نۆبەرەی توو سەرنجی كڕیاران رادەكێشێت

:: PM:03:23:12/06/2019 ‌
وەرزی پێگەشتنی توو دەستی پێ كردووە و لە ناو بازاڕ هاووڵاتییان ڕوویان لە كڕینی توو كردووە، فرۆشیارانیش باس لەوە دەكەن لە سەرەتای پێگەیشتنی وەرزی توو تا كاتی تەواوبوون و بەسەرچوونی كە وەرزی پایزە، بەردەوام خواست لەسەر توو هەیە.

ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرماو هاوین بە تایبەت لە كۆتایی مانگی ئایار لە هەندێ ناوچەی گەرم تووی خۆمانە پێ دەگات، لەگەڵ پێگەیشتنی تووی خۆمانە، خواست بەڕێژەیەكی بەرچاو لەسەر تووی دەرەوە و بە تایبەتیش تووی توركی كەم دەبێتەوە و هاووڵاتییان زیاتر گرنگی بە تووی سپی ناوخۆ دەدەن كە لە ناوچەكان پێ دەگات و دەكەوێتە بازاڕەوە.

هاشم حوسێن لە ناو بازاڕی شاری سلێمانی توو دەفرۆشێت بە "وشە" ڕاگەیاند، هەموو ساڵێك لەگەڵ پێگەیشتنی تووی خۆمان دەست دەكات بە فرۆشتنی توو تا ئەو كاتەی وەرزی بەسەر دەچێت و نامێنێت، چونكە بەشێكی زۆر لە هاووڵاتییان گرنگی بە خواردنی توو دەدەن، لەلایەك بە تەڕی لە كاتی پێگەیشتنی دەیخۆن و خواردنێكی خۆشە، لە لایەكی تریش دەیكڕن و وشكی دەكەن و بەو شێوەیەش سوودی لێ وەردەگرن.

زیاتر روونی دەكاتەوە، ئەو تووەی ئێستە لە بازاڕ هەیە هی سنووری سلێمانییە و بە تایبەتیش ناوچەی زڕگوێز كە دەكەوێتە سنووری قەرەداغ، تووی ئەو شوێنە بەناوبانگە و شیرینە و خەڵك حەزی پێ دەگات، بەشێوەیەكی گشتی تووی خۆمانە خۆشە و هاووڵاتییانی خۆمان بە تایبەت ناو شار گرنگی پێ دەدەن.

"لە سەرەتای پێگەیشتنی تا كاتی بەسەرچوونی نرخی توو گرانە و خەڵكیش دەیكڕێت ئێستە كە سەرەتای پێگەیشتنیەتی، كیلۆی بە سێ بۆ چوار هەزار دینارە و بەردەوام تا كۆتایی لەو نرخە دەمێنێتەوە و دانابەزێت". هاشم حوسێن وای گوت.

پێش ئەوەی تووی خۆمانە پێ بگات، هاووڵاتییان بۆ تێركردنی حەزی خۆیان پەنا بۆ تووی توركی دەبەن، بەڵام لەگەڵ پێگەیشتنی تووی خۆمانە خواست لەسەر تووی توركی نامێنێت  و هاووڵاتییان ڕوو لە تووی خۆمانە دەكەن.

هاوكار مەحموود گەنجێگە لە ناو بازاڕ لەسەر سینییەك خەریكی فرۆشتنی تووە و بە "وشە" دەڵێ، ڕۆژانە لە نێوان 10 بۆ 20 كیلۆ توو دەفرۆشێت و توانیویەتی ژمارەیەك كڕیار بەلای خۆیدا ڕابكێشێت و لەو ڕێیەوە بژێوی خۆی دابین بكات.

دووپات لەوەش دەكاتەوە، تووی هیچ ناوچەیەكی تر تامی تووی خۆمانە نادات و توویەكی شیرینە و خەڵك گرنگی پێ دەدەن، بۆیە ساڵانە لەگەڵ وەرزی پێگەیشتنی زۆر بە كەمی دەكەوێتە بازاڕەوە و خەڵك بۆ خۆیان بەكاری دەهێنن و سوودی لێ وەردەگرن.

بێجگە لە تووی سپی، جۆرێكی تری توو هەیە لە ناوخۆ لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران پێ دەگات، ئەویش شاتووی پێ دەڵێن، مزرە و هاووڵاتییان وەك خواردنێكی شەوان لە بری میوە و چەرەسات بەكاری دەهێنن.

ئەو جۆرەیان نرخی گرانە و لە بازاڕدا بە سەتڵ دەفرۆشرێت و لە سەرەتای پێگەیشتنی یەك سەتلی بچووك كە كەمتر لە یەك كیلۆ دەگرێت بە شەش بۆ حەوت هەزار دینارە و ماوەكەی زۆر كەم و دووجار بەری نوێ دەبێتەوە، بەڵام تووی سپی هەندێك جار ئەگەر كەشوهەوا لە بار بێت چوار جار بەردەگرێتەوە.

سلێمانى/ هۆشیار عه‌لى 










وشە - هیدایه‌ت جان