میدیاكانی عێراق بە گرنگییەوە وتارەكەی مەسروور بارزانی دەگوازنەوە

:: PM:07:21:21/07/2019 ‌

هەفتەی رابردوو مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وتارێكی لەژێر ناونیشانی "بۆچی هەرێمی كوردستان قۆناغێكی نوێ دەست پێ دەكات؟" لە رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمەریكی بڵاو كرایەوە، ئەو لە وتارەكەیدا چەندان خاڵی گرنگ و راستی ئاماژە پێ كرد و رووی گفتوگۆی كردە ناوخۆی هەرێم و دەرەوەی لە عێراق و ناوچەكە و دنیا و بەوردی و بە زمانێكی ئاشكرا و پوخت پلانەكانی بۆ داهاتوو شی كردەوە، ئەوەش وای كرد ئەو وتارەی ببێتە مایەی گرنگیدانی میدیا جیهانی و ناوخۆیی و عێراقییەكان و بە چاوێكی گەشەبینەوە سەیری ئەو كەسایەتییە و حكوومەتەكەی بكەن، بەتایبەتی بۆ گەیشتن بە سەقامگیری عێراق.

لەو كاتەی بە شایەتی زۆرینەی عێراقییەكان هەرێمی كوردستان پێشەنگە بۆ عێراق، لە چەند رۆژی دواییدا میدیاكانی عێراق وتارەكەیان بڵاو كردەوە و چەند بڕگەیەكی وتارەكەیان زەق كردووەتەوە بەوەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم دەڵێت، كاتی هاتووە بۆ بنیاتنانی هاوبەشییەكی لەسەر بنەما و سەقامگیرتر لەگەڵ بەغدا، بۆیە چەند هەنگاوێك داوێم بۆ رێكخستن و باشتركردنی پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.

سەرۆكی حكوومەتی هەرێم دەڵێت، دەمانەوێ لە چوار ساڵی داهاتوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان رووداوە شۆكهێنەرەكانی ئەم دواییانە تێپەڕێنێت و ئامادەییمان لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی مسۆگەر بكەین، بە كورتی دەمانەوێ سەرەتایەكی نوێ دەست پێ بكەین.

"بۆ رێكخستنەوەی پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هەنگاوی پێویست دەگرمە بەر كە لە ماوەی 16 ساڵی رابروو بەردەوام گرژی هەبووە و ئێستەش كاتی ئەوە هاتووە پێوەندییەكی هاوسەنگمان لەگەڵ بەغدا هەبێت. هاوكات چاومان لە پاڵپشتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆ هاوكاریكردنمان لە بنیاتنانی ئابووریدا، مەسروور بازانی وای گوت. 

لە بەشێكی تری وتارەكەدا مەسروور بارزانی رای گەیاند، كۆمەڵێك چاكسازی دەكەم كە تەواوی كەرت و لایەنەكانی خزمەتگوزاری بگرێتەوە و حكوومەتەكەم ئابوورییەكی هەمە چەشن بنیاد دەنێت، كە خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان بەدی دێنێت و كار بۆ ئەوە دەكەین حكوومەت خزمەتی هاونیشتمانیان بكات، نەك پێچەوانەكەی.

رۆژنامەكانی "سەباح" و "مەدا" و "زەمان"ی عێراقی دەقی وەرگێڕدراوی وتارەكەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمیان بڵاو كردووەتەوە كە لەبارەی عێراقەوە ئاماژە دەكات، دوای 16 ساڵ لە پشێوی لە عێراق و پێنج ساڵیش لە جەنگی داعش، دەستمان بە گەشتێكی نوێ كرد بەرەو بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێز. بۆیە چوار ساڵی داهاتوو دەبێتە بوارێك بۆ ئێمە و دراوسێ و هاوپەیمانەكانمان، وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەمانەوێت رووداوەكانی دوایی تێپەڕ بكەین و پێگەی خۆمان لە ناوچەكە بەهێز بكەین و بوونی خۆمان لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی مسۆگەر بكەین. بەكورتی دەمانەوێت سەرەتایەكی نوێ دەست پێ بكەین. ئەركی من ئەوەیە كە رێگەی بەڕێوەبردنی كارەكان لە ناوخۆ و دەرەوە بگۆڕم، بۆیە شێوازێكی نوێ جیاواز بۆ بەجێگەیاندنی ئەركەكان دەخەمە روو.

مەسروور بارزانی لەبارەی پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدا بۆ ئێستە و داهاتوو دووپاتی دەكاتەوە كە چەند هەنگاوێك داوێم بۆ رێكخستنەوە و باشتركردنی پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدا كە لە ماوەی 16 ساڵی رابردوو بە بەردەوام ناجێگیر بووە، ئێمە بە درێژایی ئەو كاتە كۆنترۆڵی خۆمان كردووە بێ ئەوەی پێوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدا بشێوێنین. بە رێككەوتن پشكێكمان لە بودجەی گشتی عێراق بەدەست هێنا، بەڵام بەدەگمەن پارەی تەرخانكراو بە تەواوەتی رادەستی ئێمە كراوە، بۆیە كاتی هاتووە بۆ هاوبەشییەكی لەسەر بنەما و سەقامگیرتر لەگەڵ بەغدا، وەك سەرۆك وەزیران هەفتەی رابردوو یەكەم سەردانی خۆم بۆ دیداری عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق ساز كرد و چەندان پێشنیازم لەگەڵ خۆم برد بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانی نێوانمان لەبارەی نەوت و خاك و بودجە و رۆڵی هێزە چەكدارەكانمان. 

مەسروور بارزانی دووپاتی كردەوە، دەمەوێت مسۆگەری رێزگرتن لە رێككەوتنەكانمان بەدەست بێنم لە رێگەی دابەشكردنی دادوەرانەی داهاتەكانی بودجە، كە ئەوە بناغەیەكی بەهێز بۆ هاریكاری لە داهاتوو فەراهەم دەكات، بۆیە داهاتووی ئێمە پێوەستە بە عێراقێكی تەناه و دیموكراسییەوە، لە 2017 هەرێمی كوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام دا كە دەنگدان بۆ خەڵكەكەی پابەندی تیادا نەبوو، بەڵام سەرەڕای ئەوە 93%ی خەڵكەكەی دەنگیان بە "بەڵێ" دا. 

دووپاتی كردەوە كە كاری لەپێشینەیان ئێستە بنیاتنانی هەرێمێكی كوردستانی بەهێزە كە سەقامگیر بێت و لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پاڵپشتی بكرێت. لە كۆتای وتارەكەشیدا رای گەیاند كە دوای ئەوەی پاڵپشتی خۆمان بۆ بەرژەوەندییەكانی هاوپەیمانانمان پێشان دا لەوانەش ئەمەریكا و پابەندی بەها دیموكراسییەكان بووین، ئێستە پێویستیمان بە هاوڕێكانمانە بۆ یارمەتیدانمان بۆ دەست پێكردنەوە لە نوێوە.







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل