تەرمی كچەكەی دهۆك دۆزرایەوە

:: PM:04:15:08/06/2019 ‌
تەرمی كچێكی مێرمنداڵ لە سەنتەری شاری دهۆك دۆزرایەوە كە ماوەی سێ ڕۆژە ون بووە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دهۆكیش رای گەیاند كە تا ئێستە هۆكاری گیان لەدەستدانی ئەو كچە نەزانراوە و پۆلیس بەدواداچوون دەكات.

هێمن سلێمان بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، تەرمی كچێك لە سەنتەری شاری دهۆك دۆزرایەوە كە ماوەی سێ ڕۆژە ون بووە.

ئەو گوتی، سێ ڕۆژ بەر لە ئێستە كەسوكاری كچێك بەناوی دلین وەلید لە شاری دهۆك پۆلیسیان ئاگادار كردەوە كە كچەكەیان نادیارە، بۆیە پۆلیسی دهۆك دەستی بە لێكۆڵینەوە و سۆراغی كچەكە كرد، ئەمڕۆ تەرمی ئەو كچە لە نزیك یاریگای نێودەوڵەتی دهۆك لەناو باخێكدا دۆزرایەوە و گیانی لەدەست داوە.

تا ئێستە هۆكاری گیان لەدەستدانی ئەو كچە دیار نییە، بەڵام پۆلیسی دهۆك لێكوڵینەوەی لەو رووداوە دەست پێ كردووە و تەرمی كچەكەیش رەوانەی پزیشكی داد لە دهۆك كراوە بۆ ئەوەی توێكاری بۆ بكرێت.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم