یاریزانانی هەولێر پەیوەندی بە یانەكانی عێراق دەكەن

:: PM:01:24:10/01/2017 ‌

دوای ئەوەی یانەی هەولێر بەفەرمی لە خولی نایابی تۆپی پێی عێراق كشانەوەی راگەیاند، چەند ئەستێرەكانی ئەو یانەیە پەیوەندی بە یانەی نەوتی ناوەڕاستەوە دەكەن.

راگەیاندنی یانەی نەفتی ناوەڕاست بەفەرمی گرێبەستكردنی لەگەڵ 5 ئەستێرەی یانەی هەولێر راگەیاند بۆ ئەوەی لە گەڕی دووەمی خولی نایابی عێراق یارییان بۆ بكەن، یاریزانەكانیش برێتین لە فەرحان شكور، نیاز محەمەد، ئیڤان خالید، بارزان شێرزاد و دیار رەحمان.

یانەی نەفتی ناوەڕاست بەشێوەی خواستن تا كۆتای ئەم وەرزە گرێبەستی لەگەڵ ئەو یاریزانانەی یانەی هەولێر كردووە بۆ ئەوەی لە گەڕی دووەمی خولی نایابی عێراق یارییان بۆ بكەن، هەروەها بەشداریی لە یارییەكانی پاڵەوانیەتیی عەرەب بكەن دوای ئەوەی یانەكە قۆناغی كۆمەڵەكانی پاڵەوانیەتییەكەی تێپەڕاند.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی هەولێر دوای ئەوەی بەفەرمی كشانەوەی لە خولی نایابی عێراق راگەیاندوو، دەستبەرداری سەرجەم یاریزانەكانی ببوو و هەروەها رێگەی دابوون گرێبەست لەگەڵ یانەی تری ئیمزا بكەن.

بەگوێرەی زانیارییەكان چاوەڕوان دەكرێ لە چەند رۆژی داهاتوودا لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی یاریزاناندا چەند یاریزانی تری یانەی هەولێر گرێبەست لەگەڵ یانەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ئیمزا بكەن.

جێی باسە یەكەتیی تۆپی پێی عێراق بڕیاریداوە ئەگەر یانەی هەولێر لە بڕیاری كشانەوەی خولی نایابی عێراق پەشیمان نەبێتەوە، سزایەكی قورسی بدات، سزایەكەش برێتی دەبێت لە دابەزینی بۆ خولی پلە یەك و هەروەها پێبژاردنی 25 ملیۆن دیناری عێراقی.

وشە/ ئامانج ئەكرەم





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م