پەرلەمانتارێك: وەزارەتی پیشەسازی عێراق بندیوارە

:: PM:06:49:12/06/2019 ‌

پەرلەمانتارێكی عێراق وەزارەتی پیشەسازی عێراق بە وەزارەتێكی بندیوار و وەهمی وەسف دەكات و دووپاتی دەكاتەوە كە ئەو وەزارەتە سەر بە چەند لایەنێكی سیاسییە نەوەك سەر بە دەوڵەتی عێراق.

ئێستە لە سەروبەندی كۆتاهاتنی ماوەی كاركردنی پۆستە باڵا و بە وەكالەتەكان لە عێراق، ململانێیەكی توند لە نێوان هێزە شیعەكان دروست بووە لەوانە لە نێوان هاوپەیمانی "دەوڵەتی یاسا" و هەریەك لە "سائیروون" و "فەتح" كە دەیانەوێت كۆنترۆڵی ئەو پۆستانە بكەن و بەسەر خۆیان دابەشی بكەن.  

كازم سەیادی ئەندامی دەستەی نەزاهە لە پەرلەمانی عێراق و نزیك لە نووری مالیكی رای گەیاند، زۆرێك لە گرێبەستەكان لەناو وەزارەتی پیشەسازی كێشەیان تیادایە و وەك پێویست نین و كارەكانیان پێویستییەكانی هاووڵاتی پڕ ناكاتەوە، زیاتر گوتی، كار بۆ مێوانداریكردنی وەزیری پیشەسازی و بەڕێوەبەرانی كۆمپانیاكان دەكەین بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی هێڵەكانی بەرهەمهێنان و ئاستی كاركردنی كرێكاران، بەدەر لەوە هەموو گرێبەستەكان لەو وەزارەتە بە وەهمی دادەنێین. 

سەیادی دووپاتی كردەوە، وەزارەتی پیشەسازی عێراق وەزارەتێكی بندیوارە و سەر بە چەند كەسێكی سیاسییە، بۆیە داوا لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و دەستەی نەزاهە دەكەین بە ئەنجامدانی لێوردبوونەوە لە هەموو گرێبەستی كۆمپانیاكانی ئەو وەزارەتە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل