من ئاره‌زووى شتێك ده‌كه‌م و ته‌واو بڕوایشم به‌وه هه‌یه، له‌و ئارهزووكردنهم سه‌ربه‌ستم. به واته‌ى ئه‌وه‌ى هیچ هۆكارێك واى له من نه‌كردووه ئاره‌زووم بۆ ئه‌و شته بجووڵێ، هیچ شتێك ئاراسته‌ى نه‌كردووم، به‌ڵكو خۆم به‌وپه‌ڕى ئازادانه‌ى ویستم ئاره‌زووم بۆ ئه‌م شته ده‌چێ.
كه ده‌ژین ئاره‌زووى كۆمه‌ڵێك شت ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئایا بیرمان له‌وه كردووه‌ته‌وه چ پاڵنه‌رێك له پشت جووڵاندنى ئارهزووهكانماندایه، ئایا ئاره‌زووه‌كان ته‌نیا پێوه‌ندییان به پاڵنه‌ره بایۆلۆجییهكانهوه هه‌یه، بۆ نموونه من به پاڵنه‌رى سێكسى ئاره‌زووى كچێك ده‌كه‌م، یان به پاڵنه‌رى برسێتى بیر له خواردن ده‌كه‌مه‌وه و ئاره‌زووى چه‌ندان جۆر خواردن ده‌كه‌م؟
هه‌ڵبه‌ته له‌باره‌ی ئه‌م دوو په‌ره‌گرافه‌ى سه‌ره‌وه رێنیه جیرارى بیرمه‌ندى به‌ناوبانگ، كۆمه‌ڵێك بۆچوونى وردى هه‌یه، له‌باره‌ی په‌ره‌گرافى یه‌كه‌م باس له ویستى سه‌ربه‌خۆى تاكه‌كان ده‌كات له ئاره‌زووه‌كان، ئه‌وا جیرار ته‌واوى ئه‌م بۆچوونه ره‌ت ده‌كاته‌وه، ئه‌و پێی وایه ئه‌وه‌ى ئاره‌زووى تاكه‌كان ته‌نیا به‌هۆى ویستى سه‌ربه‌خۆوه نییه كه ئێمه وه‌همى ده‌كه‌ین، به‌ڵكو هۆكارى تر هه‌یه كه دواتر باسى ده‌كه‌ین.
له‌باره‌ی په‌ره‌گرافى دووه‌میش ده‌بێ ئاماژه بۆ ئه‌وه بكه‌ین جیرار یه‌كێكه له‌و بیرمه‌ندانه‌ى كه به‌شێوه‌یه‌كى زۆر سه‌رنجڕاكێش واى له ئێمه كرد بابه‌تى "ئاره‌زوو" بكه‌ین به بابه‌تێكى هزرى و هه‌وڵ بده‌ین په‌ی به ره‌هه‌نده‌كانى بده‌ین.
رینیه جیرار له ساڵى 1923 له دایك بووه و له ساڵى 2015 مردووه، ئه‌و كۆمه‌ڵێك كتێب و تێزى فیكرى ناسراوه، یه‌كێك له‌و كتێبانه‌ى كه ناوبانگى په‌یدا كرد كتێبى "توندوتیژى و پیرۆزى" بوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ى پێوه‌ندى به بابه‌تى "ئاره‌زوو"ه‌وه هه‌یه، له‌م كتێبه نییه، به‌ڵكو له كتێبێكى تره كه به زمانى عه‌ره‌بى به ناونیشانى "درۆى رۆمانسیانه و هه‌قیقه‌تى رۆمان" بڵاو كراوه‌ته‌وه، كه‌چى به زمانى ئینگلیزى رۆمانه‌كه به‌م شێوازه بڵاو كراوه‌ته‌وه "فریو و ئاره‌زوو و رۆمان".
هه‌ڵبه‌ته جیرار له‌م رۆمانه‌دا باس له چه‌ندان رۆمانى گرنگ ده‌كات كه له مێژووى ئه‌ده‌بدا به‌ناوبانگن، خوێندنه‌وه‌ى وردیان بۆ ده‌كات، چه‌ندان تێبینى گرینگ له سه‌ر تیما و كارهكتهكانى ده‌دا، به‌ڵام خاڵێك له‌وه گرینگتر ئه‌وه‌یه له رۆمانه‌وه له هه‌سته مرۆییه‌كان نزیك ده‌بێته‌وه و باس له ئاره‌زوو ده‌كات.
ئه‌م كتێبه له 12 به‌ش پێكهاتووه، له‌وانه سێگۆشه‌ى ئاره‌زوو، گۆڕانكارییه‌كانى ئاره‌زوو، سه‌ردار و ژێرده‌ست، سوور و ره‌ش، كۆتایى دنیا له لاى دۆستۆیڤسكى، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له هه‌موو به‌شه‌كانى كتێبه‌كه زیاتر ناوبانگى ده‌ركردووه، سێگۆشه‌ى ئاره‌زووه، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر له ئینته‌رنێت به دواى ئه‌م بابه‌ته بگه‌ڕێ، ئه‌وا ده‌یان نووسین و لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌سه‌ر بابه‌تى "سێگۆشه‌ى ئاره‌زوو" ده‌ست ده‌كه‌وێ.
كورته‌ى بیرۆكه‌كه ئه‌وه‌یه پرۆسه‌ى ئاره‌زووكردن له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه له سێ ره‌گه‌زه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ، یه‌كه‌میان ئارهزووكهره، واته ئه‌و كه‌سه‌ى كه ئاره‌زووى هه‌یه، دووه‌م ئاره‌زووكراوه، واته ئه‌و شتانه‌ى ئاره‌زوویان ده‌كه‌ین، سێیه‌م ره‌گه‌ز یان سێیه‌م گۆشه‌ى ئاره‌زوو ئه‌و ناوه‌نده‌یه كه ئاره‌زووه‌كان ده‌جووڵێنێ. ئه‌وه‌ى لێره‌دا زاڵه و ئاره‌زووه‌كان ده‌سه‌پێنێ و كه‌سه‌كه به‌ره‌و ئاره‌زووه‌كان ئاراسته ده‌كات، ناوه‌ندى ئارهزووهكهیه. له‌رووى ده‌روونیشه‌وه ئه‌وه‌ى پرۆسه‌كه به‌ڕێوه ده‌بات لاساییكردنه‌وه‌یه، واته میكانیزمى ئارهزووكردنهكه لاساییكردنه‌وه‌یه.
ره‌نگه بیرۆكه‌كه ساده‌تر ده‌ركه‌وێ ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه باسى بكه‌ین: من كه ئاره‌زووى شتێك ده‌كه‌م، پێوه‌ندى ئاره‌زووكردن له نێوان من و شته‌كه راسته‌وخۆ نییه، به‌ڵكو ناوه‌ندێك هه‌یه پێم ده‌ڵێ ئه‌و شته پێشتر تاقى كراوه‌ته‌وه و چێژبه‌خشه، لێره‌وه حه‌زى لاساییكردنه‌وه من به‌ره‌و شته‌كه ده‌بات و ده‌بێ ئارهزوولێكراوى من. واته من به‌حه‌زى دووباره‌كردنه‌وه‌ى چێژى یه‌كه‌م ئاره‌زووى شته‌كه ده‌كه‌م، به ئامانجى ئه‌وه‌ى منیش چێژم ده‌ربكه‌وێ.