پەرلەمانی عێراق تاوتوێی قەرەبووكردنەوەی جووتیاران دەكات

:: PM:07:18:12/06/2019 ‌

بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان رازی بووە پرسی قەرەبووكردنەوەی جووتیارانی بەم دواییە زەوییەكانی چێنراویان بە گەنم و جۆ سووتاوە لە دانیشتنی سبەی پێنجشەم تاوتوێ بكرێت و پەرلەمانتارێكیش هۆكاری ئاگركەوتنەوەكان روون دەكاتەوە.

خەدیجە عەلی لەو بارەوە روونی كردەوە، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان داواكاری ژمارەیەك پەرلەمانتاری پێ گەیشت بۆ خستنی پرسی قەرەبووكردنەوەی جووتیارەكان بۆ ناو كارنامەی دانیشتنی سبەی پەرلەمان و روونی كردەوە، سبەی لە پەرلەمان ئەو پرسە باس دەكرێت و بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.

زیاتر گوتی، ئەو بڕیارەی پەرلەمان لەو بارەوە دەیدات دەدرێتە حكوومەت بۆ جێبەجێكردنی و ئەویش پابەندە بە قەرەبووكردنەوەی جووتیارەكان دوای دیاریكردن و لێوردبوونەوە لە ناوی جووتیارەكان لەوانەی زەوییەكانیان سووتاوە.

دوێنێ واژووی زیاتر لە 100 پەرلەمانتار كۆكرایەوە بۆ داواكردنی قەرەبووكردنەوەی جووتیاران لەوانەی لە سووتانی زەوییە كشتووكاڵییەكان زەرەریان كردووە، هەر دوێنێ داوای تاوتوێكردنی پەرلەمان بۆ ئەو بابەتە درایە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق.

ئەمڕۆ یونادەم كنا پەرلەمانتاری عێراق باسی پێنج هۆكاری كرد كە بوونەتە هۆی كەوتننەوەی ئاگرەكانی دوایی لە زەوییە كشتووكاڵییەكان لەوانە بەهۆی ململانێی زەویوزار لە ناوچە كێشەلەسەرەكان و دووەم پاشماوەی داعش زەوییەكان دەسووتێنن بۆ دروستكردنی دووبەرەكی و سێیەم جووتیارەكان خۆیان دەبنە هۆكار لە رێگەی بەكارهێنانی ئامێری كۆن بۆ دروێنە كە ئاگر دەگرێت و چوارەم سووتاندنی قەرسیل لەلایەن جووتیارەكان كە ئاگرەكە لەكۆنترۆڵیان دەردەچێت و پێنجەم بوونی چەند مافیایەكی بازرگان كە بەو كارە هەڵدەستن بۆ ئەوەی بتوانن گەنم لە دەرەوە هاوردە بكەن.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل