ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی دەگاتە هەولێر

:: AM:09:54:13/06/2019 ‌
لە كاتێكدا لە رێوڕەسمی سوێند خواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری نەكرد، بڕیارە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی هەولێر بكات.

چاوەڕوان دەكرێت عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەم 13ی حوزەیران بگاتە هەولێر و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆ ببێتەوە.

میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردەوە، عەبدولمەهدی لە سەردانیدا بۆ هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی كۆ دەبێتەوە و باس لە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكات بە مەبەستی دانانی رێچارەی كێشەكان، بەڵام هێشتا ئەو سەردانە لەلایەن حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانیش پشتڕاست نەكراوەتەوە.

عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە مانگی ئەیلوولی رابردوو بە پشتگیری عەلی سیستانی مەرجەعیەتی شیعەكان و موقتەدا سەدر سەركردەی هاوپەیمانی سائیروون و هادی عامری سەركردەی هاوپەیمانی فەتح، كار بە سەرۆك وەزیران.

عەبدولمەهدی لەوەتەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرتووە، بەهۆی قووڵی كێشەكانی هێزە سیاسییەكان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان، سەركەوتوو نەبووە لە تەواوكردنی كابینەی حكوومەت و هێشتا سێ وەزارەتی بێ وەزیرن، ئەمەش بەربەستێكی گەورە بووە لە بەردەم جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی كە لە گوتاری پێكهێنانی حكوومەت بە هێزە سیاسییەكان و شەقامی عێراقی دابوو.

پێوەند بە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق، عادل عەبدولمەهدی كۆمەڵێك هەنگاوی گرنگی بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدا لە پرسی دارایی و سیاسی هەڵگرتووە، لەوانە جیاكردنەوە و نەبەستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بە بودجەی هەرێمی كوردستان و ململانێ سیاسییەكان، هەروەها هەوڵەكانیش بەردەوامن بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییە سیاسییەكان لەسەر ئەو هەنگاوانەشی لەلایەن هەندێك هێزی عێراقی رەخنەی توندی لێ گیراوە.

كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا رەگی دەگەڕێتەوە بۆ 2007، كاتێك حكوومەتی عێراق خۆی لە جێبەجێكردنی مادەی 140 دزییەوە و تەگەرەی خستە بەردەم، ئەمە یەكێكە لە كێشە هەرە بنەڕەتییەكان و تا ئێستەشی لەگەڵ بێت بێ چارەسەر ماوەتەوە، یەكێكی تر لە كێشەكان پێوەندارە بە ئیدارەدانی سێكتەری نەوت كە بەغدا لەمەشدا لەسەر رەشنووسی پەسندكراو و رێككەوتن لەسەر لە نێوان هەولێر و بەغدا پەشیمان بووەتەوە و تا ئێستە چارەسەر نەكراوە، لە پرسی پێشمەرگەشدا ئەگەرچی بەگوێرەی دەستوور بەشێكە لە سیستمی سەربازی عێراقی، بەڵام حكوومەتە یەك لە دوایەكەكانی بەغدا لە چوار كابینەی رابردوودا ئامادە نەبوون مووچەی پێشمەرگە بدەن و ئەو هێزە هاوشێوەی سوپای عێراق پڕچەك بكەن.

ئەو سێ كێشەیە، كێشەی بنەڕەتین لە نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەریشیان هەروا ئاسان نییە، جگە لەمەش دۆسیەی سیاسەتی دەرەوە یەكێكی ترە لە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.


وشە - فه‌رمان سادق