پۆلیسی سۆران ئاشكرای دەكات بكوژی ڕووداوەكەی ئێوارەی دوێنێمان گرتووە كە كوڕی ژنە كوژراوەكە و بەهۆی دروستبوونی دەمەقاڵییەك كوشتوویەتی.
ئەمڕۆ چوارشەم 12ـی حوزەیران، سەعدوون هاودیانی گوتەبێژی پۆلیسی سۆران بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بۆ ڕووداوەكەی دوای نیوەڕۆی دوێنێ كە ژنێك كوژرابوو، دەستمان كرد بە لێكۆڵینەوە دوای لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی وردی ئاسایش و پۆلیس، توانرا كوڕێكی ئەو ژنە بگرین كە دوێنێ بە كوژراوی لە ماڵەكەی خۆیدا دۆزرایەوە.
گوتەبێژی پۆلیسی سۆران گوتی، گیراوەكە لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكاندا ددانی بەوەدا ناوە كە ئەو دایكی خۆی كوشتووە و لێكۆڵینەوەی زیاتریش لەڕووداوەكە بەردەوامە.
زیاتر ڕوونی كردەوە، بكوژەكە كە هۆكاری تاوانەكەی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەنجامدان و بوونی دەمەقاڵێ و لێك تێنەگەیشتن لەگەڵ دایكیدا. بۆیە ئێستە كوڕەكە گیراوە ناوی (س.م)ە و تەمەنی 22 ساڵانە، بەپێی مادەی (406)ی سزادان بەند كراوە.
دوای نیوەڕۆی دوێنێ ژنێك لە دایكبووی ساڵی 1954ـە كوژرا و لە لێكۆڵینەوەی سەرەتایی دەركەوتووە كە كوژراوەكە رووخساری شێوێندراوە و تەرمەكە رەوانەی پزیشكی دادی هەولێر كراوە.
ماوەیەكە لە هەرێمی كوردستان كوشتنی ژنان زیادی كردووە و لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوویش چەند حاڵەتێكی تری كوشتن و دەستدرێژی سێكسی تۆمار كرابوو.