وێنە.. ئەو دەرمانانە نەكڕن ژیانتان دەكەوێتە مەترسى

:: AM:11:30:09/07/2019 ‌
بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان، سەربە وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، جۆرە دەرمانێك لە کوردستانە و بەشێكی زۆری دەستی بەسەردا گیراوە پێویستە هاووڵاتیان نەیكڕن.

ئەمڕۆ سێشەم نۆی تەمووز، لە ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان هاتووە، پێویستە هاووڵاتییان لە بوونی ئەو بەرهەمە ساختانە ئاگەدار بکرێنەوە.

ڕوونكراوەتەوە، لە چالاكییەكانی لێژنەی بەدواداچوون و چاودێریی دەرمان بڕێكی زۆر دەرمان و پێداویستیی پزیشكیی قاچاخ و ساختە دەستیان بەسەردا گیرا.

ئەم بەرهەمانەی وێنەكانیان بڵاو دەكرێتەوە بەرهەمی ساختەن كە رێگەپێدراوەكانیشیان لە بازاڕ هەیە.

دكتۆر مەریوان باپیر لەبارەی دەرمانی ساختە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هەموو دەرمانێكی ساختە و بەسەچوو ژیانی مرۆڤ دەخاتە مەترسی و پێویستە هاووڵاتیان ئاگەداربن.

ئەو پزیشكە گوتی، دەرمانی ساختە زۆر جۆری هەیە ئەوەی لەلایەن وڵاتان بەشێوەی وێنەی دروست دەكرێت و ئەوەی لەلایەن گروپە مافیاكانەوە بۆ پەیداكردنی پارە دروست دەكرێت بۆیە دەبێت هاوولاتییان ئاگەدارین.

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر "وشە" پێوەندی بە بەرپرسی ڕاگەیاندنی كۆنتڕۆڵی دەرمان كرد، بەڵام  ژمارەكەی بەردەست نەبوو.























وشە - رامیار جەواد