بكەری تەقینەوەكانی كەركووك ئاشكرا دەبن

:: PM:02:18:01/06/2019 ‌
ئەمڕۆ شەموو یەكی حوزەیران، سەرچاوەیەكی بەرپرس ئاشكرای كرد، زانیارییان لە بارەی ئەو كەسەوە دەست كەوتووە كە تەقینەوەكانی شەوی پێنجشەمی رابردووی لە كەركووك ئەنجام دا.

بەرپرسەكەی سەركردایەتی پۆلیسی كەركووك دەڵێ، دەستیان بە هەندێك تۆماری ڤیدیۆی چاودێری گەیشتووە، تێیدا ئۆتۆمبێلێكی تۆیۆتای رەنگ سپی دەردەكەوێت، لە دواوە چەندان سەبەتەی زبڵدانی گەورەی هەڵگرتبوو، هەر ئەوانەش بوون لە كەركووك تەقینەوە.

سەرچاوەكە كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید"ی لەندەنی كردووە، گوتی "مادەی تەقینەوەكان لەناو سەبەتەی زبڵەكان دانرا بوون و لە كەركووكدا بڵاویان كردنەوە، بۆیە جگە لەو شەش تەقینەوەیە، ئەوا هێزە تەناهییەكان دوو هەوڵی تری تەقینەوەیان پووچەڵ كردەوە كە ئەوانیش لەناو سەبەتەی زبڵ بوون".
 
زیاتر گوتی "ئۆتۆمبێلەكە دوو ژمارەی لای پۆلیس هەیە و جێگیرە، هەوڵی ئاشكراكردنی ژمارەكانی تر دەدەین، گومانیش دەكەین ئۆتۆمبێلەكە كەركووكی جێهێشتبێت".

 جێی باسە شەوی پێنجشەمی رابردوو شەش تەقینەوە كەركووكیان هەژاند و بەهۆیەوە دەیان قوربانی لێ كەوتەوە، ئەگەرچی پێش روودانی هێزە تەناهییەكان هۆشدارییان دابووە خەڵكی كەركووك لە دیدەنیی كەسانی نەناسراو.


وشە - فه‌رمان سادق