"کە دەڵێن ئەمڕۆ دەشت و کێو شینە" به‌ چوار زمان بڵاو ده‌كرێته‌وه‌

:: PM:04:47:19/07/2019 ‌
گۆرانی "کە دەڵێن ئەمڕۆ دەشت و کێو شینە" بە شێوازێکی جیاواز و بە شێوەیەکی هاوبەش هونەرمەندانی کورد و عەرەب و تورک و یۆنانی کۆ دەکاتەوە و بڕیارە سبەی شەممە ئەم بەرهەمە هاوبەشە بڵاو بکرێتەوە. 

هونەرمەندەکانی به‌شدار له‌م به‌رهه‌مه‌ هاوبه‌شه‌ "هونەرمەندی کورد لە کاروان حەمید حەلاق و پاڤێڵ سەرهەنگ, هونەرمەندی عەرەب لە شەزە حەیاک,  هونەرمەندی یۆنانی لە ئاندریانا ئاشیتزانۆڤا,  هونەرمەندی تورک لە دویگۆ الک" پێک هاتوون.  

ئەمڕۆ هەینی 19ی تەمووز، کاروان حەمید حەلاق خاوەنی ئەم پڕۆژەیە تایبەت بە "وشە" ی ڕاگەیاند، کاری ئەم جارەمان گۆرانی " کە دەڵێن ئەمڕۆ دەشت و کێو شینە"یه بەڵام بە شێوەی جیاواز بەرهەممان هێناوە.

زیاتر گوتی: ئەم گۆرانییە بە چەند زمانێکی جیاواز گوتراوە و كه‌ بریتییە له‌ كوردی و عه‌ره‌بی و توركی و یۆنانی، دوای گفتوگۆ و قسە کردنێکی زۆر لەسەر سەرەتایی دروست بوونی ئەم گۆرانییە، هەر میللەتە و بە موڵکی خۆی دەزانێت، بەڵام نکۆڵیمان کرد لەوەی موڵکی میلەتێکی تر بێت بۆیە بڕیارمان دا پارچەکانی ئەم گۆرانییە کۆبکەینەوە و بیکەین بە گۆرانییەکی هاوبەش و سەرنجڕاکێش تا زۆرترین گوێگری هەبێت.

كاروان زیاتر ڕوونی كرده‌وه‌، نازانم مێژووی دروست بونی ئەم گۆرانییە بۆ کێ و بۆ کەی دەگەڕێتەوە بەڵام من مامۆستا(مەزهەری خالقی) بە خاوەنی ئەم گۆرانییە دەزانم، هەروەها ئێمە دەمانەوێت ئەم بەرهەمە ڕەسەنایەتی تێدا بپارێزین، بەڵام شێوازێکی هاوچەرخ و ستایلێکی نوێ.

وشه‌/ گه‌رمیان گلی








وشە - ڕێناس شابان

ئه‌م بابه‌ته 594 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌