بە داهێنانێكی نوێ رێگە لە دزینی مۆبایل دەگیرێت

:: PM:03:31:17/06/2019 ‌
كۆمپانیایەكی سویدی لە رێگەی داهێنانێكی نوێ رێگە لە دزینی مۆبایل دەگرێت. ئەوانەی كاریان لە بەرنامەكە كردووە، دەڵێن، ئەو كەسەی هەوڵی دزینی مۆبایل لە دەستی خاوەنەكەی یان گیرفانی دەدات تووشی گرفتێكی گەورە دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەم 17ی حوزەیران، كۆمپانیای ئەریكسۆنی سویدی ئاشكرای كرد، توانیویانە بەرنامەیەكی نوێ دابهێنن كە توانای ئاشكرا كردنی ئەو كەسانەی هەیە هەوڵی دزینی مۆبایل لە گیرفان یان دەستی خاوەنەكانیان دەدەن.

بەرنامەكە لە رێگەی لەرزین و دەنگێكی بەهێز ئەو دەستە ئاشكرا دەكات كە خاوەنی مۆبایلەكە نییە، بەمەش ئەو كەسەی دەیهەوێت مۆبایلەكە لە گیرفان یان دەستی خاوەنەكەی بدزێت، ئاشكرا دەبێت.

بەرنامەكە بە جۆرێك دانراوە كە دەستی خاوەنەكەی دەناسێت و هەر دەستێكی تری بەركەوێت راستەوخۆ زەنگی ئاگاداركردنەوە لێدەدات.

رۆژنامەی "سەن"ی بەریتانی لە راپۆرتێكدا لە بارەی داهێنانەكە ئاماژەی بەوە داوە، داهێنانەكە بەناوی "لێكخشانی خۆگونجاندن" ناونراوە، بەو پێیەی بەرنامەكە تەنیا پەنجەمۆری خاوەنەكەی دەناسێت و هەر دەستێكی تری بەركەوێت یەكسەر زەنگی ئاگاداركردنەوە لێدەدات.

كۆمپانیا سویدیەكە ئەو داهێنانەی لە یانەی تەكنەلۆجی جیهانی بەناوی خۆی تۆمار كردووە،  ئەوانەشی كاریان لەسەر پێشخستنی بەرنامەكە كردووە، دەڵێن، ئەوەی خاوەنی مۆبایلەكە نییە و دەستی لێ بدات ئەوا تووشی گرفتێكی گەورە دەبێت لە گرتنی مۆبایلەكە بە تایبەت ئەگەر مۆبایلەكە لە گیرفانی خاوەنەكەی بێت.

 بەگوێرەی ئامارەكان تەنیا لە بەریتانیا لە ساڵی 2016 نیو ملیۆن مۆبایلی زیرەك دزراوە، بەشی زۆریشی لە گیرفانی دواوە یان لەناو دەستی بەكارهێنەرەكە لە رێگەی ئۆتۆمبێل یان ماتۆڕسكیل رفێنراوە.

جێی باسە كۆمپانیا سویدییەكە ئاشكرای نەكردووە كەی ئەو بەرنامە نوێیە لەناو مۆبایلەكانی دادەبەزێنێت.


وشە - فه‌رمان سادق