میلیشیاكان لە رێگەی قاچاغ و بازرگانی چەكەوە عێراق وێران دەكەن

:: PM:05:07:09/06/2019 ‌

ناوە ناوە گوێبیستی جەنگی نێوان هۆز و بنەماڵەكان دەبین تا رادەیەك خەریكە بڵاوبوونەوەی چەك و تەقەمەنی لە عێراق وەك كەوتنەوەی ئاگری لە پووشەڵان لێ هاتووە، هۆكارەكەیشی سەرەڕای دۆخی دەروونی داڕووخاوی خەڵك، ئەو چەكەیە كە بەئاسانی دەست خەڵكەكە دەكەوێت بێ بوونی هیچ چاودێرییەك، بۆیە جیا لەو پلانەی هەیە بۆ بەسەربازیكردنی كۆمەڵگەی عێراقی و بڵاوكردنەوەی پشێوی تیایدا، ئاخۆ ئەو چەكە بەو شێوەیە و بەو بڕە چۆن لەناو كۆمەڵگای عێراق بڵاو بووەتەوە؟

لە دوای 2003ەوە عێراق بڵاوبوونەوەیەكی بێ وێنەی چەك لە دەرەوەی چوارچێوەی دامەزراوە تەناهییەكان بەخۆیەوە دەبینێت، عەباس كازم ئەفسەر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق كە لە جبەخانەی چەك كاری كردووە لەوبارەوە دەڵێت، ژمارەی ئەو پارچە چەكانەی لە دەزگە تەناهییەكانی عێراقەوە دزەی كردووە بەرەو بازاڕی رەش نزیكەی 190 هەزار پارچە چەكە. 

زیاتر گوتی، ئەو ئامارە بۆ ساڵانی 2003-2006 دەگەڕێتەوە كە دەمانچە رەشاشی وەك كلاشنكۆڤ و ئێم16 و ئێم4 دەگرێتەوە كە لە هەندێك حاڵەتدا كارمەندانی تەناهی چەكەكانی یەكەی خۆیان فرۆشتووە و هەڵاتوون، هەروەها ئەو چەكانە لە نرخی خۆیان هەرزانتر فرۆشراون و ئێستەش زۆرێك لەو چەكانە بەدەستی میلیشیا و هۆزەكانە كە تا ئەمڕۆ بۆ شێواندنی دۆخی تەناهی بەكار دێنن. هاوكات لە ماوەی نێوان 2014-2018 گەورەترین لێشاوی چەكفرۆشتن قاچاغی چەكی بەخۆیەوە بینی لە عێراق لە رێگەی پرۆسەی ئاڵۆزەوە كە میلیشیاكانی سەر بە پارتە ئیسلامییەكانی نزیك لە ئێران بەڕێوەی دەبەن و ئێستەش كەس ناتوانێت بە رووی ئەوانەوە بوەستێتەوە، چونكە ئەوان مۆڵەتی فەرمی هەڵگرتنی چەكیان هەیە بەناوی حەشدی شەعبییەوە.

روونی كردەوە، جەنگی داعش هەلێكی باشی رەخساند بۆ بازرگانی و قاچاغی چەك بۆ ناوخۆ و دەرەوەی عێراق، بەتایبەتی لە هەندێك لە جەنگەكان هێزە تەناهییەكان تەواوی چەكەكانیان لەدەست دا و كەس نازانێت بۆ داعش چووە یان بۆ حەشدی شەعبی؟، بەگشتی گەندەڵییەكی گەورە لە دەزگا تەناهییەكان هەیە بەتایبەتی پۆلیسی ناوخۆیی كە بری كەمتری چەك و تەقەمەنیان پێ دەدرێت، كەمتر لەوەی واژووی وەرگرتنی دەكەن و هەڕەشەی گواستنەوەیان لێ دەكرێت ئەگەر قسە بكەن. 

لەوكاتەی مونتەزەر لازم ئەفسەر لە پۆلیسی بەسڕە ئاماژە دەكات كە هۆزەكانی بەسڕە بەتەنیا ئەوەندە چەك و تەقەمەنیان لایە كە بەشی دوو فرقەی سەربازی دەكات، واتە 10 هەزار سەرباز و ئەوان تەنیا تانكیان نییە.

شوێنەكانی فرۆشتنی چەك لە عێراق زۆرن، بەڵام دیارترینیان بازاڕی مریدییە لە شاری سەدر لە رۆژهەڵاتی بەغدا كە محەمەد تەقی خاوەن دووكانێكی فرۆشتنی چەك دەڵێت، ئێستە دەستكەوتنی چەك لە عێراق زۆر ئاسان بووە و چەندان رێگە هەیە بۆ دەستخستنی یان هێنانی، گرنگترین رێگە دەروازە سنوورییەكان بەتایبەتی لەگەڵ ئێران كە هیچ چاودێریەكی لەسەر نییە و ئەگەر ئاشكراش بێت لە رێگەی حەشدی شەعبییەوە یان بەرتیل تێپەڕ دەكرێت.

زیاتر گوتی، رێگەیەكی تری دەستكەوتنی چەك دزینیەتی لە یەكە سەربازییەكان لە ناوچە گەرمەكان كە هیچ حیسابێك بۆ ئەو تەقەمەنیانە ناكرێت كە لە جەنگ بەكار دەهێنرێن، بۆیە بەئاسانی دەبردرێنە دەرەوە.

زانیارییەكان باسی ئەوە دەكەن كە زۆرینەی ئەو چەكەی بەقاچاغ دێتە ناو عێراق لە رێگەی بەندەرەكانی بەسڕە و سنوورەكانی ئێران لە بەسڕە دێت، حەمید موحسین كە لە بەندەری ئوم قەسڕ كار دەكات دەڵێت، بەندەرەكە بووەتە دەوڵەتێك لەناو دەوڵەت و كەس ناتوانێت ئەو مافیانەی كۆنتڕۆڵی بەندەرەكە دەكەن، تێپەڕیان بكات بەتایبەتی گرووپی عەسائیب ئەهلولحەق و نوجەبا و خوراسانی، و هەر شۆستەیەكی بەندەرەكە لەلایەن یەكێكیانەوە كۆنترۆڵ كراوە، روونی كردەوە، ئەو رێگەیەی ئەو گرووپانە قاچاغی چەكی پێ دەكەن ئاسان و ئاشكرایە لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە و كەس بوێڕی رێگرتنیان لێ ناكات كە رۆژانە دەیان حاویەی شەحنكراو دەگاتە بەدەرەكە و بێ پشكنین تێپەڕ دەكرێت و ئەوەشی رێگری بكات لەناوی دەبەن.

كارمەندێكی دەروازی سنووری شەلامچە لە سنووری پارێزگەی بەسڕە لەگەڵ ئێران دەڵێت، ئەو دەروازە سەرەكیترینە بۆ هاتنی كەلوپەلە قەدەغەكراوەكان بۆ عێراق لە مادەی هۆشبەر و چەك كە مانگانە پێنج حاویەی باركراو بەو مادانە دێتە ناو عێراق و كەس توانای كۆنترۆڵكردنی دەروازەكەی نییە.

لەیس عامر شارەزا لە كاروباری گرووپە چەكدارییەكان دەڵێت، ئێستە میلیشیاكان گرنگی بە قاچاغی چەك و تەقەمەنی چینی دەدەن كە لە رێگەی ئێرانەوە بەئاسانی دەستیان دەكەوێت و نرخەكەشی هەرزانە بە بەراورد بە چەكی ئەمەریكی و ئەروپی و ئەوان مانگانە تا سێ ملیۆن دۆلاریان دەست دەكەوێت و چەكەكانیش لە بازاڕی رەش وەك لە مریدی لە بەغدا و بازاڕی ناسڕیە سەرف دەكەن. 

دووپاتی كردەوە كە لەسایەی ئەو ئاڵۆزیەی تەناهییە لە عێراق هەیە، دوور نییە كە جەنگی ناوخۆیی لە ناوەڕاست و باشووری عێراق بەتایبەتی لە نێوان هۆزە چەكدارەكان بەچەكی قوڕس دروست ببێت، هەروەها فرەمیلیشیایی و جیاوازی لاگیریان و یەك نەبوونی بەرژەوەندییەكانیان و پەرەسەندنی ناكۆكییەكانیان بەرەو رووبەڕووبوونەوەی چەكداری هەموو ئەوانە نزیكن لە هەڵگیرسانی جەنگ.   




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل