رۆناڵدۆ ئەمڕۆش یاریی ناكات

:: AM:09:44:12/01/2017 ‌

زێنەدین زێدانی راهێنەری یانەی ریال مەدرید بەفەرمی پێكهاتەی یاریزانە بەشدارەكانی یارییەكەی ئەمڕۆی بەرامبەر یانەی سڤیلییە لە جامی شای ئیسپانیا راگەیاند.

ئەمڕۆ پێنجشەم یانەی ریال مەدرید لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی 16ی جامی شای ئیسپانیا لەنێو یاریگەی رامۆن سانچێز پیزخوان دەبێتە میوانی یانەی سڤیلییە، لە یاریی چووندا هەفتەی رابردوو یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە 3 گۆڵی بێ وەڵام یارییەكەی بردبووەوە.

زێدان بۆ یارییەكەی ئەمڕۆ كە سەعات 11:15ی شەو بەكاتی كوردستان بەڕێوە دەچێت، پێكهاتەی یاریزانەكانی راگەیاند، ئەوەی جێگەی سەرنج بوو لە پێكهاتەكەدا ناوی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و باشترین یاریزانی جیهان نەهاتبوو.

رۆناڵدۆ لە یاریی چوونیشدا بەرامبەر یانەی سڤیلییە بەهەمانشێوە یاریی بە رۆناڵدۆ نەكردبوو، بەڵام سەرەتای ئەم هەفتەیە لە خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی گرانادا یاریی كرد.

هەروەك راهێنەری یانەی ریال مەدرید ئاشكرای كردبوو كە هۆكاری سەرەكی یاریی نەكردنی رۆناڵدۆ لە یارییەكەی ئەمڕۆدا پشووە بووە، جگە لەو ئەستێرەیە یاریزانێكی تریش بەهەمانشێوە لە یارییەكەی ئەمڕۆدا پشووی وەرگرتووە ئەوانیش لۆكا مۆدریچی ئەستێرەی كڕواتییە.

ئەو یاریزانانەی كە زێدان بۆ یارییەكەی ئەمڕۆ بەرامبەر یانەی سڤیلییە بانگهێشتی كردوون برێتین لە:

گۆڵپارێزان: ناڤاس، كاسیا، یانیز.

بەرگریكاران: كارڤاخال، رامۆس، ڤاران، ناچۆ، مارسێلۆ، كوێنتراو و دانێلۆ.

هێڵی ناوەڕاست: كڕووس، كاسیمێرۆ، كۆڤاسیچ، ئەسینسیۆ و ئینزۆ.

هێرشبەران: بەنزیما، لۆكاس ڤاسكوێز، ماریانۆ و مۆراتا.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م