ئه‌و پیاوه‌ی له تاوانكاری و مانه‌وه له گرتووخانه‌وه بوو به چێشتلێنه‌ری تایبه‌تی پوتین و دواتریش بووه باڵ و ده‌ستی ڕووسیای نوێ بۆ سه‌پاندنی هه‌ژموون به‌سه‌ر ئه‌فریقا و گێڕانه‌وه‌ی شكۆی ڕووسیا بۆ سه‌رده‌می جارانی، له شاری لینیگراد، سانپترسبۆرگی ڕووسیا له 1961 له دایكبووه و له 1977 به تۆمه‌تی دزی و ڕفاندن و فرۆشتنی كچانی خوار 18 ساڵ گیرا و خرایه گرتووخانه‌وه و حوكمی 12 ساڵ به‌ندی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا، دواتر بوو به فرۆشیاری سانده‌ویچ و له كۆتاییدا بوو به‌و كه‌سه‌ی كه به شه‌یتانی كۆشكی كرملێن ناوی ده‌برێت.
دوای ئه‌وه‌ی یه‌ڤگینی له گرتووخانه هاته ده‌ره‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌سێكی زۆر لێهاتوو بوو له كوشتن و ڕفاندن و كاری نایاسایی، به‌ڵام به‌ڵێنی دا كه چیتر ئه‌و كارانه نه‌كات و ده‌ست بكات به كارێكی شه‌ره‌فمه‌ندانه، بۆ ئه‌مه‌یش ده‌ستی به فرۆشتنی سانده‌ویچی "هۆت دۆگ" كرد و دواتر ورده ورده پاره‌ی كۆ كرده‌وه و تا چێشتخانه‌یه‌كی زۆر ناوازه‌ی له‌سه‌ر پشتی كه‌شتییه‌كی ناوازه دروست كرد.
ڕۆژ دوای ڕۆژ چێشتخانه‌كه‌ی له‌سه‌ر كه‌شتییه دڵگیره‌كه فره‌وانتر ده‌بوو، تا له 2001 خۆری به‌ختی ئه‌و هه‌ڵات، كاتێك دوو میوانی زۆر تایبه‌ت له‌سه‌ر كه‌شتییه‌كی داوه‌تی خواردن كران، كه ئه‌وانیش ڤلادیمێر پوتینی سه‌رۆكی ڕووسیا و یوشیرو موری سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاتی ژاپۆن بوو، له هه‌مان ساڵ دا پوتین به‌هۆی ئه‌وه‌ی چێشتخانه‌كه‌ی زۆر به دڵ بوو، جارێكی تر به یاوه‌ری جاك شیراك سه‌ردانی ئه‌و چێشتخانه‌یه‌ی یه‌ڤگینی كرده‌وه.
دوای ئه‌و دوو سه‌ردانه‌ی، به‌هۆی ئه‌وه‌ی پوتین چێژی له خواردنه‌كانی ده‌بینی، بۆیه بڕیاردرا، چێشتخانه‌گه‌ی
بریگوجین ببێته ئاماده‌كاری خوانی بۆنه تایبه‌ته‌كانی كۆشكی كرملێن و له 2003 به‌هه‌مانشێوه چێشت و شیرینی ئاهه‌نگی له‌دایكبوونی ڤلادیمێر پوتینی ساز كرد، له سه‌رده‌م ئه‌و تاقیكردنه‌وانه زۆر به ڕێكی و بێ هیچ گومان و كێشه‌یه‌ك بوو به‌یه‌كێك له كه‌سایه‌تییه دڵخوازه‌كان لای پوتین، بۆیه بوو به چێشتلێنه‌ری تایبه‌تی پوتین و ئه‌و ناسناوه‌ی پێ درا.
پاش وه‌رگرتنی ئه‌و ناسناوه چه‌ند گه‌وره گرێبه‌ستێكی كرد، له‌وانه دابینكردنی خۆراكی قوتابخانه‌كانی ڕووسیا و پاشان خۆراكی ته‌واوی سوپای وڵات، دوای به ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌و پرۆژانه كه‌شتییه‌كه كۆنه‌كه‌ی چێشتخانه‌ی له‌سه‌ر دروست كردبوو، كردی به به‌له‌مێكی زۆر تایبه‌ت و ناوازه له‌سه‌ر ئاستی دنیا و به هه‌مانشێوه چێشتخانه‌كه‌ی له‌سه‌ر دروست كرده‌وه.
دواتر بوو به یه‌كێك له ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی ڕووسیا و ئێسته له شوێنی خانووه كۆنه‌كه‌ی له كۆشكێكی شاهانه له سان پترسبۆرگ ژیان به‌سه‌ر ده‌بات و له‌جیاتی ئۆتۆمبێل به هه‌لیكۆپته‌ر هاتوچۆ ده‌كات، چیرۆكی ئه‌و پیاوه به ته‌واوی سه‌رنجڕاكێشه له پیاوێكی تاوانبار و هه‌ژاره‌وه بۆ متمانه‌پێكراوترین كه‌سی سه‌رۆكی ڕووسیا و یه‌كێك له ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی ڕووسا كارێكه كه هه‌مووان حه‌زی بۆ ده‌خوازن و ده‌یانه‌وێ هاوشێوه‌ی ئه‌و ڕێگا قورسه‌كان ببڕن و به ئامانج بگه‌ن.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به چێشتلێنه‌ری پوتین ناسراوه، به‌ڵام له ته‌ك ئه‌وه به ئه‌ندازیاری زۆرێك له جوڵه سه‌ربازی و سیاسی و دیپلۆماسییه‌كانی پوتینیش ناوی ده‌برێ، بۆیه سه‌رجه‌م ئه‌و كارانه‌ی ڕووسیا كه به هێزی نه‌رم و دوور له به‌كارهێنانی سوپا به‌دیان ده‌هێنێت، له ڕێی پلان و جێبه‌جێكاری ئه‌و پیاوه‌وه‌یه، ئه‌و به ته‌واوی ئێسته ئیمپراتۆریه‌تیێكی گه‌وره‌ی میدیایی و سۆشیال میدیای دروست كردووه و ده‌توانێ كاریگه‌ری به‌سه‌ر ده‌نگده‌ران دروست بكات، بۆ هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك كه بخوازن، جیا له‌وه‌یش تۆڕێكی گه‌وره‌ی له سۆشیال میدیاكان هه‌یه و ئامانجه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیای پێ ده‌هێنێته دی.
له ڕاپۆرته‌كه‌ی مۆله‌ر كه تایبه‌ت بوو به لێكۆڵینه‌وه له ده‌ستوه‌ردانی ڕووسیا له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا و ده‌رچوون و سه‌رخستنی دۆناڵد تره‌مپ، یه‌ڤگینی بریگۆجین به گه‌وره‌ترین كه‌سایه‌تی ناوده‌برێ كه ده‌ستی هه‌بووه له ده‌ستوه‌ردانی ڕووسیا له هه‌ڵبژاردن.
ئه‌و خاوه‌نی 12 ئاژانسی هه‌واڵییه و سه‌رجه‌میان سه‌ر به ئیمپراتۆریه‌تیه میدیاییه‌كه‌ی ئه‌ون، له‌گه‌ڵ هه‌زاران ئه‌كاونتی وه‌همی كه له كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان له ڕێی كارمه‌نده‌كانییه‌وه دروستی ده‌كات و ئاراسته‌ی بیركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی پێ ده‌گۆڕێ، بۆ ئه‌و ئامانجه‌ی كه له خزمه‌تی پوتین و ڕووسیا بن.
هاوكات بۆ ململانێی هه‌ژموونی چین و ئه‌مه‌ریكا له جیهانی سێیه‌م به گشتی و ئه‌فریقا به تایبه‌تی، خاوه‌نی بیرۆكه‌ی سه‌پاندنی هه‌ژموونی ڕووسیایه به‌سه‌ر وڵاتانی وه‌كو سوودان و لیبیا و كۆنگۆی دیموكرات و مه‌دغشقه‌ر و ئه‌نگۆلا و گینیا و مۆزه‌مبیق و زیمبابۆی و كۆماری ئه‌فریقای ناوه‌ڕأست و چاد و نه‌یجیریا و كینیا، هاوكات دامه‌زرێنه‌ری سوپای ڤاگنه‌ره كه ئێسته له سووریا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌سه‌د ده‌جه‌نگن و به شه‌یتانه‌كه‌ی ڕووسیا ناوی ده‌برێ و نه‌یارانی ڕووسیا به ته‌واوی لێی تۆقیون.