نرخی نیمار گەیشتە 350 ملیۆن یۆرۆ

:: PM:06:54:27/06/2019 ‌

چەند راپۆرتێكی رۆژنامەوانی فڕەنسایی ئاشكرایان كرد كە یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسایی نیازی دەستبەرداربوون و فرۆشتنی ئەستێرەی بەرازیلی نیمار دا سیلڤای لە بازاڕی كڕین و فرۆشتنی هاوپەینەی یاریزانان نییە، مەگەر نرخی پێدراو بەو یاریزانە بگاتە 350 ملیۆن یۆڕۆ.

بەپێی راپۆرتێكی ئێزگەی "مۆنتكارلۆ"ی فڕەنسی، پاریس سان جێرمان خواستی فرۆشتنی نیماری نییە لە بازاڕی هاوینەی كڕین و فرۆشتنی یاریزانان، سەرەڕای ئاڵۆزبوونی پێوەندییەكانی ئەو یاریزانە لەگەڵ كارگێڕی یانەكە بەم دواییە.

راپۆرتەكە ئاماژەی كرد، توانای دارایی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی وای كردووە نەتوانێت داواكاری پاریس سان جێرمان جێبەجێ بكات بۆ كڕینی نیمار، بەڵام رەنگە بەدوای چارەسەری تر بگەڕێت كە بتوانێت بیكڕێت. بۆیە گرێبەستی گەڕانەوەی نیمار بۆ "كامپ نو"، زۆر ئاڵۆزە وەك رۆژنامەكانی ئیسپانیا باسی دەكەن.

ئەگەرچی تا ئێستە یانەی بەرشەلۆنە هیچ هەنگاوێكی ئاشكرای نەهاوێشتووە بۆ گەڕاندنەوەی نیمار بۆ ریزەكانی كە لە 2017 لە بەرانبەر 222 ملیۆن یۆڕۆ چووە پاریس سانجێرمان وەك گرانبەهاترین یاریزانی دنیا، بەڵام رەنگە لە ماوەی كەمی داهاتوو گۆڕانكاری روو بدات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل