دوای جیابوونەوەی هاوسەران بینینی منداڵ گرنگترین كێشەی دایكان و باوكانە

:: PM:01:15:07/06/2019 ‌
كۆمەڵێك لەو پیاوانەی كە لە هاوژینەكانیان جیا بوونەتەوە، خۆیان بەستەم لێكراوی دەستی هاوژینەكانیان دەزانن و دەڵێن هاوژینەكانیان پاش خۆیان منداڵەكانیشیان لێ كردوون، مافناسێكیش دەڵێ دەبێ لێپرسینەوە لە دایك یا باوك بكرێ كە دەبنە بەربەست لە بەردەم بینینی ئەوی تریان.

فەرهاد محەمەد كارمەندی هاتوچۆیە و یەكێكە لەو باوكانەی بینینی منداڵەكەی لەپاش جیابوونەوە بووەتە خۆزگە و ئاوات. ئەو بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، هاوژینەكەی داوای جیابوونەوەی لەو كرد، پرسیاری ئەوەش دەكات كاتێك یاسا رێی داوە منداڵەكەی ببینێت، بۆچی رێگری بكرێت.

ئەو بە خەمناكی گوتی "وابڕیارە 15 رۆژ  جارێك منداڵەكەم ببینم، بەڵام جاری وایە بە ساڵیش نایبینم و هەرچەند سكاڵاش دەكەم هیچ سوودێكی نییە بۆم، چونكە وا هەست دەكەم لایەنگری ژن دەكرێ، باشترین بەڵگەش ئەوەیە دەیان جار پەنجەمۆری كردووە كە رێم بدات منداڵم ببینم، كەچی رێ نادات و كەسیش لێپرسینەوەی لەگەڵ ناكات، هەرچەند بەڵێننامەشی پێ پڕ كراوەتەوە كە رێ بدات منداڵم ببینم، بەڵام بەو جۆرە بۆی چووەتە سەر و لە ترسی دایكی و كەسوكاری دایكی ناوێرێ من ببینێ."

جاری وا هەبووە ئەو پیاوە بۆ چەند سەعاتێك منداڵەكانی لەگەڵ خۆی بردووە، بەڵام وەك باسی دەكات خێرا دایكی منداڵەكان گوشاری دەخاتە سەر و یەكێتی ژنان ئاگادار دەكاتەوە بۆ ئەوەی منداڵەكەی بۆ ببەنەوە. 

حوسێن ئەحمەد دانیشتووی شارەدێی رزگاری سەر بەشارۆكەی كەلار، وەك باوكێك بۆ "وشە" ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، لە ساڵی 2004 لە هاوژینەكەی جیا بووەتەوە و تا 2010 زۆر بە ئەستەم توانای بینینی منداڵەكانی هەبوو لە یەكێتی ژنان كە كوڕ و كچێك بوون، زۆر جار دایكەكە نەیانی دەهێنا بۆ ئەوەی بیانبینێت و هەندێك جاریش یەكێكیانی دەهێنا.

ئەو دەڵێ تا ساڵی پار واتا بۆ ماوەی هەشت ساڵ منداڵەكانم نەبینی، ساڵی پار منداڵەكانم بینی ئەویش پاش ئەوەی دادوەرێك ئاگاداری كردمەوە كە منداڵی باوك و دایك لەیەك جیابووەوە لە ماوەی شەو و رۆژێكدا بۆیان هەیە یەكتر ببینن، بۆیە سكاڵای لەسەر ژنەكەی تۆمار كرد.

دواتر دادگا رێی دا ئەو پیاوە منداڵەكانی ببینێت و بۆ ئەوەش لە دادگا نووسراو كرا بۆ بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژ بە ژنان. بەگوتەی حوسێن دایكەكە منداڵەكانی هان دابوو حەز نەكەن باوكیان ببینن. كوڕەكەی كەناوی "عەلی"یە ددانی بەو راستییەدا نا .

باوكەكە گلەیی لەوەش دەكات كە هاوژینەكەی پێشووی كچەكەی داوە بە شوو بێ ئەوەی پرسی پێ بكات و گوتوویەتی باوكی مردووە. تەمەنی عەلی كوڕی 15 ساڵ و كچەكەشەی 17 ساڵە.

شوكریە غەفوور بەرپرسی لقی گەرمیانی یەكێتی ژنانی كوردستان، دەڵێ بارەگاكەیان بووەتە جێی بینینی ئەو منداڵانەی كە باوك و دایكیان لە یەكتر جیا بوونەتەوە. زیاتر روونی كردەوە، بینینی منداڵ لای ئەوان كە گەیشتە تەمەنی 12ساڵ پرسی پێ دەكرێ و منداڵەكەش خۆی سەرپشكە بڕوات بۆ لای دایكی یان باوكی، بۆ ئەوەش هەموو 15 و یەكی مانگ كاتی بینینی منداڵە لەلایەن دایك و باوكانەوە.

بۆ بینینی منداڵ جگە لە باوكان دایكانیش گلەییان هەیە، بە هەر شێوەیەك بێ ئەوانەی كە منداڵەكەیان لایە هەوڵ دەدەن وا لە منداڵەكە بكەن باوكەكە یان دایكەكە نەبینێ. شوكریە دەڵێت "ئێمە هەوڵ دەدەین هەر زانیارییەك بزانین بە دادگای بدەین." 

سەنتەری بەرەنگاربوونەوەی خێزانی سەر بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، كاری كرد بۆ ئەوەی بینینی منداڵ لەلایەن باوك ودایكان ببەنە لای خۆیان، بەڵام سەركەوتوو نەبوون، بۆیە هەر لە لای یەكێتی ژنان ماوەتەوە.

دڵپاك محەمەد كە مافناسە بۆ "وشە" ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، باوك لە پاش جیابوونەوەش سەرەڕای ئەوەی بۆی هەیە چاودێری كاروبار و پەروەردەی منداڵەكەی بكات، لە هەمان كاتدا مافی بینینی منداڵەكەشی پێ دراوە .

بۆ ئەوەش گوتی، بڕگەی چوار لە مادەی 57ی یاسای باری كەسێتی ژمارە  188ی ساڵی 1959ی هەمواركراو ئەم بابەتەی وەك مافێك لە پاش جیابوونەوە بە باوكەكە داوە، بەڵام دەبێ كاتی دەركردنی بڕیاری  "بینین"ی دادگا رەچاوی تەمەنی منداڵەكە بكات لەبەر ئەوەی بینین لە ماوەی شیرەخۆریدا لە مانگێدا دوو جار دەبێت، بەڵام ئەگەر منداڵەكە شیرەخۆر نەبوو، مانەوەی منداڵ لەلایەن باوكی هەفتانە دەبێت و بۆ هەر جارێك 24 سەعات بەسەریەكەوە  دەبێت، واتە ئەم مافە مافێكی جێگیرە و بەپێی یاسا بە باوكەكە دراوە، لە هەمان كاتدا ئەگەر دایكەكە بێ هیچ پاساوێكی ڕەوا ئەم مافەی پێشێل كرد و نەیهێشت یان رێگریی كرد لە بینینی منداڵەكەی بەرانبەر باوكی, لێرەدا یاسا دەسەڵاتی بە جێبەجێكاری داد داوە بە نووسراوی فەرمی دایكەكە ئاگادار بكرێتەوە لە دووبارە نەكردنەوەی رێگری و سەرپێچی، ئەگەر هات و دایكەكە هەمان رێگری و سەرپێچی كرد، دادگای تایبەتمەند دەتوانێ بڕیار دەربكات بۆ ماوەی یەك مانگ منداڵەكە لە دایكەكە دوور بخاتەوە و بیدا بەو كەسەی بە پێی یاسای بەركار ئەو مافەی پێ دراوە.

ئەو مافناسە بەنیگەرانییەوە ئەوەشی گوت، بەداخەوە هەرچەندە زۆر دایكی باش و تێگەیشتوو هەن، بەڵام لە دوای جیابوونەوەش هیچ دەستێوەردانێكی خۆپەرستی و تاكلایەنەی نابێت بەرانبەر ئەو پێوەندییەی لە نێوان باوك و منداڵەكەدا هەیە ـ لە پاڵ ئەم دایكە باشانە، بەداخەوە كەم نین ئەو دایكانەی بڕیاری دادگا ڕەت دەكەنەوە و لە كات و وادەی دیاریكراودا منداڵەكە ڕادەستی باوكەكە ناكەن. 

بە بۆچوونی مافناسەكە بۆ رێگریكردن لەم كێشەیە و بە ئاگاهێنانەوەی دایكەكە، ئەگەر دەمودەست دادگا  بڕیاری خۆی دەربكات و سزای مادە یاساییەكە بەرانبەر بە دایك جێبەجێ بكات، ئەو كاتە نە باوكەكە مافی پێشێل دەكرێت و نە منداڵەكەش وەك چەكێك لەو ناوەندە دژی باوك بەكار دەهێنرێت.

بەپێی یاسای باری كەسێتی ئەو باوكانەی كە لە خێزانەكانیان جیا بوونەتەوە، مافی بینینی منداڵەكانیان هەیە، پێشتر كە لە مانگێكدا دوو جار باوك یان دایك دەیانتوانی منداڵ ببینن، ئێستە زیاتر لەو ماوەیە لە هەفتەیەك بۆیان هەیە 24 سەعات منداڵ ببینن.

جگە لەمە ئەگەر هەرلایەك رێگر بوو بەرانبەر ئەوی تر لە بینینی منداڵەكە و كەسێك خۆی بەستەم لێكراو زانی، دەتوانێت سكاڵا بكات بۆ گەڕاندنەوەی منداڵەكە بۆ لای خۆی. مافناسەكە وێڕای خستنەڕووی ئەم تێبینییانە گوتی،  وەك جێبەجێكاری داد هەرچییەكیان لەسەر شان بێ بۆ كارئاسانی خێزانەكان دەیكەن.

وشە/ سەبری هۆرێنی



وشە - وشه‌