ژمارەیەك ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەیانەوێ لەڕێی كۆكردنەوەی واژووەوە 400 ملیار دیناری پارێزگای كەركووك بۆ خۆیان خەرج بكەن و بەشێك لەو ئەندامانەیشی واژوویان كردووە لە عێراق نین.
ئەمڕۆ چوارشەم 12ی حوزەیران، جوان حوسێن ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دوێنێ بڕیاربوو كۆبوونەوەی ئەنجوومەن بكرێت بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر ئەو پارەیە بدرێت كە بۆ پارێزگای كەركووك تەرخان كراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ڕێژەی یاسایی و ئامادەنەبوونی سەرۆكی ئەنجوومەن كۆبوونەوەكە كرا راوێژكاری.
روونی كردەوە كە بەشێك لە ئەندامانی ئەنجوومەن واژوویان كۆ كردووەتەوە بۆ ئەوەی پارەكە خەرج بكرێت كە بەشێك لەئەندامان نەك لە عێراق نین لە دەرەوەی عێراقین واژوویان كردووە، بۆیە پارەكە خەرج دەكرێت بەشێوەیەكی نایاسایی كە زیاتر لە 400 ملیار دینارە و پارەی پترۆدۆلار و گەشەپێدانی پارێزگاكانە.
ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە بەپێی یاسای بودجە پێویستە پارەكە ئەنجوومەن لەناو كۆبوونەوەی فەرمیی پەسەند بكرێت، بەڵام كۆبوونەوە نەكراوە و بێ كۆبوونەوە واژووی لەسەر كراوە تەنیا بۆ ئەوەی پارەكە بۆ خۆیان خەرج بكەن.
"تا ئێستە ئێمە نازانین بودجەی ساڵی ڕابردوو چی بەسەر هاتووە و ئەوەی ئێستە ناعەدالەتییەكی زۆری تێدا كراوە لە پڕۆژەكان لە نێوان ناوچە كوردیەكان و عەرەبەكان و زیاتر خزمەتی ناوچە عەرەبییەكانی پێ دەكرێت". جوان حوسێن وای گوت.
ئێستە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و شارەكەیش لەلایەن گرووپێك عەرەب بەرێوە دەبردرێ و بەشێكی زۆری كوردەكان لەو شارەدان نەماون.
هەولێر/ بڵند ئیبراهیم