ئەردۆغان بە رووی بەرپرسانی دەست لەكاركێشاوەی حزبەكە دەتەقێتەوە

:: PM:02:27:11/07/2019 ‌
دوای شكستی لە ئیستەنبوڵ، ژمارەیەك بەرپرسی باڵا لە پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار دەستیان لەكار كشاندەوە، ئەمەش رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیای تەواو تووڕە و هەراسان كردووە و بە رووی ئەوان تەقییەوە. ئەردۆغان بە عەلی باباجان دەڵێ، مافی خۆتە واز بێنی و داڕووخێی، بەڵام مافت نییەت نەتەوەیەك داڕووخێنیت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی تەمووز، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بە رووی ئەندامە باڵاكانی حزبەكەی تەقییەوە كە دوای شكستەكەی ئیستەنبوڵ لە هەڵبژاردنی شارەوانی رابردوو دەستیان لەكار كشاندەوە.

عەلی باباجان یەكێك لە دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدان لە نامەیەكدا دەست لەكاركێشانەوەی خۆی رادەستی ئەردۆغان كرد، ئەمەش سەرۆك كۆماری تەواو تووڕە كرد.

ئەردۆغان دوای گەڕانەوەی لە گەشتێكی دەرەوە، لە بارەی نامەی دەست لەكاركێشانەوەی عەلی باباجان دەڵێ، مافی خۆتە لە ناوەوە داڕووخێی و بێهیوا بیت و دەست لەكار بكێشیتەوە، بەڵام مافت نییە نەتەوەیەك داڕووخێنی.

قسەكانی ئەردۆغان لە كاتێكدایە پێشتر هەوڵی زۆری دابوو بۆ مانەوەی باباجان، پۆستی راوێژكاری حزبی پێ دا، كەچی باباجان رەتی كردەوە، بەس بەو داوایەی ئەردۆغان رازی بوو كە حزبی نوێ رانەگەیەنێت تا هەڵبژاردنی داهاتوو.

عەلی باباجان دوا كەسایەتیی دامەزرێنەری پارتی داد و گەشەپێدانە كە حزبەكە جێدەهێڵێت و ئەردۆغانیش تەنیا دەكات، ئەمەش لە كاتێكدایە باس لەوە دەكرێت باباجان، لە هەوڵی دەرهێنانی بەرماڵی حزبەكەیە لە ژێر پێی ئەردۆغان.
 
شكستی داد و گەشەپێدان لە هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستەنبوڵ، لەرزینێكی توندی بە حزبەكە داوە و بەپێی راپۆرتە میدیاییەكان بێت، دامەزرێنەرانی داد و گەشەپێدان لە هەوڵی راگەیاندنی حزبێكی نوێدان، لەوانە عەلی باباجان، عەبدوڵا گول، ئەحمەد داود ئۆغڵو. هاوكات هەندێك راپۆرت ئاماژە بە گوشارەكانی ئەو سێ كەسایەتییە گرنگە دەكەن كە بووەتە گوشارێكی گەورە بەسەر ئەردۆغان ئەگەر سەرۆكی ئێستەی توركیا بەردەوام بێت لەسەر سیاسەتی سەركوتكردنی نەیاران و ئۆپۆزسیۆن.


وشە - فه‌رمان سادق