هەوار جەوهەر: هەوڵم دا بە وەرگێڕانی كلیلی سارا كارێكی ئەدەبی ناوازەی تەواو ژنانە بكەم


لە وەرگێڕانی كتێب باوكم هاوكارمە


هەوار جەوهەر داراغا لە دیمانەیەكی كورتی "وشە"دا باس لە ئەزموونی خۆی دەكات لە بواری وەرگێڕان، كە چۆن لە بواری وەرگێڕانی دەستبەجێی رێكخراوەكان بووەتە وەرگێڕێكی ئەدەبی. لەبارەی رۆمانی "كلیلی سارا"یش دەڵێ‌، "هەوڵم دا بە وەرگێڕانی ئەم رۆمانە كارێكی ئەدەبی ناوازەی تەواو ژنانە بكەم".


 هەوار جەوهەر داراغا لە دیمانەیەكی كورتی "وشە"دا سەرەتا هەوڵی دا وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە كە بۆچی ژمارەی ژنان لە بواری وەرگێڕانی كتێب كەمە، ئەو لە وەڵامدا گوتی "هەڵبەتە وەڵامی تەواوی  ئەم پرسیارە شیكردنەوەیەكی دوور و درێژی دەوێ‌، بەڵام من تەنیا دوو تەوەر دەورووژێنم هەرچەندە پێ دەچێ بۆچوونەكانم كاڵتر بن لە ژنانی ناوەوەی كوردستان، چونكە من ماوەیەكی زۆرە لە دەرەوە دەژیم. بە بڕوای من هۆكارێكیان بابەتی ژنبوونە بە هەموو رەهەندەكانی ئەم پرسەوە، لێرەیشدا بوار نییە ئەم كێشەیە شی بكرێتەوە،  وەك دەزانین بواری وەرگێڕان تەنیا چەند ساڵێكە بووژاوەتەوە، بۆیە من گەشبینم و پێم وایە ژنان لەم بوارەیشدا پێ دەگەن، هۆكارەكەی تریش ئەوەیە نەبوونی پاڵپشتی دەوروبەرە، خۆی وەرگێڕان هونەرێكە لە وشەسازی و رستەسازی گواستنەوەی هەست و مەبەستی نووسەری راستەقینەی دەقەكە. ئەم هونەرەیش پێوستی بە یارمەتی كەسانی شارەزای بواری خۆی هەیە، كەسانێك بن ئامادە بن خۆبەخشانە و بەبێ‌ بەرامبەر لایەنی كەم لە سەرەتای وەرگێڕان یارمەتیدەر بن لە كاری وەرگێڕانەكە، ئەگەر نا كاری وەرگێڕانەكە كرچوكاڵ دەبێت.

ئەو هاوكارەی كە هەوار باسی دەكات و بەپێویستی دەزانێ‌ بۆ هەر كەسێك كە سەرەتا دەست بە وەرگێڕان بكات، خۆی هەیەتی، ئەویش وەرگێڕی بە ناوبانگی كورد جەوهەر داراغایە كە هاوكات باوكی هەوارە، لەگەڵ ئەوەشدا هەوار خۆی كاری وەرگێڕانی دەستبەجێ/زارەكی دەكات و ئەمەیش پیشەی سەرەكی خۆیەتی. لە قسەكانی بۆ "وشە" هەوار گوتی "لەبارەی خۆم، ژنبوونم جیام ناكاتەوە لە وەرگێڕانەكانی تر، وەك كاری ئەدەبیش رۆمانێكی 500 لاپەڕەییم لە زمانی فڕەنسییەوە بۆ كوردی/ زاراوەی سۆرانی وەرگێڕاوە، بێگومان بە هاریكاری جەوهەر مەحموود داراغای باوكم بوو كە پێداچوونەوەی بۆ دەقە كوردییەكە كرد. لەلایەكی ترەوە نزیكەی سێ ساڵە وەك وەرگێڕی دەستبەجێی سەر بە دوو رێكخراو كار بۆ دەزگە حكوومییەكانی باشووری فڕەنسا دەكەم".

رۆمانی" كلیلەكەی سارا" كە لەلایەن تاتیانا رۆزنا نووسراوە، لەلایەن هەوار وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی، بەهۆی ئەوەی باوكی هاوكاری كردووە، لە وەرگێڕانەكەی ناوی باوكیشی نووسراوە و واتە لەسەر بەرگی كتێبەكە وا نیشان دەدرێت كە وەرگێڕانەكە بە هاوبەشی كراوە. هەوار بۆ "وشە" باسی لەم ئەزموونە كرد و گوتی، "ئەزموونی كاركردنم لەسەر كلیلكەی سارا كەمێك ناوازەیە، لە یەكێك لە سەردانەكانی خێزانەكەمان بۆ لامان لە فڕەنسا باوكم پێشنیاری ئەوە بۆ كردم دەست بە كاری نووسین بكەم و ئەگەریش وەرگێڕان بكەم، ئەوا یارمەتیشم دەدات، منیش لەو كاتەدا بەهۆی منداڵبوونمەوە نەمتوانی، بەڵام دواتر كە گەڕامەوە زانكۆ دەستم بە خوێندنی زمان كردەوە، دای تێپەڕبوونی چەند مانگێك بڕیارم دا رۆژانە چەند سەعاتێك كار لەسەر وەرگێڕان بكەم. رۆژانەیش پێوەندیم لەگەڵ خێزانەكەم لە سلێمانی هەبوو. باوكم تێیگەیاندم بۆ خوێنەری كورد و دنیای ژنان، پێویستە كارێكی ئەدەبی ناوازەی تەواو ژنانە بكەم، منیش بەدواداچوونم بۆ كارەكانی ژنە نووسەری فڕەنسی/ئینگیزی تاتیانا دی رۆزی كرد. دەزگەكانی فڕەنسا رەتیان كردبووەوە رۆمانەكەی بڵاو بكەنەوە، چونكە سەرزەنشتی فڕەنسییەكان خۆیانی تێدایە، لەبارەی ئەو تاوانانەی دژ بە جووەكان كراوە، دوای چەند ساڵێك نووسەر لە دەرەوەی وڵات بە زمانی ئینگلیزی چاپی دەكات و چەندان خەڵاتی وەرگرت و كرا بە فیلمیش".

 هەوار جەوهەر لەسەر تێبینییەكانی و چۆنیەتی وەرگێڕانی رۆمانەكە بەردەوام دەبێت و دەڵێ‌، "خوێندنەوەی یەكەمم بۆ رۆمانەكە سەرسامی كردم، ئاخر چۆن ئەو ژنە نووسەرە كە هەرگیز لە ەنگ و ترسناكی نەژیاوە، لە توانای هەبووە ئەو هەموو وشە تایبەتە لەبارەی تۆقین و دڵەڕاوكێ‌ بخاتە سەر زاری كارەكتەرەكانی.  ئیتر ئێمە دەستمان پێ كرد، وەرگێڕانەكەی هەشت مانگی خایاند".

لەبارەی شێوازی هاوكارییەكەی جەوهەر داراغای باوكی، هەوار گوتی "من رۆژانە بەشێكم لە تێكستەكە وەردەگێڕا و بە ئیمەیل بۆ باوكم دەنارد، دواتریش ئەو لە رێی سكاپیەوە چاكسازی و رستەسازییەكانی بۆ چاك دەكردمەوە، بۆیە باوكم هاوكارێكی سەرەكی من بوو لە وەرگێڕانەكە، سەرسامم بە سووربوون و بەردەوامیی لە پڕۆژەكانی، هەروەها سەرسامم بە وشەكانی كە چەشنی مرواری پوختە و جوان لە ناو دەقەكانی ریزیان دەكات".

 لە كۆتایی قسەكانی هەوار جەوهەر باسی لە رۆڵی خێزانەكەی كرد لە كارەكانی و گوتی، "هەمیشە خێزان كاریگەری بەسەر هەموو تواناكانم هەبووە، ئێمە هەمیشە كتێبخانەمان لە ماڵەوە هەبووە، ئەمەیش هاندەر بۆ خوێندنەوە".



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل


PM:03:13:05/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌