هاوكاریی كورد.. كارتێكی رووسیا لە دژی توركیا

:: PM:03:23:11/06/2019 ‌

 لەكاتێكدا رووسیا و رژێمی ئەسەد بە هێرشەكانیان بۆ سەر ئیدلب توركیا نیگەران دەكەن، شرۆڤەكارانی سیاسی پێشبینی ئەوە دەكەن، رووسیا هاوكاری هێزە كوردییەكان وەك كارتێكی گووشار لە دژی توركیا بەكار بهێنێ‌، چونكە توركیا هاوكاریی بەشێك لەو هێزە توندڕەوانە دەکات كە دەسەڵاتیان بەسەر ئیدلب سەپاندووە.


ماوەی شەش هەفتەیە بەردەوام هێزەكانی ئەسەد بە پاڵپشتی فڕۆكە جەنگییەكانی رووسیا بۆردمانی شاری ئیدلب دەكەن، بە ئامانجی ئەوەی ئەم شارە كۆنتڕۆڵ بكەنەوە كە بە دوایین پێگەی ئۆپۆزسیۆنی توندڕەوی سووریا دادەنرێت و  ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكرێت كۆمەڵێك گرووپی تیرۆریستی لە نموونەی بەرەی نوسرە كە سەر بە رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدەیە لەو شارە هەن، بۆیە ئامانجێكی تریش لێدانی ئەو گرووپانەیە.


 توركیا و رووسیا كە پێشتر لە بارەی سووریاوە تێگەیشتنیان هەبووە و چەندان رێككەوتنیان كردووە، پێشبینی دەكرێت ئەمجارە لە سەر ئیدلب تەبا نەبن، یەكەم بە هۆكاری ئەوەی توركیا كۆمەڵێك خاڵی چاودێری سەربازی لە ناوچەكانی ئیدلب هەیە، هۆكارێكی تریش ئەوەیە توركیا هاوكاری چەند گرووپێكی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەكات.


 لیوبۆڤ شفیدۆڤا كە ژنە نووسەرێكی رووسیە لە وتارێكی شرۆڤەكاری كە لە ماڵپەڕی جەزیرە بڵاوكراوەتەوە، باس لە بارودۆخی ئیدلب دەكات و دووپات لەسەر ئەوە دەكاتەوە، ئەو ململانێیەی لە نێوان توركیا و رووسیا لەبارەی ئیدلبەوە دروست دەبێت، وا دەكات بابەتی هاوكاریكردنی كورد لەلایەن رووسیاوە زیندوو ببێتەوە، بەڵام ئایا رووسیا بە راستی  پاڵپشتی هێزە كوردییەكانی سووریا دەكات بۆ ئەوەی بەرەنگاری ئەنكەرە ببێتەوە؟.


لەمانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوو، لە شاری سۆچی رووسیا رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا و ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی رووسیا رێككەوتنێكیان لە بارەی شاری ئیدلب واژوو كرد، یەكێك لە بڕگەكانی ئەم رێككەوتنە ئەوە بوو توركیا هێزی توندڕەو لە هێزە تیرۆریستیەكانی ئیدلب جیا بكاتەوە و جڵەوی هێزە توندڕەوەكان بكات، كەچی نووسەرە رووسییەكە باس لەوە دەكات ئێستە بە پێچەوانەی ئەو رێككەوتنە راپۆرتەكانی رۆژئاوا باس لەوە دەكەن، ئەنكەرە كار بۆ ئەوە دەكات هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن زیاتر چەكدار بكات، ئەمەش لەلایەن رووسیاوە تا ئێستە بێدەنگی لێكراوە و رووسیا هەر چاوەڕوانی ئەوەیە توركیا ئەو بەڵێنانە بباتە سەر كە بۆ جێبەجێكردنی سۆچی داویەتی.


 لە بەشێكی تری شرۆڤەكارییەكەی شفیدۆڤا باس لەوە دەكات رژێمی سووریا دوور لە خواستی توركیا هێرش دەكاتە سەر ئیدلب، رەجەب تەیب ئەرۆدغانی سەرۆكی توركیاش ناتوانێ‌ ئەم هێرشە بوەستێنێ‌. بەڵام لێرەدا بابەتێكی تر دێتە ئاراوە وەك لە راپۆرتی میدیاكانی رۆژئاوا بڵاوكراوەتەوە، ئەویش مەسەلەی هاوكاریكردنی كوردە لە لایەن  رووسیاوە.


ژنە نووسەرەكەی رووسیا لێرەوە راستەوخۆ دێتە سەر بابەتی هاوكاریكردنی كورد  و هەوڵ دەدات وەڵامی پرسیارەكەی سەرەوە بداتەوە،  ئەو دەڵێ‌ "رووسیا تەنیا بەوەندە وازدەهێنێ‌ هەڕەشە لە توركیا بكات گوایە  هاوكاری كورد دەكات، ئەمەیش بابەتێكە كاریگەری نەرێنی لەسەر پێوەندی نێوان رووسیا و توركیا دەبێت كە ماوەی چەند ساڵێكە ئاسایی بووەتەوە.


 شفیدۆڤا ئاماژە لەم بابەتەدا پشت بە بۆچوونەكانی ئۆلیگ گۆشین دەبەستێ‌ كە رۆژهەڵاتناس و شرۆڤەكارێكی بەناوبانگی رووسییە.  گوشین باسی لەوە كردووە، بارودۆخەكە بە هەر جۆرێك بێت ئەوا  رووسیا پەنا بۆ هاوكاریكردنی كورد نابات، بە تایبەتی كە دەزانرێ‌ ئەم بابەتە هەر دوو وڵات بەرەو شەڕ دەبات و هیچ یەكێكیش لە رووسیا و توركیا ئەمەیان ناوێ‌.

سەرەڕای ئەمانە گۆشین ئاماژە بۆ ئەوە دەكات توركیا و رووسیا زۆر پێویستییان بە یەكترە بۆیە هیچ ئەگەرێك نییە وا بكات بەهۆی ئیدلب و دیمەشقەوە رووسیا ئەم هەنگاوە بنێ، بە تایبەتی هاوكاریكردنی كورد لە لایەن رووسیاوە  وەك ئەوەیە سووكایەتی بە توركیا بكرێت.


  لێرەدا شفیدۆڤا بەوە كۆتایی بە شرۆڤەكارییەكەی دەهێنێ‌، لە میانەی هێرشەكانی رژێمی ئەسەد بۆ سەر ئیدلب رووسیا بە شێوەیەكی زۆر سنوورادر بەشدار دەبێت و بابەتی هاوكاریكردنی كوردیش تەنیا وەك هەڕەشەیەك بەكاردەهێنێ‌.


هێزە كوردییەكانی سووریا لە ساڵی 2015 وە لە لایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاوە پاڵپشتی دەكرێن،  ئەو هێزانەیش بە هێزەكانی سووریای دیموكرات "هەسەدە" دەناسرێن، هەرچەندە لەو كاتەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە كۆتایی ساڵی رابردوو بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریای راگەیاند، نوێنەرانی هەسەدە هەوڵیان دا لە رووسیا نزیك ببنەوە، بەڵام تا ئێستە لە گۆڕەپانی سووریا هیچ نزیكبوونەوەیەك لە نێوان رووسیا و هێزە كوردییەكان بەدی نەكراوە.

 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل