دوا وادە بۆ حاجییان دیاری كرا

:: AM:11:53:11/06/2019 ‌
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات هەر حاجییەك پاسەپۆرتەكەی شەش مانگ ماوەی بەسەرچوونی مابێت، مافی گەشتكردنی ئەمساڵی بۆ حەج نابێت.

ئەمڕۆ سێشەم 11ـی حوزەیران، نەبەز ئسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كاروباری بەشی زۆری حاجییان بۆ ئەمساڵ تەواو بووە.

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتی، ئەو حاجییانەی پاسەپۆرتەكەیان شەش مانگی ماوەی بەسەرچوونی مابێت ئەوا ناتوانێت گەشتی حەجی ئەمساڵ بكات، هەروەها لە ساڵی ڕابردووش ئەو كێشەیە هەبوو.

هاوكات، ئەمڕۆ لە ئاگەدارییەكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە هاتووە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە ئاگەداری سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە دەكاتەوە كە ناویان بۆ سەفەری حەجی ئەمساڵ 2019 دەرچووە و لەبەر هەر هۆكارێك پاسەپۆرتەكانیان رادەستی بەڕێوەبەرایەتی حەجی پارێزگاكانیان نەكردووە، بە زووترین كات بۆ ئەم مەبەستە سەردانی ئەو بەڕێوەبەرایەتیانە بكەن.

لە ئاگەدارییە دوواین وادە بۆ رادەستكردنی پاسەپۆرتەكان رۆژی 16- 6 - 2019 و هەر كەسێك لەو وادەیە دوابكەوێت مافی سەفەركردن لە دەست دەدات و خۆی بەرپرسیارە.

بۆ گەشتی حەجی ئەمساڵ نزیكەی پێنج هەزار هاووڵاتی لە هەرێمی كوردستان ئەتوانن بەشداری بكەن.



وشە - رامیار جەواد