رواندز.. منداڵێك خنكا و تا ئێستە تەرمەكەی دیار نییە

:: PM:01:28:08/06/2019 ‌

مێرمنداڵێكی دانیشتووی هەولێر ئێوارەی دوێنێ لە یەكێك لە ناوچە گەشتیارییەكانی شارۆكەی رواندز خنكا و تا ئێستەش تەرمەكەی نەدۆزراوەتەوە.

ئەمڕۆ شەموو هەشتی حوزەیران، عەمید عیماد رێكانی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران بە "وشە "ی راگەیاند، ئاگادار كراینەوە لە هەبوونی رووداوێكی خنكان لە هاوینەهەواری بێخاڵ لە شارۆكەی رواندز،  دەستبەجێ تیمەكانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و زانرا مێرمنداڵێك لەناو ئاوەكەدا خنكاوە، بەداخەوە تا ئێستە نەتوانراوە تەرمەكەی بدۆزرێتەوە.

بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران دەڵێ، مێرمنداڵەكە ناوی "عەبدولباست یونس "ە و تەمەنی 10 ساڵانە و بە ڕەگەز عەرەبە و دانیشتووی گەڕەكی 21 گوڵانی شاری هەولێرە، بە مەبەستی گەشت و سەیران روویان كردووەتە رواندز و بێخاڵ، بەداخەوە بەهۆی ئەوەی مەلەی نەزانیوە لە ئاوەكەدا خنكاوە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، تیمەكانی مەلەوانیمان لە ناوچە گەشیارییەكان بڵاوە پێكردووە و هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ دۆزینەوەی تەرمی منداڵەكە، داواشی لە گەشتیاران كرد دوور بكەونەوە لە مەلەكردن لە رووبارەكە بەتایبەت لەو شوێنانەی مەترسییان هەیە و دەڵێت،  تابلۆی ئاگاداركردنەوەشمان هەڵواسیوە و پێویستە پابەندی رێنوێنییەكانمان بن. 

بەهۆی هەڵكەوتەی دەڤەری سۆران و هەبوونی رێژەیەكی زۆری شوێنی گەشتیاری و تاڤگە، ساڵانە گەشتیارێكی زۆر لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان روویان تێدەكەن، تەنیا لە ماوەی رۆژانی جەژندا 25 هەزار گەشتیار روویان لە سۆران و رواندز و چۆمان و مێرگەسۆر كردووە.

رواندز – موڕشید برادۆستی



وشە - هیدایه‌ت جان