۆكى هه‌رێم كاندیدی لیستى زۆرینه بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت راده‌سپێرێت، هێنده‌ى ئاگادار بیت پرۆسه‌كه چه‌ند كات ده‌بات؟
سوێندخواردنى نێچیرڤان بارزانی وه‌ك سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌ری هه‌یه بكه‌وێته ناو جه‌ژن یان دوای جه‌ژن، دواتر ره‌نگه دوو رۆژ دواتر كاندیدی پێكهێنانی حكوومه‌ت رابسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینه‌كه‌ی. دواى ئه‌وه مانگێكی له به‌رده‌م هه‌یه و ئه‌گه‌ری زۆره له مانگی حوزه‌یران كابینه‌ى نۆیه‌م پێك بهێنرێت.
مه‌سروور بارزانی كاندیدی پێكهێنانی حكوومه‌ت رۆڵی چی ده‌بێت له ده‌ستنیشانكردنى كاندیده‌كان؟
مه‌سروور بارزانی ده‌بێته سه‌رۆكی داهاتووی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆیه مافی خۆیه‌تى رۆڵی هه‌بێت له ده‌ستنیشانكردنى ئه‌و كاراكته‌رانه‌ی له داهاتوودا ئیشیان له‌گه‌ڵ ده‌كات، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بێت. پێوه‌ند به گۆڕان و یه‌كێتیش، ئه‌گه‌ر راستیت ده‌وێت ده‌بوو له هی ئه‌وانیشدا رۆڵی هه‌بێت و سێ كاندید بخرێته به‌رده‌می، ئه‌و باشترین و به‌هێزترین هه‌ڵبژێرێت.
ئه‌و پرسه له گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومه‌تیش له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و گۆڕان باس كراوه به‌ڵام نه‌گه‌یشتین به رێككه‌وتن، بێگومان له‌و رۆژه‌ى مه‌سروور بارزانی راده‌سپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت، سه‌ردانی ئه‌و حزبانه ده‌كات، بۆیه لێره‌وه داوای لێ ده‌كه‌م ئه‌و داوایه له حزبه‌كان بكات كه بژارده‌ى بده‌نه ده‌ست تا باشترین هه‌ڵبژێرێت.
ده‌گوترێ پارتی ده‌یه‌وێ تیمه‌كه‌ی له حكوومه‌ت تا ئاستى به‌ڕێوه‌به‌ری گشتى بگۆڕێت، چی نوێ هه‌یه له‌و رووه‌وه؟
پارتى بڕیاری گۆڕانكاری داوه له وه‌زیره‌كانی تا ئاستى خواره‌وه، به‌ڵام پرۆسه‌كه به په‌له‌په‌ل ناكرێت. بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه داوا له لقه‌كان كراوه پێشنیار بده‌نه ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیى شاره‌كان، له‌وێشه‌وه بۆ مه‌كته‌ی سیاسی و ئینجا باره‌گای بارزانی و له‌وێوه بڕیاره‌كه ده‌درێت كه چی بكرێت و چۆن بكرێت، بۆ ئه‌مه‌ش سی ڤی زۆر گه‌یشتووه‌ته باره‌گای بارزانی.
له‌ناو پارتى لیژنه‌یه‌ك پێكهاتووه بۆ جیاكردنه‌وه‌ی سی ڤی بۆ پۆسته‌كان به‌گشتى، هه‌ر له وه‌زیره‌وه بگره تا ده‌گات به به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێ، له كوێ كه‌موكوڕی و بۆشایی هه‌بێت، دوای تاوتوێكردن ده‌ستنیشان ده‌كرێن و ئیشیان له‌سه‌ر ده‌كرێت بۆ چاككردنیان، ئه‌مه‌ش پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وام ده‌بێت تا چوار ساڵی ته‌مه‌نی حكوومه‌ت.
له‌ناو پارتى رۆژانه باس له كۆمه‌ڵێك ناو ده‌كرێت بۆ وه‌رگرتنی پۆسته‌كان، ته‌نانه‌ت ناوی ئێوه‌ش بۆ پارێزگاری هه‌ولێر باس ده‌كرێت. ئه‌مه یه‌كلا بووه‌ته‌وه؟
وه‌ك كه‌سێكی ئاگادار تا ئێسته ته‌نیا كاك نێچیرڤان و كاك مه‌سروور یه‌كلا بوونه‌ته‌وه، ئه‌وانی تر زیاتر قسه‌ى میدیایه.
كه‌واته چه‌ند سی ڤی گه‌یشتووه؟
به ژماره نازانم، به‌ڵام تا ئاستى به‌ڕێوه‌به‌ری گشتى سی ڤی نێردراوه.
ترستان هه‌یه دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی ناو یه‌كێتی دووباره پرسی پێكهێنانی حكوومه‌ت دوا بخات؟
نه‌خێر. چونكه دوای راسپاردنی مه‌سروور بارزانی ماوه‌ی یاسایی هه‌یه كه مانگێكه، بۆیه نابێ بڵێین چاوه‌ڕێی پارتى یان گۆڕان یاخۆ یه‌كێتی ده‌كه‌ین تا كاندیده‌كانیان یه‌كلا بكه‌نه‌وه. ئاسایی حكوومه‌ت پێك ده‌هێنرێت و ده‌كرێ ئه‌گه‌ر حزبێك كاندیدی یه‌كلا نه‌كردبووه‌وه، كاتى پێ بدرێت تا كاندید یه‌كلا ده‌كاته‌وه.
پرسی چاكسازی، له به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردن تا رێككه‌وتنتان له‌گه‌ڵ گۆڕان و یه‌كێتی قسه‌ى له‌سه‌ر كراوه. وه‌ك ئاگادارێك كه ساڵانێكه له لیژنه‌كانی دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی كار ده‌كه‌یت، هێڵه گشتییه‌كانی چاكسازی بۆ كابینه‌ی داهاتوو چین؟
چاكسازی به تێگه‌یشتنه گشتییه‌كه‌ی خۆی له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، به سیستمكردنى دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت، رێكخستنه‌وه‌ی هه‌یكه‌لی حكوومه‌ت، چاكسازی له یاساكان و كارگێڕی، سه‌روه‌ربوونی یاسا و سه‌ربه‌خۆبوونی دادوه‌ری، هه‌موو ئه‌و پرسانه ده‌چنه ناو چاكسازی و قۆناغی داهاتووش، قۆناغی ئومێده و ئه‌گه‌ر ئه‌و ئومێده بمرێت یان شتێكی لێ شین نه‌بێت، ئه‌وا هیواكان به ته‌واوه‌تى كز ده‌بن. جگه له‌مه‌ش، چاكسازیی داواكاری جه‌ماوه‌ری كوردستانه و ئه‌گه‌ر نه‌كرێت، ئه‌وا ده‌بێته مه‌ترسی له‌سه‌ر داهاتووی كوردستان.
خاڵێكی تر كه ده‌بێ راشكاو بین، ده‌بێ ئیراده‌ی سیاسی هه‌بێت و ئه‌و حزبانه‌ی له رابردوودا حوكمی ئه‌م وڵاته‌یان كردووه و هه‌نگاوی هه‌ڵه‌یان ناوه به‌تایبه‌ت پارتى و یه‌كێتی، جا له كه‌رتى وه‌زیفه‌ى گشتى بێت، نه‌وت، ده‌رمان و ته‌ندروستى یان زه‌ویوزار یان هه‌ر سێكته‌رێكی تر، بڵێن تا ئێره خراپمان هێناوه ده‌بێت له‌مه‌ولا باشی بكه‌ین.
چاكسازی پێویستى به حكوومه‌تێكی چالاك و كارا هه‌یه، تا ئێواره ده‌سته‌ى نه‌زاهه‌ت هه‌بێت و چاودێری دارایی راپۆرت ئاماده بكات، داواكاری گشتى هه‌روا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاودێری حكوومه‌ت خۆی به‌سه‌ر خۆیه‌وه نه‌بێت، ناتوانرێت چاكسازی ئه‌نجام بدرێت. ده‌بێ چاكسازی له كه‌رتى پۆلیس و ئاسایش و دادگاكان بكرێت، ئه‌گه‌ر نه‌كرێت، ناتوانرێ به‌ره‌وپێشه‌وه بچین.
ده‌بێت حكوومه‌ت به‌هێز بێت و ئه‌و كاراكته‌رانه‌ی ئیداره‌ى حكوومه‌ت ده‌ده‌ن، خه‌ڵكی پاك بن له رووی گه‌نده‌ڵی و به‌هێزبن بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی، چونكه ناكرێت كه‌سێكی گه‌نده‌ڵ بكرێت به وه‌زیر و هه‌ر خه‌ریكی دزی بێت، حكوومه‌تیش لیژنه‌ى له‌سه‌ر پێكبهێنێت، بۆیه ئه‌گه‌ر وه‌زیرێك دز بێت بخرێته به‌رده‌م په‌رله‌مان بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه لێی و پاشان بدرێته دادگا، ئه‌وا ده‌بێته عیبره‌ت بۆ هه‌موو وه‌زیر و به‌رپرسه‌كانی كابینه‌كه‌ی و كابینه‌ی داهاتوو.
به‌ڵام به‌رانبه‌ر به‌و سزادانه ده‌بێت پاداشتیش هه‌بێت و ئه‌و كه‌سانه‌ی ساڵانێك پۆستی باڵایان هه‌بووه و گه‌نده‌ڵییان نه‌كردووه، پێویسته پۆسته‌كانیان به‌رز بكرێته‌وه. له پرۆسه‌ى چاكسازی ئه‌وه‌مان ئه‌نجام دا، چوار به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێ كران به قایمقام، مه‌رجمان دانا ئه‌و كه‌سه‌ى ده‌كرێته به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێ ده‌بێت شه‌ش ساڵ خزمه‌تی هه‌بێت، ئه‌وه‌ی ده‌كرێت به قایمقام ده‌بێت 10 ساڵ خزمه‌تی هه‌بێت، به‌مه خه‌ڵكانی به ئه‌زموون پۆستیان پێ ده‌درێت و كه‌سانێك له ئاسمانه‌وه پۆست وه‌رناگرن.
ئه‌و ئیراده سیاسییه هه‌یه؟
له‌وه‌ته‌ى له‌ناو ئه‌و پرۆسه‌یه‌دام، بارته‌قای ئێسته هه‌ستم به‌و ئیراده سیاسییه نه‌كردووه بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی و ئومێدم پێیه‌تى.
ببووره. به‌ڵام به‌شی هه‌ره‌زۆری كۆمپانیا گه‌وره و بچووكه‌كانی ئه‌و وڵاته و بازرگانیی هی به‌رپرسانی حزبن تا ده‌گات به باڵ و گرووپه‌كان له‌ناو حزبه‌كان، ئیراده‌كه گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته؟
له سه‌ره‌تادا گوتم پێویسته پارتى و یه‌كێتی بۆ چاكسازی قوربانی به‌خۆیان بده‌ن، ده‌بێ به‌پێی یاسا ئه‌و كه‌سه‌ى ده‌بێته وه‌زیر نابێ بازرگان و كۆمپانیای هه‌بێت و ته‌نده‌ر بداته‌وه خۆی. ئه‌مه‌ش له یاسای سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران هه‌یه و ده‌بێ جێبه‌جێ بكرێت. بۆیه ئه‌گه‌ر كراوه له رابردوودا هه‌ڵه بووه و ئێسته‌یش ئیراده‌یه‌كی سیاسی خه‌ریكه دروست ده‌بێت و ئومێدمان پێیه‌تى.
پارتى و یه‌كێتی گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و باوه‌ڕه‌ى ئه‌و قۆناغه، قۆناغێكی هه‌ستیاره و ئه‌گه‌ر چاكسازی نه‌كه‌ین، ئه‌وا دووچاری هه‌ندێك كێشه‌ى گه‌وره ده‌بینه‌وه و ره‌نگه دواتر هه‌ر چاكسازیمان پێ نه‌كرێت. بۆیه پارتى ئاماده‌یی هه‌یه ئه‌و قوربانییه بدات و ده‌ست له هه‌ندێك سێكته‌ر به‌ربدات و بهێڵێت حكوومه‌ت كاری خۆی بكات.
ئه‌ى یه‌كێتی؟
راسته. له قۆناغی رابردوو تاكلایه‌نه ده‌ستمان به چاكسازی كرد، هه‌ندێك شت روویان دا كه رۆژگاری خۆی هات باسی ده‌كه‌م، بۆیه پرۆسه‌كه وه‌ستا. ده‌بێت چاكسازی له هه‌ردوو زۆنی پارتى و یه‌كێتی پارالێل به‌یه‌كه‌وه بڕوات تا به‌ربه‌ست بۆ پرۆسه‌كه دروست نه‌بێت. هیوادارم یه‌كێتی ئه‌و ئاماده‌ییه‌ی هه‌بێت، چونكه ئه‌گه‌ر نه‌یكه‌ن پێش پارتى خۆیان زیان ده‌كه‌ن.
هێڵه گشتییه‌كانی چاكسازی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و گۆڕان له‌سه‌ری رێككه‌وتن چین؟
ئه‌مه به رێككه‌وتن نووسراوه، به‌ڵام ورده‌كارییه‌كه‌ی ده‌بێ حكوومه‌ت قسه‌ى له‌سه‌ر بكات و جێبه‌جێی بكات. یه‌كه‌م كه‌رتى گشتى زۆرترین پاره‌ى تێدا خه‌رج ده‌كرێت بۆ مووچه، ده‌بێ به ده‌ركردنی یاسای چاكسازی له په‌رله‌مان رێكبخرێته‌وه. ده‌بێ چاكسازییه‌كی باش له سێكته‌ری نه‌وت بكرێت و ئه‌و یاسایانه‌ى هه‌ن ده‌بێ له په‌رله‌مان ده‌ربكرێن. پێویستمان به‌وه‌یه حكوومه‌تێكی كارامان هه‌بێت و كه‌س پارێزبه‌ندی نه‌بێت. ئینجا چاكسازی له سێكته‌ره‌كانی پێوه‌ندار به ژیانی خه‌ڵك، وه‌ك ته‌ندروستى و ده‌رمان، زه‌ویوزار و شاره‌وانی. به گشتى برینه‌كه دیاره پێویستى به ده‌رمانێكی باشه بۆ تیماركردنی.
چاكسازی له‌سه‌ر دوو ئاست ده‌كرێت، سیستم و بازاڕ. بۆ سیستم ده‌بێ چی بكرێت؟
ده‌بێت سیستمی بانكی و داراییمان هه‌بێت، ئیتر فه‌رمانبه‌ر به ژماره‌ی بانكی مووچه‌كانیان وه‌رده‌گرن كه ئێسته گه‌وره‌ترین كێشه‌مان ئه‌وه‌یه بانكه‌كان متمانه‌یان له ده‌ست داوه، بۆیه ده‌بێ كار بكرێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی متمانه بۆیان. ده‌بێت رۆتین له فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌ت كه‌م بكرێت و پێوه‌ندی نێوان فه‌رمانبه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه رێك بخرێت. پێویستمان به‌وه‌یه مۆنۆپۆڵ نه‌هێڵین و رێ خۆش بكه‌ین بۆ دروستكردنی كۆمپانیای پشكداری و له ته‌نده‌ره‌كاندا گرنگییان پێ بدرێت و له بازاڕیشدا هه‌روه‌ها، له‌مه‌شدا پێویسته پارتى و یه‌كێتی قوربانی بده‌ن چونكه زۆرینه‌ى كۆمپانیاكان هی پارتى و یه‌كێتین.
له پرسی بازاڕ و بازرگانی، له كوردستان كۆمه‌ڵێك ناوی دیاری بازرگان و ده‌وڵه‌مه‌ند هه‌ن، به‌ڵام ئه‌وانه پشتگیری به‌رپرسانی باڵای حزبیان هه‌یه تا ئاستى كه‌سانی بڕیاربه‌ده‌ست، ئیتر خزاونه‌ته ناو هه‌موو جۆره بازرگانییه‌ك هه‌ر له جگه‌ره بگره تا ده‌گاته ده‌رمان، چۆن ئه‌مه چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن؟
یه‌كه‌م ده‌بێ پێوه‌ندی نێوان حزب و حكوومه‌ت رێك بخرێت نه‌ك به‌مجۆره‌ى ئێسته هه‌یه، جگه له‌مه به‌رپرسانی حزبی ئه‌گه‌ر كاری بازرگانی ده‌كه‌ن ئه‌وان نابێت ده‌ستوه‌رده‌نه كاروباری حكوومه‌ت، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌وه چاره‌سه‌ر نه‌كه‌ین، كه‌واته چاكسازیمان نه‌كرد.
بیر له‌وه كراوه‌ته‌وه رێیه‌ك بدۆزرێته‌وه بۆ گه‌یاندنى سكاڵای هاووڵاتییان و فه‌رمانبه‌ران، چونكه زۆر هه‌یه ده‌یه‌وێ سكاڵا دژی گه‌نده‌ڵی تۆمار بكات، به‌ڵام رێیه‌ك نییه و كه‌سیش نییه بیپارێزێت؟
بۆ كابینه‌ى نوێ بیرۆكه‌ی باش هه‌یه، له‌وانه دروستكردنى نووسینگه‌ى سكاڵا كه راسته‌وخۆی پێوه‌ندییان به سه‌رۆك وه‌زیران ده‌بێت.
ده‌سته‌ى ده‌ستپاكی وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی كارا نابینرێت، ئه‌و رۆڵه‌ى نه‌بینیوه كه خه‌ڵك چاوه‌ڕێی لێی هه‌بوو، بۆچی؟
ده‌بێ ئه‌و دامه‌زراوانه چالاك بكرێن، كه له رابردووش‌دا ئه‌و رۆڵه‌ى نه‌بینیوه، به‌شێكی پێوه‌ندی به پارتى و یه‌كێتی هه‌بووه و به‌شه‌كه‌ی تریشی پێوه‌ندی به ده‌سته‌كه هه‌بووه، وه‌ك ئێمه‌ش له په‌رله‌مان بووین كه‌موكوڕیمان هه‌بووه و ده‌كرا باشتر بین.
*
له قۆناغی رابردوو تاكلایه‌نه ده‌ستمان به چاكسازی كرد، هه‌ندێك شت روویان دا كه رۆژگاری خۆی هات باسی ده‌كه‌م، بۆیه پرۆسه‌كه وه‌ستا.
*
چاكسازی له كه‌رتى پۆلیس و ئاسایش و دادگاكان نه‌كرێت، ناتوانرێ به‌ره‌و پێشه‌وه بچین.