وەك چۆن چاودێرانی كاروباری توركیا پێشبینیان كرد لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانی ئیستەنبووڵ كە تیایدا كاندیدی ئۆپۆزسیۆنی توركیا سەركەوتنی گەورەی بە سەر كاندیدی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار بە سەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا بەدەست هێنا، ئەوان دۆڕانەكەی ئەكەپەیان بە سەرەتای ئاوابوونی خۆری باڵادەستیی ئەو پارتە بەسەر گۆڕەپانی سیاسی و ئابووری توركیا لێك دایەوە و گەیشتووەتە خاڵی نەگەڕانەوە.
بەم دواییە میدیاكانی توركیا ئاشكرایان كرد كە 40 پەرلەمانتاری سەر بە ئەكەپە بەنیازن دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان لەو پارتە پێشكەش بكەن و بچنە پاڵ پارتێكی نوێ كە
عەلی باباجان، جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشوو بەنیازە دایمەزرێنێت، كە دوێنێ دووشەم بە فەرمی داوای دەستلەكاركێشانەوەی لە ئەكەپە پێشكەش كرد، وەك ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی رۆژنامەی"یەنی جاغ"ی ئۆپۆزسیۆن بڵاوی كردەوە و لە سەرچاوەیەكی نزیك لە ئەكەپەی وەرگرتووە بەوەی 40 پەرلەمانتاری فراكسیۆنی ئەكەپە بەنیازن پێوەندی بە پارتە نوێیەكەی باباجان بكەن كە بە هاوبەشی لەگەڵ عەبدوڵا گویل، سەرۆكی پێشووی توركیا خەریكی دامەزراندنین.
رۆژنامەكە زیاتر گوتی، راگەیاندنی دەستلەكاركێشانەوەی باباجان لە ئەكەپە ئەو دەنگۆیانەی دووپات كردەوە كە لە چەند مانگی دواییدا بڵاو كرایەوە، بۆیە چاودێرانی دۆخی توركیا پێشبینی دەكەن كە كاردانەوە لەلایەن زۆرینەی بەرهەڵستكارانی ئەردۆغان لەناو ئەكەپە دیار بكەوێت، ئەوەش دوای ئەو دۆڕانە گەورەی پارتەكە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانی ئیستەنبووڵ دووچاری هاتەوە.
وەك لە رۆژنامەكەدا هاتووە هەریەك لە باباجان و گویل، نزیكە سێ مانگە هەوڵی رازیكردنی پەرلەمانتارانی ئەكەپە دەدەن بۆ هاتنە پاڵیان و روونی كردەوە كە ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی پێشبینی چوونە پاڵیان دەكرێت دەگاتە 40 كەس كە لە سیاسەتی تاكڕەوانەی ئەردۆغان لە ناو پارتەكە زۆر بێزارن. لەوكاتەی پارتەكە هەوڵی زۆر دەدات بۆ رێگرتن لەو پەرلەمانتارانەی لە دەستلەكاركێشانەوە لە پارتەكە لەژێر هەر دۆخێكدا.
بەپێی راپۆرتەكە لە ساڵانی دواییدا كاردانەوەی تووڕە لەناو ئەكەپە لە دژی پارتەكەی ئەردۆغان سەری هەڵداوە، بەتایبەتی دوای دۆڕاندنی هەردوو گەڕی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانی لە 31ی ئازار و 23ی حوزەیرانی رابردوو و رەتكردنەوەی ئەوان بۆ سیاسەت و زمانی جەمسەرگیری كە ئەردۆغان لە وتارە سیاسییەكانیدا پەنای بۆ دەبات، جیا لەو دۆخە ئابووریە خراپەی بەهۆی بێتوانایی ئەكەپە لە مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسیەی ئابووری نوانوویەتی.
پەرلەمانتارانی بەنیازن دەستلەكاركێشانەوە لە ئەكەپە پێشكەش بكەن، ئاماژە دەكەن كە هۆكاری سەرەكی ئەو هەنگاوەیان سووربوونی ئەردۆغانە لەسەر سیاسەتی ئێستەی لە هەموو بوارەكان، وەك عەمەر تۆران، رۆژنامەوانی تورك و نزیك لە رژێمی ئەردۆغان بۆ رۆژنامەكانی توركیای ئاماژە كردووە بەوەی ئەو دەستلەكاركێشانەوە پێشبینیكراوانە لەناو ئەكەپە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی رێژەیب نوێنەرانی ئەو پارتە لەناو پەرلەمان بەرێژەی نزیكەی 30%. روونی كردەوە، پارتە نوێیەكەی باباجان دایدەمەزرێنێت ناتوانێت ببێتە خاوەن بنكەیەكی گەورەی جەماوەری، بەڵام كاریگەری دەبێت و دەبێتە هۆی خێراكردنی رووخانی پارتی داد و گەشەپێدان بە شێوەیەكی سەرسوڕهێنەر.
پارتی داد و گەشەپێدان لە كۆی 600 كورسی پەرلەمانی توركیا، خاوەنی 295 كورسییە و ئەو توانوویەتی بە هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی بزاوی نەتەوەپەرستی بەرهەڵستكار زۆرینەی (نیوە كۆ یەك)، فەراهەم بكات كە خاوەنی 49 كورسییە لەو هەڵبژاردنەی لە حوزەیرانی 2018 هاتە سازكردن، بەوەش رێژەی هەردوو پارتەكە بەیەكەوە لەناو پەرلەمانی توركیا بووە 53.6%، واتە 344 ئەندام.
بڕیاری جیابوونەوەی باباجان دوای تەنیا چەند رۆژێك دێت لە راگەیاندنی نیازی بۆ دامەزراندنی پارتێكی نوێ لە توركیا لە پایزی داهاتوو بە یارمەتی عەبدوڵا گویل سەرۆكی پێشووی توركیا، لەو كاتەی باباجان یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی ئەكەپە لە 14ی ئابی 2001 و لەو ساتەوە تا دەستلەكاركێشانەوەی چەندان پلە و پۆستی حزبی و حكوومەتی وەرگرتووە لەوانە وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی ئابووری و جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا بۆ كاروباری ئابووری.
ئەو لە بەیاننامەی راگەیاندنی دەستلەكاركێشانەوەی لە ئەكەپە باسی هۆكارەكانی بڕیارەكەی كرد و رای گەیاند ئامادەیە بۆ دامەزراندنی پارتێكی نوێ كە پێویستە بۆ بەرژەوەندی ئێستە و داهاتووی توركیا و بووەتە پێویستییەكی هەنووكەیی، بۆیە خۆم و ژمارەیەكی زۆری هاوڕێیان ئەو بەرپرسیارەتییە گەورە و مێژووییەمان گرتووەتە ئەستۆ و بۆ ئەوەش پێویستە لاپەڕەیەكی سپی لە هەموو بوارەكان هەڵبدەینەوە.
وەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە، ئەو بڕیارەی نەیارانی ئەردۆغان كە پێشتر هاوپەیمانی بەهێزی بوون، دەست پێكردنی یەكەم هەنگاوە بۆ لێخستنی لە دەسەڵات لە رێگەی دامەزراندنی پارتێكی نوێی جیابووەوە لە ئەكەپە و خاوەن دیدێكی تەواو جیاواز لە سیاسەتەكانی، ئەوەشی بێئومێدی بەرپرسانی ئەكەپە لە بەرانبەر هەنگاوەكەی باباجان پێشان دەدات ئەوەیە كە دوای پێشكەشكردنی دەستلەكاركێشانەوەی راستەوخۆ ناوی ئەویان لە لیستی ئەندامانی دامەزرێنەری پارتی داد و گەشەپێدان لە ماڵپەڕی فەرمی و ئەلیكترۆنی ئەو پارتە لادا.