شادان عه‌لى خاتوونه شاعیر و هونه‌رمه‌ندى شێوه‌كار كه ناسراوه به (شاده). له دایكبووى ساڵى 1979ى سلێمانییه، ئه‌و له دوو بوارى گرنگ خزمه‌ت به هونه‌رى كوردى ده‌كات وه‌ك شیعر و شێوه‌كاری. له دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا رووبه‌ڕووی چه‌ندان پرسیارمان كردووه‌ته‌وه.
سه‌ره‌تای كاره هونه‌رییه‌كانتان بۆ كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
ده‌ستپێكى كاره هونه‌رییه‌كانم ده‌گه‌ڕێته‌وه ساڵى 1994 و بۆ یه‌كه‌م جار هاتمه ناو دنیاى شیعر، دواتر له ساڵى 1996 ده‌ستم به نیگاركێشان و هونه‌ری شێوه‌كارى كرد.
تۆ هاوكات شاعیر و شێوه‌كاریت، ئه‌و دوو هه‌سته چۆن تێكه‌ڵ ده‌بن؟
هه‌ردوو هونه‌ره‌كه‌م پێكه‌وه ده‌ست پێ كرد، ناتوانم بڵێم به‌ر له‌وه‌ى شێوه‌كار بم شاعیر بووم، به هه‌وڵدان و ئه‌زموونى به‌رده‌وام، بووم به شاعیرێك و ده‌نگێكى ژنانه‌ى ئه‌م سه‌رده‌مه، بۆیه ده‌ڵێم كه توانیم شیعر بنووسم، ده‌ستم به وێنه‌كێشانیش كرد و هه‌ر ئه‌و حه‌زه‌ى منداڵیم سه‌رى هه‌ڵدا و به ئه‌زموون و تاقیكردنه‌وه ئه‌م دوو به‌هره‌یه‌م په‌ره‌ى سه‌ند و له دایك بوون.
چى واى لێ كردى هه‌م ببیت به شاعیر و هه‌م شێوه‌كار؟
ئه‌و هه‌سته‌ى وام لێ ده‌كات شیعر و وێنه بكێشم، هه‌ستكردنه به ژیانى ژنان، چونكه خۆم ژنێكم له‌و ژنانه و زیاتر به‌هۆى شه‌ڕ و جه‌نگ و ماڵوێرانى و خه‌م و ئازاره‌كانیان هه‌ست ده‌كه‌م ڕۆژانه له‌گه‌ڵیاندا ده‌ژیم.
تا ئێسته چه‌ند پێشانگه‌ى تایبه‌ت یان هاوبه‌شت هه‌یه؟
تاكو ئێسته خاوه‌نى سێ پێشانگه‌ى تایبه‌تیم به ناوه‌كانى (سه‌ماى دره‌خته‌كانى شادان، خاكى دایكم، جوانییه‌كانى پایز). هاوكات به‌شدارى چه‌ندان پێشانگه‌ى هاوبه‌شم كردووه له (ئه‌ڵمانیا، جۆرجیا و توركیا)، هه‌روه‌ها له سلێمانى و گه‌رمیان خاوه‌نى 35 پێشانگه‌ى هاوبه‌شم.
ئه‌ی له‌باره‌ى شیعره‌كانته‌وه، كتێبت بڵاو كردووه‌ته‌وه؟
خاوه‌نى دوو دیوانی شیعرم، دیوانێكم به ناوى (تۆ دڵمى یا خاكى نیشتمانم) له 137 لاپه‌ڕه پێك هاتووه، دیوانه‌كه‌ى ترم ئێسته له چاپدایه كه زیاتر له 400 لاپه‌ڕه‌یه، هه‌روه‌ها دوو كۆڕى تایبه‌ت و كۆڕێكى هاوبه‌شى شیعریم ساز كردووه.
ئایا شیعر له‌سه‌ر داواكاری ده‌نووسی؟
به‌ڵێ، داوای شیعریان لێ كردووم بۆ گۆرانى، بۆ مه‌قام و لاوانه‌وه یاخۆ له شانۆدا، هه‌روه‌ها له‌ناو شانۆدا شیعره‌كانم ده‌خوێنرێنه‌وه و به خۆشحاڵییه‌وه زۆربه‌ى كات داوام لێ ده‌كه‌ن شیعرى تایبه‌تیان بۆ بنووسم بۆ ئه‌و كارانه‌ى خۆیان پێویستیانه.
شیعر و ئه‌ده‌بیاتى كلاسیكى كوردى له ڕوانگه‌ى خۆتانه‌وه چۆن ده‌بینن؟
بێگومان له كاتێكى وادا ناتوانین شیعرى كلاسیكى كوردى هه‌ڵسه‌نگێنین، به‌ڵام ده‌توانین بڵێین شیعرى كلاسیكى كوردى له قۆناغێكى زۆر گرنگدا بووه و به لووتكه‌ى داهێنان و زمانى شیعرى ئه‌و سه‌رده‌مه داده‌نرێت، هه‌روه‌ها زمانى شیعرى ئه‌و سه‌رده‌مه له جیاتى زمانى چیڕۆك و ته‌سه‌وف و فه‌لسه‌فه و زانستى كۆمه‌ڵایه‌تى بووه، بۆ نموونه شاعیرانى وه‌ك نالى و مه‌حوى و سالم و شێخ ڕه‌زاى تاڵه‌بانى و حاجى قادرى كۆیی و ئه‌وانى تر.. زمانێكى جوان و پاراویان له شیعره‌كانیان به‌كار هێنا، ئه‌گه‌رچى وشه‌ى عه‌ره‌بى و توركى و فارسى له شیعره‌كانیان هه‌بوو، به‌ڵام زۆر به جوانى گوزارشت و داهێنانیان له شیعردا كردووه.
كه‌واته ئه‌و شاعیرانه‌ی كلاسیك كاریگه‌رییان به‌سه‌ر شیعره‌كانتانه‌وه هه‌یه؟
شیعرى كلاسیكى به‌شێوه‌یه‌كى ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریى له‌سه‌ر زۆربه‌ى شاعیرانى ئه‌م سه‌رده‌مه هه‌یه، من وه‌ك شاعیرێكى نوێ و به جۆرێكى تازه و نوێكارییه‌وه شیعر ده‌نووسم، بێگومان شیعرى كلاسیكى كوردى به شێوه‌یه‌كى ناڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریى به‌سه‌رمه‌وه هه‌یه و ڕۆژانه ده‌یانخوێنمه‌وه، به تایبه‌ت نالى كه قۆناغێكى گرنگى شیعرى كوردییه.
وشه/ هه‌ولێر- محه‌مه‌د جه‌مال