سانچێز لە مەدرید داوا دەكرێ

:: AM:09:48:11/01/2017 ‌

یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی تا دێت مەترسییەكانی لەدەستدانی هێرشبەرە چیلییەكەی ئەلێكسیس سانچێزی لەسەر زیاد دەبێت بەتایبەت دوای ئەوەی لە شاری مەدریدەوە داوا دەكرێت دووبارە بگەڕێتەوە خولی ئیسپانیا.

سانچێز تا ئێستا بڕیاری لەسەر درێژكردنەوەی ماوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی ئارسناڵ نەداوە كە دوای 18 مانگی تر بەكۆتا دێت، ئەگەریش بەمشێوەیە بمێنێتەوە یانەكە ناچار دەبێت لە هاوینی داهاتوودا بیفرۆشێت بەر لەوەی بەشێوەی ئازاد دەستبەرداری بێت.

رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: دییگۆ سمیۆنی راهێنەری یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید گرێبەستكردنی لەگەڵ سانچێز كردووەتە كارەكانی یەكەمی لە هاوینی داهاتوودا بۆ ئەوەی هێڵی هێرشبەری یانەكەی بەهێزتر بكات و ركابەری هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و ریال مەدرید لەسەر ناسناوی خولی ئیسپانیا بكات.

رۆژنامەكە بڵاویشی كردەوە كە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید ئامادەیی خۆی پێشانداوە مووچەكەی سانچێز زیاتر بكات لەوەی كە ئێستا لە یانەی ئارسناڵ وەری دەگرێت كە هەفتانە 200 هەزار پاوەنە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسیش دەستەوارەیەكی بەبەهای 60 ملیۆن پاوەن ئاراستەی یانەی ئارسناڵ كردبوو بەمەبەستی گرێبەستكردن لەگەڵ سانچێز.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م