رێكخراوەكان: هاوکاریی حکوومەت دەکەین بۆ نەهێشتنی گەندەڵی

:: AM:11:51:11/07/2019 ‌
لە بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، سەرۆك وەزیران ئاماژەی بە بنەبڕكردنی گەندەڵی لە داودەزگاكانی حكوومەت دا و ئەوەیش بەلای رێكخراوەكان بووە جێی سەرنج و چەندان رێكخراو پاڵپشتی و هاوكاریی خۆیان بۆ كابینەی نوێی حكوومەت دووپات كردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی تەمووز، چالاك نەجم سەرپەرشتیاری رێكخراوەكانی گەرمیان بۆ "وشە" رای گەیاند، ئێمە بە بایەخەوە لە دەستبەكاربوونی سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم دەڕوانین و ئومێدەوارین هەموو تاكێكی كورد پشتگیری لە هەنگاوەكانی مەسروور بارزانی بكات بۆ سەرخستنی بەرنامەكەی.

زیاتر روونی دەكاتەوە، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئەركێكی پیرۆزە كە سەرۆكی حكوومەت دووپاتی لە بەرەنگاربونەوەی كردەوە، بۆیە دەبێت هەموان پشتگیری لێ بكەین، ئێمەش وەك 12 رێكخراوی ناوچەكە كە كارمان دژایەتیكردنی گەندەڵییە، هەوڵەكانمان بۆ بنەبڕكردنی گەندەڵی دەخەینە گەڕ و دڵنیاین هەنگاوەكانی سەرۆكی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئومێدبەخش دەبێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.

بەدەر لەو رێكخراوانە، كۆچەر گەرمیانی بەرپرسی رێكخراوی گەنج بۆ ئایندە بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی هاوكاری و هاوئاهەنگی خەڵكی باش و لێهاتووی دەوێ بۆ پشتگیریكردنی حكوومەت، بۆیە لەگەڵ حكوومەتین بۆ ئەو مەبەستە.

یوسف فەلاح لە رێكخراوی دیالۆگ بۆ "وشە" ئاماژە بۆ ئەوە دەدات، هەرجۆرە گەندەڵییەك و قۆرخكارییەك ببینن هاوئاهەنگ دەبن لەگەڵ حكوومەت بۆ ئاشكراكردنی.

 هاوكات عەباس هەوای بەرپرسی سەنتەری هەواڵ بۆ كاروباری میدیا بۆ "وشە" دووپاتی دەكاتەوە، ساڵانێكە زۆربەی ناوچەكانی كوردستان بەدەست قۆرخكاری و گەندەڵییەوە دەناڵێنن، بۆیە پشتگیریكردنی كابینەی نۆی حكوومەت لەم هەوڵەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ئەركێكی پیرۆزی مرۆیی ونیشتمانییە.

دوێنێ چوارشەم 10ی تەمووز، پەرلەمانی كوردستان متمانەی بە سەرۆك وەزیران و جێگر و كابینەی حكوومەتەكەی بەخشی و لەدوای سوێندخواردنی یاسایی، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كارنامەی چوار ساڵی داهاتووی كابینەكەی راگەیاند.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی


وشە - هیدایه‌ت جان