"وشە" ئابڕوچوونی دوو نەخۆشخانەی هەولێر بڵاو دەكاتەوە

:: PM:06:03:11/07/2019 ‌
جیاواز لە كوێركردنی نەخۆش و كوشتنی بە دەرمانی ماوە بەسەرچوو، ئەمجارەیان كەرتی تەندروستی لە كوردستان هەڵەی تری تیادا ڕوودا. 

بەپێی چەند پشكنینێك كە هی یەك نەخۆشە و دەستی "وشە" كەوتووە دەركەوتووە تەنیا لە ماوەی یەك سەعاتدا لە نێوان دوو نەخۆشخانەی ئەهلی شاری هەولێر پشكنینەكان بە ڕێژەیەكی زۆر جیاوازی تێدایە، كەسوكاری نەخۆشەكەیش دەڵێن، جیا لە خۆیان پزیشكەكانیش تووشی سەرسووڕمان بوون.

نەخۆشێك دوای ئەوەی سەردانی نەخۆشخانەی تایبەتی "سی ئێم سی" دەكات و لەلایەن یەكێك لە پزیشكەكانییەوە پشكنینی هەوكردن (CRP) بۆ دەنووسرێ‌ دەردەكەوێ‌ كە ڕێژەكەی %61، دواتر لەلایەن هەمان پزیشكەوە كە ناوەكەی لای "وشە" پارێزراوە ئەو نەخۆشە لەماوەی سەعاتێك دەنێردرێ‌ بۆ نەخۆشخانەی "ژین" هەمان پشكنین لەماوەی یەك سەعاتدا ئەنجامەكەی زۆر زیاترە كە ڕێژی 93.6 دەردەچێت. ئەوەیش گومانی لای پزیشك و نەخۆشەكە دروست كردووە كە تاقیگەكانی ئەو دوو نەخۆشخانە ئەهلییە جێی گومانن و لەخۆوە ژمارە دەنووسن.

هیوا مەجید كوڕی نەخۆشەكەیە و بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە ئەنجامی ئەو دوو پشكنینە لە ماوەی سەعاتێكدا تووشی شۆك بووین و پزیشكەكانیش نەیانشاردووەتەوە كە هەڵەیەكی گەورە لە یەكێك لە تاقیگەكانی ئەو دوو نەخۆشخانەیە هەیە.

هیوا دەڵێ، باوكم سەردانی نەخۆشخانەی "سی ئێم سی" كرد، دوای ئەوەی پشكنینی بۆ كرا پزیشكەكە متمانەی بە ئەنجامەكان نەبوو، بۆیە ڕەوانەی نەخۆشخانەی "ژین"ی كردین و لە وێ‌ ئەنجامەكەی زۆر زیاتر بوو، بەڵام لەگەڵ بینینی ئەنجامەكەی هەردوو نەخۆشخانەكە پزیشكەكە تووشی شۆك بوو، چونكە ماوەیەكی زۆرە چارەسەری بۆ نەخۆشەكە داناوە و دەبوو لەوماوەیەدا ئەو پشكنینە زۆر نۆرماڵ دەربچێ بە ڕێژەیەكی كەم.

كوڕی نەخۆشەكە ئاماژە بەوە دەكات، گومان هەیە تاقیگەی ئەو دوو نەخۆشخانەیە بە تەواوی كار بكەن. ڕوونیشی كردەوە كە ئێستە هیچ متمانەیان بە نەخۆشخانە و تاقیگەكانی كوردستان نەماوە و لە ماوەی داهاتوویش نەخۆشەكەیان دەبەنە دەرەوەی وڵات.

لای خۆیەوە راسان جاف بەرێوەبەری پێوەندییەكانی نەخۆشخانەی "سی ئێم سی" بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەوان دڵنیان لە تەواو ئەو ئامێرانەی لە تاقیگەكانیان هەیە و ئەوەیشی ڕوویداوە پێوەندی بە پزیشكەكەوە هەیە كە چۆن چارەسەری بۆ نەخۆشەكە نووسیوە.

هەروەك ئاماژەی بەوە كرد، كە لە ئامێرێكی تاقیگە بۆ ئامێرێكی تر جیاوازی دەبێت لە پشكنینەكاندا.

هەرچەندە چەندان جاری تر بەمشێوەیە هەڵەی پزیشكی و ئابرووچونی نەخۆشخانەكان ڕووی داوە، بەڵام وەك بەرپرسێكی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، ئەوەی لە نێوان ئەو دوو پشكنینە ڕووی داوە شتێكی دەگمەنە.

 فاخیر كرمانج بەرێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستی هەولێر بۆ "وشە" گوتی، هەندێكجار جیاوازی لە نێوان ئامێری تاقیگەكاندا هەیە ئەو دوو پشكنینەی كە لەو ڕاپۆرتە باسی دەكرێ‌ پێویستە لەلایەن پزشكی شیكاری روونكردنەوەی لەسەر بدرێ‌.

ڕوونیشی كردەوە كە حاڵەتی لەمجۆرە بە دەگمەن ڕوودەدات و پێویستە ئەو دوو نەخۆشخانەیە بەدواداچوون لەسەر ئامێرەكانیان بكەن، چونكە ئەگەر بەمشێوەیە بمێنێتەوە ئەوە نەخۆش تووشی دڵەڕاوكێ دەكات.

بەرپرسەكەی تەندروستی هەولێر ئاماژەی بەوە كرد، ئەو ئامێرانەی لە تاقیگەی نەخۆشخانەكان دادەنرێن بە كوالیتی كۆنترۆڵدا تێپەڕ دەبن، بەڵام هەندێكجار لەلایەن كارمەندی تاقیگەكانەوە بە جۆری جیاواز مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێ‌.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو ژمارەیەك نەخۆشخانەی تایبەت و ئەهلی لە هەرێمی كوردستان كرانەوە، ئەو نەخۆشخانانە نرخیان بەرزە و هەموو هاووڵاتییان ناتوانن بۆ چارەسەری ڕووی تێبكەن، بۆیە روودانی حاڵەتێكی لەمجۆرە زیاتر گومانیان دەخاتە سەر.

كەرتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو كەرتانەی لە ماوەی ڕابردوو ڕەخنەی زۆری لەسەر بووە، خراپی تەندروستی لە كوردستان بووەتە هۆی كوێركردن و كوشتنی سەتان هاووڵاتیی، ئێستە ئەگەر پشكنینەكانیش هەڵەبن ئەوە دوور نییە بەشێكی زۆر لە هاووڵاتییان سەرباری نەخۆشیەكەی خۆیان دووچاری دڵەڕاوكێ و نەخۆشی دەروونیش ببنەوە.








وشە - سه‌رخێڵ هاشم