بزووتنەوەی گۆڕان داوا لە حكوومەت و دەزگە پێوەندیدارەكان دەكات رێوشوێنی
یاسایی بگرنەبەر بۆ چارەسەركردن و رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەم هەڕەشە و
رووداوانە، تۆمەتبارانیش سزای یاسایی بدات و دەڵێ، شەوی رووداوەكە لەلایەن بەرپرسێكی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەڕەشەیان لێ كراوە. ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی گۆڕانیش
دەڵێ، دەزانین هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی ئێمە رابكێشن بۆ شەڕێكی خوێناوی تا بێنە سەرمان،
بەڵام ئێمە ناكەوینە ئەو داو و تەڵەیەوە. هەڵسووڕاوێكیش پێی وایە جۆرە عەقڵێك خەریكە
لەناو گرووپێكی گەنجی ناو یەكێتی نەشونما دەكات كە وەك شەقاوە مامەڵە دەكەن.
سەعات یەك و نیوی شەوی سێشەم 11ی حوزەیرانی
2019، لە ئەنجامی شەڕە تەقەی گرووپێكی چەكدار لەگەڵ مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان
لە سلێمانی، رێبەند فەرهاد پاسەوانی مەكۆی گۆڕان بریندار دەبێت و بەهۆی سەختی برینەكەشی
دواتر گیان لە دەست دەدات.
رووداوەكەی شەوی رابردوو لە كاتێكدایە پێشتریش
بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر هەڵوێستە سیاسییەكانی هێرشی چەكداری كراوەتە سەر، تا ئێستەش
دۆسیەی 12ی ئایاری 2018ی هێرشكردنە سەر مەكۆكانی گۆڕان لە دادگای سلێمانی بە كراوەیی
ماوەتەوە، هاوكات لە سێی ئابی 2017، تەقە لە ماڵی بەرپرسێكی گۆڕان لە بازیان كرا.
بزووتنەوەی گۆڕان لە بەیاننامەیەكدا لەبارەی
رووداوەكە ئاشكرای دەكات، لەلایەن بەرپرسێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێش هێرشەكە
هەڕەشەیان لێ كراوە، ئەمەش وایكردووە ژمارەیەكی زۆری هەڵسووڕاوانی گۆڕان لە بەردەم
مەكۆی بزووتنەوەكە كۆ ببنەوە، بەڵام دواتر گرووپێك چەكداری بەناو سكیوریتی ئاڵۆزی
دروست دەكەن و شەڕە تەقە دروست دەبێت، بەهۆیەوە "رێبەند فەرهاد پاسەوانی مەكۆی
بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی، شەهید دەبێت".
لە بەیاننامەكەیدا گۆڕان پێی وایە ئەو رەفتارانە، ئاسایشی ناوچەكە و
سلێمانی تێكدەدات و داواش لە حكوومەت دەكات رێوشوێنی یاسایی بگرێتەبەر بۆ چارەسەركردن
و رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەم هەڕەشە و رووداوانە و پێویستە تۆمەتبارانیش سزای یاسایی
وەربگرن.
عەدنان عوسمان هەڵسووڕاو و پەرلەمانتاری پێشتری بزووتنەوەی گۆڕان باس
لەوە دەكات، ئەوەی شەوی رابردوو رووی دا نیازێكی یەكێتی بووە كە دەیەوێ بزووتنەوەی
گۆڕان لەژێر سایە و رەحمەتی ئەو بێت، لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەو بخولێتەوە، بەڵام گۆڕان
هەمیشە جیاواز بووە، بۆیە هەمیشە ئەو كێشەیەمان لەگەڵ جۆرە عەقڵێكی یەكێتی هەیە كە
عەقڵێكی پاوانخوازییە و پێی وایە حزبی یەكەمە لە ناوچەكەدا.
عەدنان بۆ "وشە" روونی کردەوە، حزبی
سیاسی دەبێ ئازادی كاری سیاسی هەبێت كە بەگوێرەی یاسا رێك خراوە و بەگوێرەی ئەو یاسایەش
چالاكی ئەنجام دەدات، بەڵام نەگونجاوە بگوترێ بە مقەستی ئەو دوو حزبە قسە بكەین، ئەگەر
درێژ بوو ئەوا بیبڕن، ئەوە جگە لە عەقڵی پاوانخوازی و سەركوتكاری هیچی تر نییە، ئەوە
عەقڵێكە پێی وایە حزبی تر و دیموكراسی تەنیا جوانكارییە بۆ دەسەڵاتی رەهای ئەو.
ئەوەشی خستەڕوو "بەداخەوە ئەو جۆرە عەقڵە
خەریكە لەناو گرووپێكی گەنجی ناو یەكێتی نەشونما دەكات كە بە حیساب لە دەرەوە ژیاون
و گۆش كراون بە پەروەردەی دیموكراسی، كەچی وەك شەقاوە مامەڵە لەگەڵ حزبی تر دەكەن،
یان دەیانكڕن و یانیش بە هەڕەشە و هێرشكردنە سەریان بێدەنگیان دەكەن". زیاتر
گوتی "جاران رەخنەمان لە پیرەكانی ناو حزبەكان دەگرت، كەچی دەبینین نەوە تازەكە
مەترسیدارترە".
پۆلیسی سلێمانی لەسەر هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووك
لە بەیاننامەیەكدا بێ ئەوەی روونكردنەوە لەسەر چۆنیەتیی كوژرانی رێبەند فەرهاد پاسەوانەكەی
مەكۆی سلێمانی بزووتنەوەی گۆڕان بدات، دەڵێ رووداوەكە لە بەردەم نەخۆشخانەی دكتۆر
ئەنوەر شێخە رووی داوە لە نێوان پاسەوانەكانی نەخۆشخانەكە لەگەڵ كۆمەڵێك چەكدار، بەهۆی
رووداوەكەش پاسەوانێكی بزووتنەوەی گۆڕان بریندار دەبێت و هێزەكانی پۆلیس دوای گەیشتنیان
بۆ شوێنی رووداو، بریندارەكە دەگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەكەی
گیانی لە دەست داوە.
پۆلیس زیاتر گوتی "بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان،
دەركەوتووە بەهیچ جۆرێك تەقە لە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان نەكراوە".
بەیاننامەكەی پۆلیس لە كاتێكدایە هێشتا دۆسیەی
سكاڵاكەی بزووتنەوەی گۆڕان هی 12ی ئایاری 2018 لە دادگایە، بزووتنەوەی گۆڕانیش وەك
كوێستان محەمەد بۆ "وشە" خستیەڕوو "رێكاری یاسایی دەگرینەبەر. كێشەكە
ئەوەیە حكوومەت هی حزبە نەك هی هەموو حزبەكان و هاووڵاتییان نییە، دەبوو پۆلیس دەمێك
بوو بكەرانی تاوانەكەی بگرتایە. ئێمە سكاڵامان پێشكەش كردووە، پێت وانەبێت ئەو دۆخە
هەروا بەردەوام دەبێت، جاری وا هەیە 10 ساڵی بەسەردا تێپەڕ دەبێت، ئینجا بكەری
تاوان دەگیرێت، بۆیە بزووتنەوەی گۆڕان پشوودرێژە".
عەدنان عوسمان لەبارەی بەیاننامەكەی پۆلیس
ئاشكرای دەكات، پێش هێرشكردنە سەر مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان، هەڕەشە هەبووە،
پاشان هێرش كراوە و تەقەش كراوە و كەسێكیش بەهۆیەوە كوژراوە. ئەو بە پێویستی
دەزانێت هەرسێ دۆسیەكە بەیەكەوە ببەستێتەوە و لێكۆڵینەوەی لەسەر بكات نەك بەیاننامە
دەربكات.
لە لایەکی ترەوە كوێستان محەمەد ئەندامی جڤاتی نیشتمانی رای
گەیاند، بزووتنەوەی گۆڕان ناچێتە ژێر هەژموونی هیچ حزبێك و بە ئەجێندای هیچ وڵاتێكی
دراوسێ سیاسەت ناكات، بەڵكو گۆڕان خاوەن بەرنامە و ئیرادەی خۆیەتی، ئەمەش هۆكاری
گوشارەكانە تا بچینە ژێرباری هەژموونی ئەوانی تر، بۆیە ئەو هێرشانە بە بەردەوام دەكرێتە
سەر بزووتنەوەی گۆڕان.
كوێستان محەمەد هێما بۆ ئەوەش دەكات، ئەو هێرشانەی
دەكرێنە سەر بزووتنەوەی گۆڕان، هەوڵی زۆر ترسنۆكانەن و بزووتنەوەی گۆڕان ناترسێنێت
و نایلەرزێنێت، ناچێتە ژێرباڵی هیچ كەس و لایەن و حزب و وڵاتێكی بیانی. هەروەها
گوتی "بزووتنەوەی گۆڕان ئەجێندای خۆی هەیە و جێبەجێی دەكات، بۆیە ئەو كردەوە
ترسنۆكانە سوورترمان دەكات لەسەر جێبەجێكردنی ئەجێنداكەمان".
كوێستان پێی وایە ئەوەی شەوی دووشەم لەسەر سێشەم
رووی دا، لە داهاتوو و لەسەر هەڵوێستی تر بەرانبەر بە بزووتنەوەی گۆڕان دووبارە دەبێتەوە،
بۆ ئەوەش دڵگرانە لە رووداوی وادا هەر منداڵی هەژار دەبنە قوربانی و بەرپرسەكان هیچیان
بەسەر نایەت. گوتی "بەڵام ئیرادەی بزووتنەوەی گۆڕان سەردەكەوێت".
لەبارەی ئەوەی دەبێ بزووتنەوەی گۆڕان چی بكات بۆ
ئەوەی هێرشی وا دووبارە نەبێتەوە، پێداگری کرد کە بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر هەڵوێستی
خۆی لە بەرانبەر هێرشەكانی 12ی ئایاری 2018 كە كرایە سەر مەكۆكانی لە سلێمانی، تا
ئێستەش لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دانیشتنی ئەنجام نەداوە، ئەوەش بە هەڵوێست
ناو دەبات و ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە پاراستنی حزبە سیاسییەكان لە ئەستۆی حكوومەتدایە،
گۆڕان حزبێكی مەدەنییە و هێزی چەكداری نییە، بۆیە دەبێت حكوومەت بكەرانی بگرێت و بیانداتە
دادگا. ئەوەشی خستەڕوو "هەر حزبێك بیەوێ گۆڕان رابكێشێت بۆ شەڕی چەكداری و ناوخۆ،
ئەوا نایكەین، دەزانین هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی ئێمە رابكێشن بۆ شەڕێكی خوێناوی تا بێنە
سەرمان، بەڵام ئێمە ناكەوینە ئەو داو و تەڵەیەوە".
*
ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی: هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی
ئێمە رابكێشن بۆ شەڕێكی خوێناوی
*
هەڵسووڕاوێكی گۆڕان: یەكێتی دەیەوێ بزووتنەوەی
گۆڕان لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەو بخولێتەوە