خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان لە رێی چەند دەرمانێك شێرپەنجە بڵاو دەكەنەوە

:: PM:03:08:08/06/2019 ‌

پزیشكێكی ڤێتەرنەری ئاماژە بە بەكارهێنانی دوو جۆرە دەرمانی مەترسیدار لە كێڵگە پەلەوەرییەكانی كوردستان دەكات كە بەهۆیانەوە نەخۆشییەكانی دڵ و شێرپەنجە بڵاو دەبنەوە. بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانیش بێ ئاگایی خۆی لە بەكارهێنانی ئەو دەرمانانە لە كێڵگەكان پێشان دەدات.

ئەمڕۆ شەموو هەشتی حوزەیران، دكتۆر حەكیم عەبدولكەریم پزیشكی ڤێتەرنەری بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كێڵگە پەلەوەرییەكان لە ماوەی گەورەكردن و پێگەیاندنی مریشك دوو جۆر مادە بەكار دەهێنن بۆ مریشكەكان تا كاتی شكاندنی هۆڵی مریشكەكان و خستنە بازاڕیان، ئەو دوو مادەیە یەكێكی ڕێ پێدراوە، بەڵام لە ژێر چاودێری تەندروستی و پزیشكی ڤێتەرنەری نەك خۆیان بەكاری بهێنن.

زیاتر روونی دەكاتەوە، یەك لە مادەكان ئەنتی بایۆتیكە و پێویستە بە وردی لە لایەن پزیشكی ڤێتەرنەری چاودێری بكرێت لە هۆڵەكانی گەورەكردنی مریشك و پێش شكاندنی هۆڵەكان و خستنەبازاڕیان، دەبێت پزیشكی ڤێتەرنەری پشكنین بكات بۆ ئەو هۆڵە و نابێت پێش سێ بۆ 10 ڕۆژ بە هیچ جۆرێك ئەو مادەیە درابێتە مریشكەكان، چونكە نەخۆشیی شێرپەنجە و نەخۆشییەكانی تری دڵ دروست دەكات.

"مادەیەكی تر هەیە كە بەشێك لە كێڵگەكان بەبێ ئاگاداری لیژنەكان بەكاری دەهێنن و ڕێ پێدراو نییە و بگرە بە قاچاخ هاوردە دەكرێت، ئەویش دەرمانێكی زەردە بە ناوی شیرولازۆڵیلۆن، ئەویش دەرمانێكی مەترسیدارە، ڕێكخراوە جیهانییەكانی بواری تەندروستی قەدەغەیان كردووە، بەڵام لێرە بە قاچاخ دەفرۆشرێت و بەكاریش دەهێنرێت". د. حەكیم وای گوت.

سۆران غەفوور بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تەواوی كێڵگە پەلەوەرییەكان لە لایەن لیژنەی تایبەت كە پێكهاتووە لە ڤێتەرنەری و كشتوكاڵ و تەندروستی و قایمقام و ئاسایشی ئابووری و لایەنە پێوەندیدارەكانی ترەوە، چاودێری دەكرێن و سەرۆكی لیژنەكەش پزیشكی ڤێتەرنەرییە.

دووپاتی دەكاتەوە، ئەو لیژنەیە بەردەوام پشكنین بۆ كێڵگەكان دەكات و بەپێی مەرج و ڕێنوێنییەكان دەجووڵێنەوە و هیچ كێڵگەیەكیش بۆی نییە سەرپێچی بكات و دەرمانێك بەكار بهێنێت كە مەترسیدار بێت یان ڕێ پێدراو نەبێت.

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی دەڵێ، تا ئێستە بۆ حاڵەتی پێدانی ئەنتیبایۆتیك و دەرمانی شیرولازۆ لیلۆن هیچ خاوەن كێڵگەیەك سزا نەدراوە و دانەخراوە، باسی لەوەش كرد، ئاگاداری ئەو جۆرە دەرمانە نییە كە ڕێ پێدراو نییە و بە قاچاخ هاوردە كراون.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان