رۆژى یه‌كشه‌م 9ی حوزەیران نه‌جات حه‌مید نووسه‌ر و ره‌خنه‌گر له ته‌مه‌نى 58 ساڵى كۆچى دوایى كرد، ره‌نگه خوێنه‌رانى ئێسته‌ى كورد به ته‌واوى ئه‌م نووسه‌ره نه‌ناسن، به‌ڵام نه‌جات یه‌كێك بوو له‌وانه‌ى له نه‌وه‌ته‌كانى سه‌ده‌ى رابردوودا هه‌وڵى دا میتۆدێكى نوێ بهێنێته ناو ره‌خنه‌ى كوردییه‌وه، به‌ڵام چه‌ند له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتوو بوو، ئه‌مه‌یان بابه‌تێكى تره.
تا دواى راپه‌ڕین ره‌خنه‌ى كوردى به‌تایبه‌تى له بوارى ئه‌ده‌بدا له ژێر كاریگه‌ریى چه‌ند ده‌قێكى كلاسیكیدا بوو، تا ئه‌وكات له كتێبخانه‌ى كوردى ته‌نیا چه‌ند كتێبێك هه‌بوون باسیان له ره‌خنه ده‌كرد. ئه‌وانیش به‌شێوه‌یه‌كى زۆر ساده و ساكار بوون، ته‌نانه‌ت زۆر جار له پێناسه‌كردنى ره‌خنه به تێگه‌یشتنه كلاسیكییه‌كه‌ى تێپه‌ڕى نه‌ده‌كرد.
به‌ڵام له دواى نه‌وه‌ته‌كانه‌وه كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر به چه‌ند ئاراسته‌یه‌كى جیاجیا كاریان ده‌كرد، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر هیچ نه‌بێت كۆمه‌ڵێك میتۆدى ره‌خنه‌یى به خوێنه‌رانى كورد ئاشنا بكه‌ن، جیا له هه‌وڵى ره‌هه‌ندییه‌كان له ده‌ره‌وه‌ى كوردستان، له ناوخۆیش كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر هه‌بوون بۆ هه‌مان ئامانج كاریان ده‌كرد.
له‌و كاته‌دا كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر له‌ناو هه‌رێمى كوردستان كاریان له‌سه‌ر ناساندنى میتۆدى بونیادگه‌رى ده‌كرد، ئه‌وانیش هه‌ریه‌كه له نه‌جات حه‌مید و نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د و عوسمان یاسینى پارێزه‌ر بوون. ئه‌وكات ئه‌و نووسه‌رانه جیا له ناساندنى چه‌مكه‌كانى پێوه‌ست به بونیادگه‌رى له رووى كرده‌نیشه‌وه كاریان له‌سه‌ر ئه‌ده‌بى كوردى ده‌كرد، به تایبه‌تى له گۆڤارى رامان و كاروان، به‌گوێره‌ى میتۆدى بونیادگه‌رى چه‌ند ده‌قێكیان خوێنده‌وه.
نه‌جات حه‌مید كه زمانى فڕه‌نسى له زانكۆى به‌غدا خوێندووه، یه‌كێك بوو له‌و نووسه‌رانه كه زۆرترین كارى له‌سه‌ر بونیادگه‌رى كرد، ره‌نگه هه‌ڵه نه‌بین ئه‌گه‌ر بڵێین ئه‌و پێشه‌نگى ئه‌و نووسه‌رانه بوو، نزیكه‌ى دوو ساڵ بوو به‌رده‌وام باسى له بونیادگه‌رى ده‌كرد، به‌ڵام له‌مه‌دا رووبه‌ڕووى كۆمه‌ڵێك مشت‌ومڕ بووه‌وه.
یه‌كێك له‌و كێشانه‌ى رووبه‌ڕووى بووه‌وه، ئه‌وه‌بوو ئه‌م میتۆده به ته‌واوى نه‌ده‌گه‌یشت، به‌تایبه‌تى چه‌مك و هێڵه گشتییه‌كانى، له‌مه‌دا چه‌ند هۆكارێك هه‌بوو یه‌كه‌میان نه‌بوونى وشه‌ى گونجاو بوو له زمانى كوردى بۆ زاراوه‌كانى ئه‌م بواره. دووه‌م شێوازى نووسینى نه‌جات حه‌مید بوو كه زۆرجار خوێنه‌رانى ساده نه‌یانده‌توانى لێى تێبگه‌ن.
سه‌ره‌ڕاى هه‌موو ئه‌مانه پاساوى هه‌ندێك له‌وانه‌ى ره‌خنه‌یان له بونیادگرى ده‌كرد، ئه‌وه‌بوو بونیادگه‌رى میتۆدێكى هزرى و ره‌خنه‌یى كۆن و به‌سه‌رچووه، بۆیه به بڕواى ئه‌وان پێویست ناكات دواى تێپه‌ڕبوونى زیاتر له 70 ساڵ به‌سه‌ر داهێنانى تازه به تازه بهێنرێته ناو ئه‌ده‌بى كوردى.
ئه‌وه‌ى بوارى ده‌دا مشتومڕه‌كه له‌سه‌ر بونیادگه‌رى تۆختر بێته‌وه، ئه‌وه‌بوو هه‌وڵى ئه‌و نووسه‌رانه له زۆر كاتدا له لێكۆڵینه‌وه و وتارى ناو گۆڤاره‌كان ره‌تى نه‌ده‌كرد و نه ده‌بوو به كتێب، له‌وانه ته‌نیا عوسمان یاسین نه‌بێت كه كتێبێكى بچووكى له‌لایه‌ن ده‌زگه‌ى گوڵان بڵاو كرایه‌وه به ناوى "بونیادگه‌ری پێكهاته‌یى"، ئه‌گه‌رنا ئه‌وانى تر ته‌نیا لێكۆڵینه‌وه‌ى بچووك و ره‌خنه‌ى ناو گۆڤاره‌كان بوو.
هه‌موو ئه‌مانه ئاسته‌نگ بوون له به‌رده‌م كاره‌كانى نه‌جات حه‌مید، به‌ڵام له پاڵ ئه‌م ره‌خنانه ره‌خنه‌یه‌كى تر هه‌بوو كه زۆر له‌وانى تر رژدتر بوو، ئه‌ویش هى ئه‌و كه‌سانه بوو كه ده‌یانگوت، بونیادگه‌رى میتۆدێكى هزرى گشتگیره، ناكرێت ته‌نیا له ئه‌ده‌ب قه‌تیس بكرێت، ته‌نانه‌ت ده‌گوترا بونیادگه‌رى له بنه‌ڕه‌دا رێباز نییه، به‌ڵكو بوارێكى فراوانه بۆ لێكۆڵینه‌وه بۆیه نه‌ك ته‌نیا له ئه‌ده‌ب، به‌ڵكو ده‌كرێت ده‌قه ئاینییه‌كان و سیاسى و ئه‌فسانه‌كانیشى پێ بخوێنرێته‌وه.
جگه له‌م تێبینییه وردانه، ئه‌وانه‌ى له‌م روانگه‌یه‌وه ره‌خنه‌یان له بونیادگه‌رى ده‌گرت، ده‌یانگوت ئه‌گه‌ر بونیادگه‌رى زۆر قووڵ بكرێته‌وه ره‌نگه له‌گه‌ڵ كولتوور و رۆشنبیرى كوردى یه‌ك نه‌گرێته‌وه و دژایه‌تى بكرێت، چونكه بنه‌مایه‌كى ئه‌م بواره ئیلحاده، یان به‌شێوه‌یه‌كى ساده‌تر ده‌توانین بگوترێت له بنه‌ڕه‌تدا بونیادگه‌رى له‌و روانگه‌یه‌وه سه‌یرى شته‌كان هه‌ریه‌كه‌یان بونیادێكى سه‌ره‌كى خۆى هه‌یه، بۆیه ده‌كرێت دوور له هۆكارى بوونه‌كه‌ى خوێندنه‌وه‌ى بۆ بكرێت.
به‌ڵام وێڕاى هه‌موو ره‌خنه‌كان كاره‌كانى نه‌جات حه‌مید وه‌ك هه‌وڵێكى رژد ده‌مێنێته‌وه و ئه‌گه‌ر له ئاینده كۆ بكرێنه‌وه، ئه‌وا سوودێكى گه‌وره به ره‌خنه‌ى كوردى ده‌گه‌یه‌نێ.