ژمارەیەكی زۆر تابلۆی ئۆتۆمبێل لە ئاوی سماقولی دەرهێنرا

:: AM:11:37:09/07/2019 ‌
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی كۆیە ئاشكرای دەكات ژمارەیەكی زۆر تابلۆی ئۆتۆمبێل لە ئاوی سماقوڵی دەرهێنراوە و خاوەنەكانیان دەتوانن سەردانی بكەن بۆ وەرگرتنەوەی.

ئەمڕۆ سێشەم نۆی تەمووز، بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی كۆیە بڵاوی كردۆتەوە، بەمەبەستی كارئاسانی بۆ هاووڵاتیان تیمی مەلەوانی لە بنكەی بەرگری شارستانی سماقولی ئاگەدار كرایەوە بە مەبەستی گەران لە ناو بەنداوی سماقولی بۆ دۆزینەوەی تابلۆی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان.

ڕوونكراوەتەوە، ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی بەهۆی هاتوچۆیان بە رێگای سماقولی لە بەنداوەکە تابلۆكانیان وون كردبوو و لە لایەن كارمەندانمان چەندین تابلۆ دۆزرایەوە.

باس لەوەش كراوە، هەر هاووڵاتییەك تابلۆكەی وون كردووە، دەتوانێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی كۆیە بكات بە مەرجێك ساڵیانەی ئۆتۆمبێلەكەی لەگەڵ خۆی بهێنێت بۆ وەرگرتنەوەی تابلۆكەی.

بڵاو كردنەوەی ئەو هەواڵە لە كاتێكە پێشتر بە دیاریكراوی لە وەرزی زستان بەهۆی زۆربوونی ئاو لەو شوێنە چەندین ئۆتۆمبێل پەكی كەوتووە و چەندین ئۆتۆمبێلیش تابلۆكانیان لەناو ئاو بەجێماوە.









وشە - رامیار جەواد