مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان ئەمڕۆ سەرۆكایەتی شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ بەغدا كرد و كۆبوونەوەی لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق ئەنجام دا.
مەسروور بارزانی سەرۆكی سەرۆك وەزیرانی كوردستان و عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی حكوومەتی عێراق لەسەر پێكهێنانی چەند لیژنەیەكی تەكنیكی بۆ دیاریكردنی سەرجەم كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و چۆنییەتی چارەسەر كردنیان رێككەوتوون.
لە كۆبوونەوەی نێوان مەسروور بارزانی و عەبدولمەهدی، مەسرور بارزانی وێرایی سوپاسكردنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە عادل عەبدولمەهدی گوتووە، كە ئەو وەك دۆستێكی كوردستان ئومێدیی زۆریان پێی هەیە بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكان.
هەروەها دووپاتی پشتیوانی هەرێمی كوردستانیشی لە عادل عەبدولمەهدی و كابینەیەكەی كردووەتەوە، هیواشی خواستووە، سەرجەم كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەپێی بنەمای دەستووری عێراق چارەسەر بكرێن.
وەك ئەوەی كەناڵی كوردستان24 بە پشت بەستن بە زانیاری سەرچاوەیەكی بڵاوی كردووەتەوە، مەسروور بارزانی ئەوەیشی راگەیاندووە، هەرێمی كوردستان دەیەوێت بەشدارێكی راستەقینە بێت لە عێراق و ئەرك و مافی هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور دیاری بكرێت.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێداگیری كردووە، كە جگە لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان داوای هیچ شتێكی زیاتر ناكەن، دووپاتیشی كردووەتەوە، ئەوان هەرگیز سازش لەسەر هیچ مافێكی دەستووری خەڵكی كوردستان ناكەن.
لە بەرانبەردا عادل عەبدولمەهدی وێرای پیرۆزباییكردن لە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، سوپاسی شاندی باڵای كوردستانیشی كردووە، كە وەك دەربڕینی نیازپاكی بۆ چارەسەری كێشەكان، سەردانی بەغدایان كردووە.
هەروەك بە سوپاسەوە ئاماژەی بەرۆڵی هەرێمی كوردستاندا، لە پێشوازیكردنی ئاوارەكانی شار و شارۆكە عێراقییەكان، عادل عەبدولمەهدی رای گەیاندووە، هەرێمی كوردستان و عێراق بە یەكەوە ئەو وڵاتەیان بنیاتناوەتەوە لەدوای رووخانی رژێمی سەدام و دانیشی بەوەداناوە، كە كێشەی جۆراوجۆر لەنێوان هەردوولا هەن و پێویستە چارەسەر بكرێن.
هەردوولاش رێككەوتوون، لەدوای ئامادەكردنی رەشنووسی كێشەكانی هەولێر و بەغدا و خستنەڕووی چارەسەرییەكان، لەماوەیەكی نزیكدا لێژنەی تەكنیكی تایبەتمەند كۆببنەوە و بڕیار لەسەر چارەسەری سەرجەم كێشەكان بەپێی دەستووری عێراق بدەن.
مەسروور بارزانی هەر ئەمڕۆ دوابەدوای كۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دووپاتی لەوە كردەوە كە هەوڵدەدەن سەرجەم كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بكرێ و دەستوور جێبەجێ بكرێ.
مەسروور بارزانی ڕۆژی 10ی تەمووزی ڕابردوو بە دەنگی 88 پەرلەمانتاری كوردستان بووە سەرۆك وەزیرانی كوردستان و لە بەرنامەی كاری كابینەكەیشی دووپاتی لەوە كردەوە كە پێوەندییەكان لەگەڵ بەغدا ئاسایی دەكەنەوە تا مافی خەڵكی كوردستان بە دەست بێنن.
دەست بەكاربوونی مەسروور بارزانی وەك سەرۆكی حكوومەت ئومێدی زۆری لای خەڵكی و سیاسییەكانی كوردستان و عێراق دروست كرد، هەروەك لەناوخۆی كوردستان لە یەكەم كۆبوونەوەیە دەستی بە ئەنجامدانی چاكسازی كرد و وەك نیاز پاكییەكیش ئەمڕۆ سەردانی بەغدای كردووە تا بە تەواوی كێشەكانی " نەوت و پێشمەرگە و ناوچە كوردستانییەكان و بودجە و مووچە" چارەسەر بكات و چیتر مەترسییەك بەهۆی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداوە نەمێنی.