فیفا بەفەرمی بڕیارەكەی دەركرد.. گۆڕانكاری لە مۆندیالی 2026 دەكات

:: PM:01:54:10/01/2017 ‌

یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا) ئەمڕۆ سێشەم بەفەرمی بڕیاری دا گۆڕانكاری لە یارییەكانی مۆندیالی 2026 بكات.

وارگەی (فیفا) بڵاوی كردەوە: دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەندامانی یەكەتی تۆپی پێی ناودەوڵەتی بە زۆرینەی دەنگ بڕیارەكەی سەرۆكی فیفا ئینڤانتینۆ سەبارەت بە گۆڕانكاری لە مۆندیالی 2026 قبووڵ كرا.

گۆڕانكارییەكە مۆندیالی 2018ی رووسیا و 2022ی قەتەڕ ناگرێتەوە و بۆ یەكەمجاریش لە مۆندیالی 2026 دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

وارگەی فیفا چەند زانیارییەكی لەسەر گۆڕانكارییەكانی مۆندیالی 2026 ئاشكرا كرد، ئەوانیش برێتین لە زیادكردنی كۆمەڵەكان بۆ 16 كۆمەڵە و هەر كۆمەڵەیەكیش 3 هەڵبژاردە لە خۆ دەگرێت.

یەكەم و دووەمی هەر 16 كۆمەڵەكە سەردەكەون بۆ قۆناغی 32، ژمارەی كۆی یارییەكانی پاڵەوانیەتییەكەش لە 64 یارییەوە بۆ 80 یاریی زیاد دەكرێن.

بەمەش یەكەتییەكە كۆی هەڵبژاردە بەشدارەكانی مۆندیالی 2026ی بۆ 48 هەڵبژاردە زیاد كرد، واتە چواریەكی ئەو هەڵبژاردانەی كە بەفەرمی لە فیفا ناویان تۆمار كراوە لە پاڵەوانیەتیەكەدا بەشدار دەبن.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م