لەسەر ئاشكراكردنی سووتاندنی گەنمی جووتیاران داوای گرتنی سەرۆك حزبێك دەكرێت

:: PM:04:32:12/06/2019 ‌
دوای ئەوەی ئاشكراكردنی هۆكاری سووتاندنی گەنمی جووتیارانی بەستەوە بە وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری، رەوتی حیكمە داوای گرتنی جەمال كەربوولی دەكات. محەمەد لكاش دەڵێ، ئەو بەستنەوەیە پێشوەچوونێكی مەترسیدارە و دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت كێ لە پشتەوەی سووتاندنی گەنمی جووتیارانە.

ئەمڕۆ چوارشەم 12ی حوزەیران، محەمەد لكاش پەرلەمانتاری رەوتی حیكمە داوای كرد جەمال كەربوولی سەرۆكی حزبی حەل بگیرێت دوای ئەوەی داوای وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری كرد وەك مەرجێك بۆ ئاشكراكردنی هۆكاری سووتاندنی گەنمی جووتیاران.

پەرلەمانتارەكەی رەوتی حیكمە دەڵێ، بەستنەوەی ئاشكراكردنی هۆكاری سووتاندنی گەنمی جووتیارانی باشوور و باكوری عێراق بە وەرگرتنی ئەو پۆستە، پێشوەچوونێكی مەترسیدارە و دەبێت لە جەمال كەربوولی بپرسێت كێیە ئەو لایەنەی لە پشتەوەی سووتاندنی گەنمی جووتیارانە.

دوێنێ سێشەم 11ی حوزەیران، جەمال كەربوولی سەرۆكی حزبی حەل لە تویتێكدا بەڵێنی ئەوەی دا ئەگەر پۆستی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری عێراقی پێ بدرێت، ئەوا دەستبەجێ هۆكاری سووتاندنی گەنمی جووتیاران ئاشكرا دەكات.

كەربوولی لە تویتەكەیدا ئەوەی كردە مەرجی وەرگرتنی ئەو پۆستە و گوتی، "نابێت ئەو پۆستە هەر بە دەست یەك پێكهاتە بێت"، كە مەبەست لێی شیعەكان بوو.

كەربوولی لە تویتەكەیدا ئاماژەی بەوەدا ناكرێت ئاسایشی هاووڵاتییان و ئابوورییەكەی یاری سیاسی پێ بكرێت، ماوەی مانگێكە زەوییە بە گەنم چێنراوەكانی جووتیارانی عێراقی دەسووتێت و هەموو دەزگا تەناهی و هەواڵگرییەكانیش لەژێر هەژموونی یەك پێكهاتەدایە و هێشتا ئاشكرا نەبووە كێ لە پشتەوەی سووتاندنی گەنمی جووتیاراندایە، تەنانەت شكستی هێنا لە وەستاندنی سووتاندنی گەنمی جووتیاران.

زیاتر گوتی "پابەند دەبم بەو بەڵێنەی دەیدەم ئەگەر دەزگای هەواڵگری رادەستی ئێمە بكرێت، بۆ حكوومەت و خەڵك هەموو راستییەكان ئاشكرا دەكەم و داوای هیچ شتێكیش لە بەرانبەری ناكەم".

پەرلەمانتارەكەی رەوتی حیكمە گوتی "پێویستە كەربوولی بگیرێت تا روونكردنەوە بدات لەسەر هۆكاری سووتاندنی گەنمی جووتیاران وەك خۆی بەڵێنی ئاشكراكردنی داوە ئەگەر پۆستەكەی پێ بدرێت".


وشە - فه‌رمان سادق