لەسەر كوژرانی گەنجەكەی چاڤی لاند زانیاری نوێ‌ ئاشكرا كرا

:: PM:03:49:09/06/2019 ‌
بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لەبارەی كوژرانی گەنجێك لە چاڤی لاند ڕوونكردنەوە دەدات و ڕای دەگەیەنێت، چەند كەسێك لەسەر ئەو دۆسیەیە گیراون.

شەوی‌ پێنجشەمی ڕابردوو كە هاوكاتە لەگەڵ سێیەم رۆژی‌ جەژنی رەمەزان، لە رووداوێكی‌ شەڕكردندا لە بەردەرگای یەكەمی چاڤی‌ لاند گەنجێكی تەمەن 18 ساڵ بەناوی‌ (ع، ح، ع) كوژرا.

ئەمڕۆ یەكشەم نۆی حوزەیران، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕای گەیاندووە، لە سەرەتای ئاگاداركردنەوەی هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی لە ڕووداوی كوشتنی گەنجەكە، دەستبەجێ‌ هێزەكانی پۆلیسی فریاكەوتن گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەكە و گەنجەكە بەبرینداری بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە و بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەست داوە.

روونیش كراوەتەوە كە تا ئێستە توانراوە سێ‌ تۆمەتبار بەناوەكانی (ن ، ح ، ج - ژ ، ن ، ح - أ ، ع ، ع ) بگیرێن و ڕادەستی بنكەی پۆلیسی ئازادی بكرێن بۆ لێكۆڵینەوەی زیاتر لە ڕووداوەكە.

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی هاووڵاتییان دڵنیا دەكاتەوە كە كار لەسەر هەمو سكاڵاكان دەكەن ‌و داكۆكی لەمافی سكاڵاكاران دەكەن بەپێی رێكارە یاساییەكان.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم