هەزاران چالاكوانی ژینگە پارێزی ئەڵمانی خۆپیشاندان دەكەن

:: PM:06:35:22/06/2019 ‌
ئەمڕۆ شەموو 22ی حوزەیران، هەزاران چالاكوانی ژینگە پارێزی ئەڵمانی لە بەردەم گەورەترین كانگای بەرهەمهێنانی خەڵووزی بەردین لە ناوچەی هوخنكیرش لە رۆژئاوای ئەڵمانیا، گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەن بەرەنگاری گۆڕانكاری كەشوهەوا ببنەوە. 

ئەو كانگەی بەرهەمهێنانی خەڵووزی بەردینەی ئەڵمانیا كە كۆمپانیای "ئاڕ دەبڵیو ئەی"ی كاری بەرهەمهێنانی تێدا دەكات، ساڵانێكە بووەتە جێگەی سەرنجی داكۆكیكاران لە ژینگە و گۆڕانكاری كەشوهەوا، بەتایبەت دوای ئەوەی كۆمپانیایەكە هەڕەشەی لەناو بردنی دارستانێكی كرد بوو.

گردبوونەوەی ناڕەزایەتی چالاكوانانی ژینگەیی لە ئەڵمانیا، دوای ئەوە دێت سەركردەكانی وڵاتانی ئەوروپی لە دوا كۆبوونەوەیان شكستیان هێنا لە رێككەوتن لەسەر بەرنامەی كار و داڕشتنی پلانێكی ئابووری بۆ یەكێتیی ئەوروپا كە تا ساڵی 2050 خاڵی بێت لە پاشماوەی كاربۆن.

شكستی یەكێتیی ئەوروپا لە كاتێكدایە ئەڵمانیا و فڕەنسا و بەریتانیا كە سێ گەورەترین و بەهێزترین وڵاتی ئەوروپیین، پشتگیرییان لە پڕۆژەكە كردووە، بەڵام وڵاتانی تر كە پشت بە خەڵووزی بەردین دەبەستن وەك پۆڵەندا، رێگر بوو لەبەردەم پێشنیارەكە.

ژمارەیەكی زۆری پۆلیسی ئەڵمانی  چوونە بەردەم كانگای خەڵووزە بەردینەكە و ئاو رێژنیان لەگەڵ خۆیان برد بوو تا رێگری لە خۆپیشاندەران بگرن لە سووتاندنی كانگایەكە كە سەرچاوەی دابینكردنی وزەی كارەبایە بۆ ناوچەیەكی نزیك ئەو شوێنە.

گردبوونەوەكە لە كاتێكدایە لە سەرەتای ئەم مانگەدا حكوومەتی ئەڵمانیا رەزامەندی لەسەر پلانێك دەربڕی بۆ كۆتایی پێهێنانی كانگاكانی بەرهەمهێنانی خەڵووز كە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا پشتی پێ دەبەسترێت، بەپێی پلانەكەش بێت ساڵی 2038، دوا وادە دەبێت كە چیتر ئەڵمانیا بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا پشت بە خەڵووز نەبەستێت، بەڵام ترسی ئەوەشیان هەیە وەك پێویست گازی سروشتییان پێ نەگات بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا.

هاوكات ئەنجێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا بە هەموو هێزی پشتگیری لەو بۆچوونە دەكات كە تا ساڵی 2050 ئەڵمانیا لە پاشماوەی كاربۆن پاك بكرێتەوە و ژینگەیەكی پاكی هەبێت.


وشە - فه‌رمان سادق