ترەمپ گوشار دەخاتە سەر نزیكترین هاوپەیمانەكانی لە ئەوروپا

:: PM:06:45:09/07/2019 ‌

لە هەنگاوێكدا واشنتن ویستی وا لە ئەڵمانیا بگەیەنێت كە پێویستە باجی پاراستنی بدات، ئەو داوای لە ئەڵمانیا كرد بۆ رەوانەكردنی هێزی سەربازی بۆ پاڵپشتیكردنی هێزەكانی سووریای دیموكرات لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا لە چوارچێوەی پاڵپشتیكردنی جەنگی دژ بەداعش لە سووریا كە خۆی سەركردایەتی دەكات و لە كۆتای ساڵی رابردوو رای گەیاند كە هێزەكانی پاشەكشە پێ دەكات.   

جیمس جیفری، نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا بۆ سووریا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش داوای لە حكوومەتی ئەڵمانیا دەكات كە هێزی مەشقكردن و شارەزایانی سەربازی و كارمەندی تەكنیكار لە سوپای ئەڵمانیا رەوانەی سووریا بكات، ئەو بە ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیای راگەیاند، دەمانەوێت هێزی زەوینی ئەڵمانیا شوێنی هێزەكانی ئەمەریكا بگرێتەوە و پێشبینی دەكەین بەر لە كۆتایی ئەم مانگە وڵاممان بدرێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا لە كانوونی یەكەمی 2018 پلانی خۆی بۆ پاشەكشەكردنی هەموو هێزەكانی ئەمەریكای لە سورویا راگەیاند كە ژمارەیان دوو هەزار سەربازە و لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا جێگیرن، دواتر پاشگەز بووەوە و رای گەیاند كە 400 سەرباز بۆ یارمەتیدانی سەقامگیری ناوچە كوردییەكان دەمێننەوە، لەو ساتەوە ئەمەریكا هەوڵی بەدەستهێنانی پاڵپشتی زیاتر لە 80 ئەندامی هاوپەیمانی دژ بە داعش دەدات كە ئەڵمانیاش دەگرێتەوە، ئەوەش لەگەڵ راگەیاندنی خواستی بۆ پاشەكشەكردن لە سووریا. 

جیفری دوای گفتوگۆكانی هەینی رابردووی لە بەرلین زیاتر گوتی، لێرە لەناو هاوبەشانمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش باسی بوونی خۆبەخشان بۆ ئەو ئەركە دەكەین لە سووریا و هیوامان هەیە بەوەی لە كۆتاییدا سەركەوتوو دەبین.

ئەڵمانیا لە دەرەوەی سووریا پاڵپشتی لە هاوپەیمانی دژ بە داعش دەكات لە رێگەی دابینكردنی فڕۆكەی جۆری تۆرنادۆ لە پرۆسەی چاودێری و پێدانی بەنزین بە فڕۆكە جەنگییەكان لە ئوردنەوە، جیا لە مەشقكردن بە هێزەكانی عێراق، كە دەبوایە ئەركەكانی ئەڵمانیا لە 31ی تشرینی یەكەمی 2019 كۆتایی هاتبایە، بەڵام هایكۆ ماكس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە سەردانێكی بۆ عێراق مانگی رابردوو رای گەیاند كە دەكرێ ئەركەكانی وڵاتەكەی لە عێراق درێژ بكرێتەوە و پەرلەمانی ئەڵمانیا لە ئەیلوولی داهاتوو بڕیار لەسەر ئەو پرسە دەدات.

دوێنێ ئەڵمانیا داواكەی ئەمەریكای رەت كردەوە بۆ رەوانەكردنی هێزی سەربازی بۆ سووریا كە ئەگەری هەیە سەرۆكی ئەمەریكا تووڕە بكات كە دەیەوێت ئەنجێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا پابەندی بینینی رۆڵێكی گەورەتری سەربازی بێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەو بارەوە "رۆیتەرز"، لە شتیڤن وایبرت، گوتەبێژ بەناوی حكوومەتی ئەڵمانیای گواستەوە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كاتێك گوتی، ئەو كاتەی ئاماژە دەكەین كە دیدی حكوومەتی ئەڵمانیا پابەندبوونە بە رێوشوێنەكانی ئێستە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، ئەوە مانای نادات كە هێزی سەربازی رەوانە دەكەین.

دوای داواكەی ئەمەریكا دابەشبوون لە ریزی هاوپەیمانی فەرمانڕەوا لە ئەڵمانیا دروست بووە، لەو كاتەی تۆرستن شیڤەر غۆمبڵ، ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی سیانی لە پارتی سۆسیال دیموكراتی ئەڵمانیا و دووەم هاوبەش لە هاوپەیمانی فەرمانڕەوا لە ئەڵمانیا داواكەی جیفری رەت كردەوە و گوتی، بڕیارێكی لەو جۆرە لەلایەن پارتی سۆسیال دیموكرات رەتكراوەیە و رازی نابین بە رەوانەكردنی هێزی سەربازی بۆ سووریا و پێشمان وا نییە هاوبەشانی حكوومەت، واتە پارتی یەكێتی مەسیحی ئەنجیلا مێركڵ بەوە رازییە. جیا لەوە پارتەكە داوای كرد كە پابەندییەكانی ئێستەی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی دژ بە داعش لە ماوەی دیاریكراو كۆتایی پێ بێت و درێژ نەكرێتەوە. 

لەو كاتەی ئەنگریت كرامپ، سەرۆكی پارتەكەی ئەنجێلا مێركڵ رای گەیاند، ئێمە بە رووی گفتوگۆكردن لەسەر ئەو بابەتە كراوەین و زیادكردنی بەشداری ئەڵمانیا لە چوارچێوەی ئەو پابەندیانەی بۆمان دیاری كراوە، لەبارەی رەوانەكردنی هێزی سەربازی ئەڵمانیا بۆ سووریا ئاماژەی كرد كە پێویستە خەڵكەكە لە ناوخۆی ئەڵمانیا بیزانن كە ئەو بابەتە تەنیا پێوەست نییە بە خواست و داواكاری ئەمەریكا، بەڵكو پێوەندی بە ئاسایشی ناوخۆی ئەڵمانیاشەوە هەیە.  

نەسیر عومەری، شرۆڤەكاری سیاسی لەو بارەوە دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە ئەوروپا و بەتایبەتی لە ئەڵمانیای دەوێت كە حەقی پاراستنی ئەوروپا لە رووی دارایی و سەربازییەوە بدات، بۆیە داوا لە ئەڵمانیا دەكات كە هێزی زەوینی رەوانەی سووریا بكات كە ئەوەش لە لایەن ئەڵمانیاوە رەت كرایەوە. 

زیاتر گوتی، ترەمپ وڵامەكەی ئەڵمانیای بەدڵ نییە، چونكە لە ئەوروپا گومان هەیە لەسەر توانای ئەو وڵاتە لە بەرگریكردن لە خۆی و لە ئەوروپا لە بەرانبەر مەترسییەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دێن، بۆیە سووریا ناوچەیەكی گرنگە بۆ ئەوروپا، بۆیە ترەمپ دەیەوێت ئەڵمانیا بەشداربێت لە رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان لەوێ. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل