دوێنێ یه‌كشه‌م بۆ یه‌كه‌مجار عومه‌ر حه‌سه‌ن به‌شیر سه‌رۆكى لادراوى سوودان چووه به‌رده‌م دادگا، به‌مشێوه‌یه عومه‌ر به‌شیر پێنجه‌م سه‌رۆكى وڵاتانى عه‌ره‌ب ده‌بێت كه له لایه‌ن دادگاى وڵاتانى خۆیانه‌وه دادگایى كراون.
زۆربه‌ى سه‌رۆكه‌كانى عه‌ره‌ب له نیوه‌ى دووه‌مى سه‌ده‌ى بیسته‌م به هه‌ستێكى نه‌ته‌وایه‌تى هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵات و دواتریش بوون به دیكتاتۆر به‌سه‌ر گه‌له‌كانیان، زۆرێك له سه‌رۆكانى عه‌ره‌ب ئه‌گه‌ر سیسته‌مى وڵاته‌كه‌شیان كۆمارى بێت، كه‌چى هه‌وڵیان داوه رۆڵه‌كانى خۆیان له شوێنى خۆیان بهێڵنه‌وه و یانیش هێنده‌ى بكرێ به هۆى هه‌مواركردنى ده‌ستوور ماوه‌ى ده‌سه‌ڵاتى خۆیان درێژ بكه‌نه‌وه.
به‌ڵام دواى راپه‌ڕینى به‌هارى عه‌ره‌بى زۆرێك له‌م سه‌رۆكانه پێگه‌یان لهرزى و هه‌ندێكیان دوورخرانه‌وه و چه‌ند دانه‌یه‌كیان كوژران و هه‌ندێك له سه‌رۆكه‌كانیش رووبه‌ڕووى دادگا كرانه‌وه، له ماوه‌ى كه‌متر له ده ساڵى رابردوو ئه‌م سه‌رۆكانه له ده‌سه‌ڵاتیان دوورخراونه‌ته‌وه، زین عابدین بن عه‌لى سه‌رۆكى توونس، محه‌مه‌د حوسنى موباره‌ك سه‌رۆكى میسر، عه‌لى عه‌بدوڵا ساڵح سه‌رۆكى یه‌مه‌ن، دواتریش محه‌مه‌د مورسى سه‌رۆكى میسڕ، عه‌بدولعه‌زیز بۆته‌فلیقه سه‌رۆكى جه‌زائیر و عومه‌ر حه‌سه‌ن به‌شیر سه‌رۆكى سوودان.
شتێكى تریش كه خه‌ریكه له وڵاتانى عه‌ره‌بى ده‌بێته دیارده، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه سه‌رۆكى ئه‌م وڵاته عه‌ره‌بیانه له لایه‌ن دادگاى وڵاتانى خۆیان دادگایى ده‌كرێن، تا ئێسته‌یش پێنج سه‌رۆكى عه‌ره‌بى له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵێ و خراپ به‌كارهێنانى ده‌سه‌ڵات و پێشلیكردنى یاسا داگایى كراون.
ئه‌م زنجیره‌یه به سه‌دام حوسێن ده‌ست پێ ده‌كات و ره‌نگه به عومه‌ر حه‌سه‌ن به‌شیریش كۆتایى نه‌یه‌ت. سه‌دام حوسێن له ساڵى 2003 له سه‌ر كار لابرا و له ساڵى 2006 له‌لایه‌ن دادگاى وڵاته‌كه‌ى بریارى له‌سێداره‌دانى بۆ ده‌رچوو و دواتریش بڕیاره‌كه جێه‌جێ كرا، دواى سه‌دام حوسێن زه‌ین عابدین بن عه‌لى سه‌رۆكى توونس له‌لایه‌ن دادگایى وڵاته‌كه‌ى بڕیارى گرتنى هه‌تاهه‌تایى بۆ ده‌رچوو، هه‌رچه‌نده خۆى راى كردبوو له سعوودیه نیشته‌جێ بوو. دواتر محه‌مه‌د حوسنى موباره‌ك سه‌رۆك كۆمارى میسر له لایه‌ن دادگاى وڵاته‌كه‌ى بڕیارى گرتنى بۆ ده‌رچوو، دواى ماوه‌یه‌ك زیندانى ئازاد كرا. هه‌ر له میسر محه‌مه‌د مورسى له ده‌سه‌ڵات لابردرا و دواتریش له لایه‌ن دادگاى وڵاته‌كه‌ى دادگایى كرا و ئێسته‌یش له زیندانه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م دیارده‌یه له نۆهه‌ده‌كانى سه‌ده‌ى رابردووه‌وه تا ئێسته له چه‌ندان وڵات به‌دى كراوه و ته‌نیا له‌سه‌ر وڵاتانى عه‌ره‌بى نه‌بووه. له ماوه‌ى بیست ساڵى رابردوو گه‌لێك سه‌رۆك له دنیا گیراون به تۆمه‌تى جیاجیا دادگایى كراون، جا له‌و كاته بێ كه له سه‌رۆكایه‌تى دا بوون، یان دواى نه‌مانیان بووه له ده‌سه‌ڵات. له‌وانه سلۆڤۆدان میلۆسۆفیج سه‌رۆكى پێشووى سڕبیا ماوه‌یه‌كى زۆر له زیندان وو له بارودۆخێكى گوماناویش گیانى له ده‌ست دا. نیكۆلا ساركۆزى سه‌رۆكى پێشووترى فڕه‌نسا ئێسته‌یش دادگاییه‌كه‌ى ته‌واو نه‌بووه، چونكه به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كرێت كه پاره‌ى له موعهفهر قه‌زافى سه‌رۆكى پێشووى لیبیا وه‌رگرتووه، بنامین نه‌تانیاهۆى سه‌رۆكى ئیسرائیل به تۆمه‌تى گه‌نده‌ڵى چه‌ند جارێك له دادگاكان لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ كراوه. دوایین دادگاییش دادگاییه‌كه‌ى حه‌سه‌ن به‌شیرى سه‌رۆكى پێشووى سوودان بوو، كه دوێنێ له خه‌رتووم ده‌ستى پێكرد.
عومه‌ر حه‌سه‌ن به‌شیر به‌هۆى كوده‌تایه‌كه‌وه له ساڵ 1989 وه ده‌سه‌ڵاتى گرته ده‌ست و له 11ى نیسان رابردوو له ده‌سه‌ڵات لادرا و دواتریش ره‌وانه‌ى زیندانى كۆپه‌ر كرا و دوێنیش بۆ یه‌كه‌مجار دواى ئه‌و ماوه‌یه وێنه‌ى به‌شیر له میدیاكانى دنیا بڵاوكرایه‌وه.
هه‌رچه‌نده پێشتریش عومه‌ر به‌شیر له‌سه‌ر تاوانى دژ به مرۆیى بڕیارى گرتنى له‌لایه‌ن دادگاى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه بۆ ده‌رچووه، به‌ڵام ئه‌مجاره له‌لایه‌ن دادگای وڵاته‌كه‌ى به تۆمه‌تێكى جیاوازتر دادگایى ده‌كرێت، ئه‌ویش تۆمه‌تى گه‌نده‌ڵییه.
وه‌ك تێبینى ده‌كرێت له دادگاییكردنى سه‌رۆكه عه‌ره‌بییه‌كان، سه‌رۆكه‌كان به‌و یاسایه دادگایى كراون كه پێشتر له‌سه‌رده‌مى حوكمڕانى ئه‌وان دانراون یانیش خۆیان واژوویان له‌سه‌ر كردووه. ئه‌و تۆمه‌تانه‌ى ئاراسته‌ى عومه‌ر به‌شیرى سه‌رۆكى سوودانیش كرا، به هه‌مان شێوه بوو.
به‌گوێره‌ى راپۆرتێك كه له ئاژانسى
فرانس پرێس بڵاوكراوه‌ته‌وه، چه‌ند تۆمه‌تێك ئاراسته‌ى عومه‌ر به‌شیر كراوه، عه‌لا دهفعولڵا به‌رپرسى پۆلیس زانیارى ئه‌وه‌ى به ئاژانسه‌كه داوه به‌شیر كاتێك بانگ كراوه، تۆمه‌ته‌كانى ئاراسته كراوه، له وانه، به‌گوێره‌ى هه‌ردوو مادده‌ى پێنج و نۆ به بوونى دراوى بیانى تۆمه‌تباره، به گوێره‌ى مادده‌ى شه‌ش به ده‌وڵه‌مه‌ندبوونى حه‌رام تۆمه‌تباره، به‌پێى ماده‌ى حه‌وتیش به‌شێوه‌یه‌كى نایاسایى دیاریى وه‌رگرتووه.
له مانگى نیسان دواى لادانى به‌شیر سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى كاتى سوودان به به‌هاى 133 ملیۆن دۆلار دراوى بیانى له ماڵى به‌شیر دۆزراوه‌ته‌وه.