ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی ئاشكرا كرا

ئەمڕۆ یەکێتی و پارتی لە سلێمانی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و دەستنیشانکردنی پارێزگارێک بۆ ئەو شارە کۆ بوونەوە و گوتەبێژی یەکێتیش لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی هاوبەشدا دەڵێ، دەبێ هەموومان پەلە بکەین بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.

ئەمرۆ دووشەم یەكی تەمووز، دلشاد شەهاب ئەندامی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، بیروڕاكانمان زۆر لێك نزیكە بەهیواین بەم نزیكانە بگەینە ڕێكەوتن.

ئەو ئەندامەی شاندی پارتی دەڵێ، گفتوگۆ لەبارەی ئەو كەسایەتییانە کرا کە بڕیارە وەک بەربژێر بۆ پارێزگاری کەرکووک دابندرێن و نابێت پارێزگاری هیچ حزب و لایەنێك بێت.

ڕوونی كردەوە، هاوتەریب لەگەڵ پێكهێنانی حكوومەت كارەكان بۆ دانانی پارێزگای كەركووك دەبێت و وەكو یەك تیم لەگەڵ یەکێتی کارمان بۆی کردووە.

لەتیف شێخ عومەر، گوتەبێژی یەکیتی لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا رای گەیاند، هەموومان دەبێت پەلە بكەین لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆیە ئامادەیی خۆمان دەربڕیووە و ئامادەكارییەكانمان دەست پێ‌ كردووە.

زیاتر ڕوونی كردەوە، بەم نزیكانە هەموو خەڵكی كوردستان دڵیان خۆش دەبێت بە ڕێكەوتنی نێوان ئێمە.


سەعات 11ی ئەمڕۆ دووشەم یەكی تەمووز، شاندی پارتی بە سەرۆكایەتی مەحمود محەمەد، گوتەنێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە شاری سلێمانی كۆبوونەوە.

بەپێی لێدوانی پێشوەختەی سەركردایەتی هەردوو لایەن، كۆبوونەوەكە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و ریككەوتنە لەسەر دانانی پارێزگارێك بۆ ئەو شارە.

دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان كەوتنە ژێر دەسەڵاتی میلیشیا عێراقییەكان و نەجمەدین كەریم پارێزگاری شەرعی كەركووك بە نایاسایی لە پۆستەكەی لادرا و راكان سەعید جبوری وەك پارێزگاری نوێ بەسەر شارەكەدا سەپێندرا و دۆخی تەناهی كەركووك بەتەواوەتی ئاڵۆز بوو.

بڕیارە لەو كۆبوونەوەیەدا یەكێتی كاندیدەكانی خۆی بۆ پۆستی پارێزگار بدات بە پارتی بۆ ئەوەی لەسەر یەك لەو پاڵێوراوانە رێك بكەون و لەبارەی دۆخی تەناهی شارەكەیش گفتوگۆ بكەن.

شاندەكەی پارتی لەلایەن مەحموود محەمەد سەرۆكایەتی دەكرا و هەریەكە لە دلشاد شەهاب و فرسەت سۆفی و ئومێد سەباح بەشدارن.



شاندەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لەلایەن حاكم قادر حەمەجان ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان سەرۆكایەتی دەكرێت و هەریەكە لە خالید شوانی و شالاو كۆسەرت ڕەسوڵ و لەتیف شێخ عومەر لە یەكێتی بەشدار بوون .



وشە - رامیار جەواد


PM:01:30:01/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 11488 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌