تا دێت مەترسییەكانی دووبارە كەوتنەوەی مووسڵ زیاتر دەبن، زانیارییەكان دووپات لەوە دەكەنەوە رۆژئاوای مووسڵ شەوان لەژێر كۆنتڕۆڵی داعشە و بە رۆژیش سوپای عێراق. پەیمانگەی "ISW" بۆ توێژینەوەی جەنگی دەڵێ، داعش ئامادەكاری بۆ دووبارە گەڕانەوەیەكی زۆر مەترسیدارتر لە جاران دەكات.
تا دێت هێرشەكانی داع شلە رۆژئاوای مووسڵ روو لە زیاد بوون دەكەن، بەتایبەت لە شارۆكەی بەعاجی سنووری لەگەڵ سووریا، ئەمەش ساتەوەختی پێش كەوتنی مووسڵ لە 10ی حوزەیرانی 2014 بەگوێی خەڵكی شارەكە دەدات كە داعش ناوچەی جەزیرەی لە مووسڵ و ئەنبار كردبوو بە بارەگای چەكدارانی و دەیان سەربازگەی تێدا دامەزراند بوو، لەوێوە هێرشەكانی بۆ سەر سوپا و هاووڵاتیانی عێراق دەست پێ كرد كە دواتر یەك لەسەر سێی خاكی عێراقی داگیر كرد.
زۆرینەی دانیشتووانی شارۆكەی بەعاج عەرەبی سوننەن، باكوری شارۆكەكە چیای شنگا و رۆژهەڵاتی شارۆكەی حەزەر و رۆژئاواشی سنووری سووریا و باشووریشی بیابانی جەزیرەیە كە درێژ دەبێتەوە بۆ ئەنبار و سەلاحەدین.
لە ماوەی نزیكی رابردوودا بەعاج رووبەڕووی گەورەترین هێرشی چەكدارانی داعش بووەتەوە كە گوندنشینانی ئەو سنوورەی كردۆتە ئامانج كە بەشی زۆریان سەر بە عەشیرەتی شەمەڕن، ئەمەش لە كاتێكدایە سوپای عێراق دەڵێ، ئەو ناوچەیە لەژێر كۆنتڕۆڵی سوپا دایە.
ترس لە دووبارە گەڕانەوەی داعش، حكوومەتی عێراقی ناچار كرد یەكشەمی رابردوو ئۆپراسیۆنێك لە پارێزگاكانی هاوسنوور لەگەڵ سووریا رابگەیەنێت.
خەلەف حەدیدی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێ، ئێستە ململانێیەكی سەخت لەنێوان سوپا و داعش هەیە لەو ناوچەیە كە لە كۆنتڕۆڵی كێ دایە، گوتی "ئەوەی ئێستە ناوچەكە پێیدا گوزەر دەكات، نزیكە لە سەرەتای هاتنی داعش، بە بەڵگەی چەند هێندە بوونەوەی هێرشەكانی داعش بۆ سەر خەڵكی ناوچەكە، ئێستە بۆ هەمووان روون بووەتەوە كە چەكدارێكی زۆری داعش لە ناوچە بیابانەكانی نێوان مووسڵ و ئەنبار و سەلاحەدین هەن، ئەوێ بووەتە مۆڵگەیەكی ئارام بۆ دەست پێ كردنەوە بە چالاكییە تیرۆریستییەكانیان".
زیاتر گوتی "چەكدارانی داعش بەشەو كۆنتڕۆڵی بەعاجیان بەدەستە و بە رۆژیش سوپای عێراق، ئەو مەترسییە هەمووان هەستیان پێی كردووە، ئەگەریش هەیە مەترسییەكە بگاتە مووسڵ".
ئەحمەد جەربا پەرلەمانتاری مووسڵ كە قسەی بۆ "
شەفەق نیوز" كردووە، دەڵێ، داعش بە تەواوەتی بووەتە هەڕەشە بەسەر شارۆكەی بەعاج و شانە نووستووەكانیان لە گەشەسەندن دان، ئەمەش وایكردووە ببنە گەورەترین هەڕەشە بەسەر رۆژئاوای مووسڵ بەتایبەت لە بەعاج و حەزەر، هاوكات تل عەبتە لە سووریا".
ئەو پەرلەمانتارەی مووسڵ هۆشداری لە دووبارە كەوتنەوەی مووسڵ، گوتی "دۆخی تەناهی مووسڵ لە مەترسی دایە، ئەگەر حكوومەتی عێراق چارەسەری كەموكوڕییەكانی دۆسیەی تەناهی نەكات، چونكە ئەو هێزەی لەوێیە توانای رووبەڕوو بوونەوەی مەترسییەكانی داعشی نییە، خەڵكی ناوچەكەش لەبەر مەترسییەكان نەگەڕاونەتەوە، ئەمەش مەترسییەكانی زیاتر كردووە".
دوای كشانەوەی حەشدی شەعبی لە ناوچەكە، لیوایەكی سەر بە فرقەی 20ی سوپای عێراق دۆسیەی تەناهی رۆژئاوای مووسڵی بەدەستەوە گرتووە، هاوكات گروپی بچووكی حەشدی عەشایەری هەن كە چەكی پێویستیان بە دەست نییە.
عەبدولرەحیم شەمەڕی پەرلەمانتارێكی تری مووسڵە، دەسەڵاتدارانی حكوومەتی عێراق تۆمەتبار دەكات بە پشتگوێ خستنی رۆژئاوای مووسڵ بۆ ماوەیەكی زۆر، ئەمەش بە هۆكاری دووبارە گەڕانەوەی داعش بۆ ئەو ناوچەیە دەكات بەتایبەت بیابانی رۆژئاوای مووسڵ تا دەگات بە ئەنبار و سەلاحەدین، گوتی "ئەو هێزەشی لەو ناوچەیە هەیە توانای پاراستن و سەپاندنی سەقامگیری نییە بەسەر ناوچەكە، بۆیە تاكە رێگە چارە توندوتۆڵ كردنی سنوورەكان بە رووی سووریا".
پەیمانگەی "ISW" بۆ توێژینەوەی جەنگی كە پەیمانگەیەكی ناحكوومیە و بارەگاكەی لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریكایە، لە راپۆرتێكیدا ئاماژەی بەوەدا، داعش ئامادەكاری بۆ دووبارە گەڕانەوە دەكات، بەڵام گەڕانەوەیەكی زۆر مەترسیدار تر.
دەرئەنجامی نیشاندانی مەترسییەكانی دووبارە گەڕانەوەی
داعش، حكوومەتی عێراقی ناچار كرد بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی بەناوی "ئیرادەی نەسڕ" كە بیابانی رۆژئاوای عێراق دەگرێتەوە لە نێوان پارێزگاكانی مووسڵ و ئەنبار و سەلاحەدین تا دەگاتە سنووری سووریا.
بەگوێرەی بەیاننامەی وەزارەتی بەرگری لەبارەی ئۆپراسیۆنی ئیرادەی نەسڕ، یەكە سەربازییە گەورەكانی سوپا و حەشدی شەعبی بەشداری لەو ئۆپراسیۆنە دەكەن، هاوشانی ئەوانیش حەشدی عەشایەری ناوچەكەش بەشداری تێدا دەكەن.
ئۆپراسیۆنەكەی سوپای عێراق كە یەكشەمی رابردوو دەستی پێ كردووە، ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت و لەلایەن هێزی ئاسمانی عێراقی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر كە ئەمەریكا سەركردایەتی دەكات، پشتگیری لێ دەكرێت.
دەركەوتنی داعش لە حوزەیرانی 2014، سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی رۆژئاوای مووسڵ و دامەرزاندنی سەربازگەی مەشق و راهێنان بە چەكداران، پاشان هێرشی كردە سەر سوپا و هاووڵاتیانی عێراقی.