له‌م دواییه هه‌واڵی ئه‌وه بڵاوبووه‌وه، كه سووریا كاره‌با له ڕووسیا ده‌كڕێ، سه‌ره‌ڕای دووری نێوان هه‌ردوو وڵات، كه‌چی وه‌زیری كاره‌بای ڕژێمی ئه‌سه‌د محه‌مه‌د زوهێر دووپاتی له‌وه كرده‌وه، كه كاره‌با له ڕووسیا ده‌كڕن، به‌ڵام نرخی ئه‌و كاره‌بایه‌ش له رووسیا ده‌یكڕن زۆر زیاتر ده‌بێ، له‌و كاره‌بایه‌ی كه ئێسته له وڵاته‌كه هه‌یه، دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه پرسیاری ئه‌وه دروست بووه، ڕووسیا ده‌یه‌وێ چی له سووریا بكات و تاران و مۆسكۆ چ مامه‌ڵه‌یه‌ك له‌سه‌ر سووریا ده‌كه‌ن.
هه‌نگاوه‌كه‌ی ڕووسیا بۆ فرۆشتنی كاره‌با به سووریا به سه‌ركه‌وتنی مۆسكۆ به‌سه‌ر ئه‌و خواسته‌ی ئێران داده‌نرێ، چونكه تاران به نیازبوو ئه‌و گرێبه‌سته له‌گه‌ڵ ڕژێمی ئه‌سه‌د بكات و به ته‌واوی ده‌ست به‌سه‌ر كه‌رتی كاره‌بای سووریا بگرێ، ململانێی نێوان ئه‌و دوو وڵاته له‌سه‌ر سووریا هێنده‌ی ئابوورییه به هیچ شێوه‌یه‌ك به‌و ئاسته له بواری سیاسی و چه‌كداری نییه.
به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه‌ش نییه كه ئه‌و ململانێ تونده‌ی له نێوان هه‌ردوولا ده‌گوزه‌رێ، به ڕێژه‌یه‌كی ڕه‌ها بواری ئابووری بگرێته‌وه، به‌ڵكوو له نیسان/ئه‌پریلی 2019 كاتێك كاروانێكی سه‌ربازانی ڕووسیا له شاری مه‌یادینی ده‌وروبه‌ری دێرزوور به ڕێ دا ده‌ڕۆیشتن و گه‌یشتنه بازگه‌یه‌كی سوپای پاسداران، شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی خوێناوی له نێوان هه‌ردوولا ڕووی دا، یه‌كێك له خواسته‌كانی هه‌ردوو وڵات ئه‌وه‌یه به ته‌واوی به‌سه‌ر هێزه‌كانی ڕژێم زاڵ بن و كاریگه‌ری ئه‌وه‌ی تر له‌سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌سه‌د نه‌هێڵن و به ته‌واوی بۆ خۆیان كێشیان بكه‌ن.
هه‌ر به‌مه‌وه نه‌وه‌ستا، به‌ڵكوو دواتر له فڕۆكه‌خانه‌ی حه‌له‌بیش جارێكی تر هێزه‌كانی هه‌ردوولا شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه له نێوانیان ڕووی دا و بووه هۆی كوشتنی 12 كوژراو له ڕیزی هێزه‌كانی هه‌ردوولا، جیا له‌وه له كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری ئه‌مساڵیش هێزه‌كانی پڵنگی ڕووسیا و فیرقه‌ی چواری كۆماری ئیسلامی ئێران جارێكی تر شه‌ڕ له نێوانیان دروست بووه‌وه و 70 كوژراو له نێوان هه‌ردوولا كه‌وته‌وه، كه چی هه‌ردوولا ڕه‌تیان كرده‌وه كه ئه‌و شه‌ڕه به‌هۆی ناكۆكی سیاسی بێ و ئاماژه‌یان به‌وه‌دا ته‌نیا به‌ریككه‌وتنی سه‌ربازانی هه‌ردوولایه بێ ئه‌وه‌ی فه‌رمان له ئاستی باڵاوه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێزه‌كانی یه‌كتر هه‌بێت.
ڕووسیا به هیچ شێوه‌یه‌ك نایه‌وێ هێزه‌كانی سه‌ر به ئێران له سووریا هه‌بن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش پشتیوانی و ڕه‌زامه‌ندی به ئیسرائیل داوه به به‌رده‌وامی مووشه‌كبارانی هێزه‌كانی ئێران بكات و گورزی گه‌وره‌یان لێ بوه‌شێنێت، ئه‌سه‌دیش ته‌نیا شه‌رمنانه سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی ئیسرائیل ده‌كات، خاڵێكی تر كه ئێران ده‌یه‌وێ دووباره سوپای ئه‌سه‌د دروست بكاته‌وه و كاریگه‌ری ئێرانیان له‌سه‌ر لابه‌رێ و هێزێكی تۆكمه و پیشه‌یی و دوور له گه‌نده‌ڵی و هێزی میلیشیایی دروست بكاته‌وه و به ته‌واویش نزیك بن له مۆسكۆوه.
به گوێره‌ی ڕاپۆرتێكی ڕوانگه‌ی سووریش بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، له سووریا جه‌نگی سارد له نێوان ڕووسیا و میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران بوونی هه‌یه و به ته‌واوی هه‌ستی پێ ده‌كرێ، به‌ڵام هه‌ردوولا نایانه‌وێ ئه‌و شه‌ڕه ئاشكرا ببێ، به‌ڵكوو له ڕێی هێزی بریكار و به‌كرێگیراوه‌كانیان دژی یه‌ك هه‌نگاو ده‌نێن.
له‌لایه‌كی تره‌وه هێزه‌كانی حه‌ماس و حزبوڵا به فه‌رمانی ئێرانه‌وه به ته‌واوی له به‌رژه‌وه‌ندی سووریا ده‌جه‌نگن، ئه‌و ململانێیه‌یش به ته‌واوی له به‌رژه‌وه‌ندی ڕژێمی ئه‌سه‌د دایه و ڕژێم ده‌یه‌وێ به‌رده‌وامی هه‌بێ و زۆرترین سوودی لێ ببینێت، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا له ڕووی ئابوورییه‌وه ڕژێم به تایبه‌تی و سووریا به گشتی زۆرترین زیانیان به‌رده‌كه‌وێ، چونكه بۆ ماوه‌ی ده‌یان ساڵ سه‌رجه‌م پرۆژه و سێكته‌ره گرنگه‌كانی سووریا ده‌كه‌وێته ده‌ستی ئه‌و دوو وڵاته‌وه.
له‌مه‌یش دا ئێران و ڕووسیا كێبه‌ركێی گه‌وره‌یانه و هه‌ریه‌كه‌یان ده‌یه‌وێ به ته‌واوی هه‌ژموون به‌سه‌ر كه‌رتی نه‌وت و گاز و فۆسفات و دووباره ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی سووریا بسه‌پێنێت و هه‌موو كێڵگه‌كانی وزه و كانزا و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاره وێرانبووه‌كان له ڕێی كۆمپانیاكانی خۆیانه‌وه بێت.
له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوو كۆمپانیاكانی ڕووسیا به ته‌واوی ده‌ستیان به‌سه‌ر كه‌رتی وزه‌ی
سووریا دا گرتووه و گرێبه‌ستی 25 تا 50 ساڵیان له‌گه‌ڵ ڕژێمی ئه‌سه‌د واژوو كردووه، هاوكات ئێسته خه‌ریكی دروستكردنی كۆمپانیایه‌كی هاوبه‌شی ڕووسی و سوورین بۆ ده‌رهێنانی فۆسفات و ڕه‌وانه‌كردنی بۆ ده‌ره‌وه، جیا له‌وه‌یش كۆمپانیای سترۆی ترانس گاز گرێبه‌ستی ده‌رهێنانی گازی كردووه و 105 ملیۆن تۆن فۆسفاتیش كه سووریا خاوه‌نیه‌تی به ته‌واوه‌تی كه‌وتووه‌ته ده‌ست مۆسكۆ.
له به‌رانبه‌ریش دا، ئێران گرێبه‌ستی دروستكردنی هێڵی ئاسنی سووریای له‌گه‌ڵ ڕژێم كردووه، تا له بادیه و جزیره‌ی سووریاوه فۆسفات بگه‌یه‌نێته ده‌ریای ناوه‌ڕاست، هه‌روه‌ها مافی وه‌به‌رهێنانیشی له فۆسفاتی ناوچه‌ی خنیفیسی شاری حمس وه‌رگرتووه، كۆمپانیای هاوبه‌شیش له نێوان هه‌ردوولا دروست ده‌كرێ بۆ هه‌نارده‌كردنی فۆسفاتی حمس بۆ ده‌ره‌وه، به‌مشێوه‌یه ململانێكانی هه‌ردوولا توندن و به‌رده‌وامیان هه‌یه، تا ئێسته‌یش ڕوون نییه له كۆتاییدا كێ براوه‌ی یه‌كه‌می جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی سووریا ده‌بێت.