رۆبینا تیاری: مەسروور بارزانی لە حوکمڕانی سەرکەوتوو دەبێت

 
ڕوبینا تیاری ئەندامی فراكسیۆنی هاوپەیمانی یه‌كێتى نەتەوەیی لە پەرلەمانی كوردستان/ مەسیحی/ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ "وشە" ئاماژە بەوە دەكات، بۆ حكوومەتێكی بەهێز پشتیوانی لە مەسروور بارزانی دەكەن و دووپات لەوەیش دەكاتەوە، ئەوەی وەریانگرتووە مافی خۆیانە و لە كەسی قبووڵ ناكەن پێیان بڵێن مافی ئێوە زۆرە.

مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان سەردانی پێكهاتەكانی كرد، ئێوە چیتان لێ‌ بەدی كرد؟ 

لە هاتنی مەسروور بارزانی بۆ لای پێكهاتەكان ئەوەی لێ‌ بەدی دەكرا كە پشتیوانی تەواوی پێكهاتەكانی كوردستان دەكات، بەجۆرێك دەیەوێ پێكهاتەكان بە فراوانی بەشداری لە حكوومەتی داهاتووی كوردستان بكەن، بێگومان دواتر لەگەڵ پێكهێنانی حكوومەت پێگەی پێكهاتەكان دەردەكەوێ‌ كە لەسەر چ ئاستێك دەبێت، ئێستە ئێمە سەرقاڵی ئامادەكردنی سی ڤی كاندیدەكانین بۆ ئەوەی بەركەوتەی مەسیحییەكان لە حكوومەت پڕ بكەینەوە.

ڕوونە كە لە كابینەی داهاتوو چ پۆستێكتان بەردەكەوێ‌؟
وەك پێكهاتەكان پۆستمان بەردەكەوێ‌، وەزارەتێك بۆ كاروبارەكان و لەگەڵ چەند دەستە و بەڕێوەبەرێكی گشتیی و راوێژكاریش لەناو پێكهاتەكان دابەش دەكرێ‌، لای خۆمان لەسەر چەند بنەمایەكی دیاریكراو كەسەكان یەكلا دەكرێنەوە و هەمووی بەیەك پاكێج دەدرێتە سەرۆك وەزیرانی داهاتوو، وەك دەمانەوێ‌ كەسی لێهاتوو و بەهێز بخەینە حكوومەتی داهاتوو تا بتوانێ‌ بەشێوەیەكی تۆكمە كارەكانی بەڕێوە ببات و بە ڕێژەیەكیش بۆ ژنان دانراوە.

خۆتان دەزانن لە ماوەی ڕابردوو زۆر دووپات لەوە دەكرایەوە كە مافی پێكهاتەكان پارێزراوە، بۆ داهاتوویش پێتان وایە بەم جۆرە بمێننەوە؟ 
بەپێی یاساكانی كوردستان و تەنانەت پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، بەهەموو جۆرێك مافی پێكهاتەكان پارێزراوە و لە یەكەم خولی پەرلەمانەوە پێكهاتەكان خاوەنی كورسی و مافی خۆیانن، ئەوەیش هەنگاوێكی ئەرێنییە لە پرۆسەی سیاسیی كوردستان، ئێستەیش بڕوامان وایە كە مافی پێكهاتەكان لە كابینەی داهاتوو بە بەهێزی دەپارێزرێت و پێكهاتەكانیش بە هەموو تواناوە پشتیوانی كابینەی داهاتوو دەكەن و ئامانجی ئێمەیش حكوومەتێكی بەهێزە بۆ كوردستان.

چی ئەو حكوومەتە لەوانەی تر جیا دەكاتەوە؟ 
حكوومەتی نوێی كوردستان بۆ خزمەتكردنی خەڵك جیاواز دەبێت و تەنانەت گۆڕانكاری لە سەرۆك وەزیرانی كوردستان یەكێكە لە جیاوازییەكانی ئەو حكوومەتە و پێمان وایە هەنگاوی گەورە دەنێت، وای دەبینین مەسروور بارزانی ئەزموونی پاراستنی لایەنی تەناهیی كوردستان لە حكوومەت دووبارە بكاتەوە، لەگەڵ ئەوەی بنەمای پێشكەوتنی هەر وڵاتێك پێوەندی بە باشی دۆخی تەناهییەوە هەیە، كەسێك لە پاراستنی تەناهیی كوردستان سەركەوتوو بووبێت، لە هەموو پۆستێكی تر سەركەوتوو دەبێت، چونكە ناوچەكە لەناو چەند ئاگرێكی دەوروبەردایە.

زۆرجار باس لەوە دەكرێ‌ كە پێكهاتەكان زیاتر لە قەبارەی خۆیان پۆستیان پێ‌ دراوە؟
قبووڵی ئەوەمان نییە بە مافی ئێمە بڵێن زۆرە، ئێمە نە زیاتر و نە كەمتر مافی خۆمان وەرناگرین و پێویستە پشكی خۆمان پێ بدرێ‌، ئەوەیشی وەرمانگرتووە بە مافی خۆمانی دەزانین و ڕێگر نەبووین لە پێدانی مافی هیچ لایەنێكی تر، پێوەند بە پەرلەمانیش لە بەرژەوەندی هیچ فراكسیۆنێكی تر دەنگمان نەداوە، بەڵكو لەسەر بنەمای باوەڕی خۆمان بۆ پڕۆژەكان و پرۆسەكان دەنگمان داوە و ڕازین لە حوكمڕانی كوردستان، ئەگەر سەیر بكەین پێكەوەژیان لە كوردستان بووەتە هێمایەكی جوان، تەنانەت كوردستان دەرگەی بۆ مەسیحییەكانی تری ناوچەكەیش كردەوە و وەك ماڵی خۆیان مامەڵەیان تێدا كردووە.

هیچ پڕۆژەیەكی دیاریكراوتان بۆ ڕەوشی مەسیحییەكانی دەشتی نینەوا هەیە؟
كوردستان دەرگەی بۆ ئەو مەسیحییانە كردووەتەوە و چەند پڕۆژەیەكیش بۆ باشتركردنی رەوشی ئەوان هەیە، بەڵام چاوەڕوانی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان دەكەین تا هەنگاوی ڕژد بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانە بگرێتەبەر.

* مافی پێكهاتەكان لە كابینەی داهاتوو بە بەهێزی دەپارێزرێت

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم


PM:03:33:26/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 549 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌