به‌كارهێنانی خوێ بۆ جوانكردنی پێست

:: PM:03:06:21/07/2019 ‌
خوێی دەریایی بڕێكی زۆر كانزای تێدایە وەك كالیسیۆم و مەگنیسیۆم و پۆتاسیۆم و سۆدیۆم و هەموو ئەم كانزایانە رۆڵێكی گرنگ دەبینن لە كاری پێست و تەندروستی پێست و پێوەندی خانەیی.

ئەگەر پێستت گرفتی هاوسەنگی كانزایی هەیە تووشی وشكبوونەوە و رەشبوونەوە چەند گرفتێكی تر دەبێتەوە، ئەوە باشتر وایە خوێی دەریایی بەكار بهێنرێت، چونكە ئەم خوێیە تایبەتمەندی دژە میكرۆبی هەیە و كانزایەكە هەوكردن كەم دەكاتەوە و ناڕێكییەكانی پێست رێكدەخات.

ئەمانەش هەندێكن لە سوودەكانی بەكارهێنانی خوێی دەریایی بۆ پێست و رزگاربوون لە زیپكە و باشتركردنی پێست:

یەكەم: پێست پاك دەكاتەوە، خوێ‌ تایبەتمەندی دژە میكرۆبی تێدایە هەروەها هەڵمژێكی سەرەكییە و پێست لە قووڵاییەوە پاك دەكاتەوە. خوێ‌ پیسی پێست دەمژێت و ژەهر لادەبات و كونیلەكانی پێست خاوێن دەكاتەوە. ئەم خوێیە وەك بەرگێكی پارێز دادەنرێت دژی چەندان نەخۆشی پێست. بەهۆی بوونی مەگنیسیۆمەوە لە خوێی دەریایدا یارمەتی كەمكردنەوەی ئاوسان و كۆبوونەوەی ئاو دەگرێت لە ژێر پێستدا.

چۆنیەتی بەكارهێنانی خوێ بۆ پێست:
چارەكی كووپێك خوێ‌ بكە بانیۆیەك ئاوی گەرمەوە و پاشان تێكی بدە تا دەتوێتەوە و بۆ ماوەی 15 بۆ 30 خولەك لە بانیۆكەدا بمێنەرەوە، بەم شێوەیە پێستت نەرم دەكاتەوە و لە چەندان گرفت رزگارت دەكات.

دووەم: شێداركردنەوەی پێست، دەتوانرێت خوێ‌ بەشێوەیەكی راستەوخۆ بەكار بهێنرێت بۆ پێست، بەڵام دەتوانرێت زیاتر ئەو پێكهاتانەی پێست بەكار بهێنرێت كە خوێی تێدایە لەگەڵ پێكهاتەیەكی نەرمی تر. خوێی دەریایی یارمەتی شێداركردنەوەی پێست دەدات .

چۆن خوێ‌ وەك شێداركەرەوەیەك بەكار دەهێنرێت:
نیو كووپ زەیتی زەیتوون یان زەیتی گوێز هیند لەگەڵ چارەكی كووپێك خوێی دەریایی تێكەڵ بكە تا دەبێت بە گیراوەیەكی تەواو پاشان 10 دڵۆپ زەیتی بۆنداری بۆ زیاد بكە بەپێی ئارەزوو، دوایی ئەوەی كە خۆت شووشت بەم گیراوەیە پێستت بشێلە بۆ چەند خولەكێك بەشێوەی سوور و بەهێواشی چونكە دەنكۆڵەی خوێیەكان زبرن تەنیا دوایی چەندە بەكارهێنانێك هەست بە گۆڕینی پێست و شێداری پێستت دەكەیت.

سێیەم: لابردنی خانەی مردوو، خوێ‌ بەهەمانشێوەی شەكر توانای لابردنی پێستی مردووی هەیە لەسەر رووی پێست و كونیلەكانی پێست پاكتر دەكاتەوە. یارمەتی پێست دەدات لووستر و گەشتر دەربكەوێت.

سێ‌ كەوچكی چا خوێی دەریایی لەگەڵ چوار كەوچك هەنگوین تێكەڵ بكە هەتا دەبێت بە گیراوەیەكی باش. پاشان بە یەكسانی بۆ سەر رووی پێستت بەكاری بهێنە، بەڵام با نزیك نەبێت لە چاوەكانتەوە دواتر بۆ ماوەی 10 بۆ 15 خولەك بەجێی بهێڵە . پێش ئەوەی بیشۆی بە پارچە خاولییەكی خاوێن كە بەئاوی گەرم تەڕ كرابێت لەسەر پێستت دایبنێ‌ بۆ ماوەی 30 چركە. پاشان بە سەری پەنجەكانت بەهێواشی پێستت بشێلە و بە ئاوێكی نیمچە گەرم بیشۆ.




وشە - ئاوات ئازاد