ژنان لە مەترسییەكانی نەشتەرگەری منداڵبوون ئاگادار دەكرێنەوە

:: PM:07:59:21/07/2019 ‌
لەدایكبوون بەڕێگای نەشتەرگەری بەشێوەیەكی بەرچاو لەناو خانماندا زیادی كردووە، پزیشكانی پسپۆڕی ژنان دەڵێن، جگە لەترسی ئازاری منداڵبوونی سروشتی ئێستە بووەتە چاولێكەری لەناو خانمان بۆ هەڵبژاردنی نەخۆشخانەی تایبەت و منداڵبوون بە ڕێگەی نەشتەرگەری.

بەشێك لەوانەی منداڵبوونیان بە ڕێی نەشتەرگەری هەڵبژاردووە بێ ئەوەی پێویستیان پێبێت، لەدوای منداڵبوونەكەیان پەشیمانن و دەڵێن لەترسی ژانی منداڵبوون ئەو ڕێیان هەڵبژلردووە، بەڵام ئێستە ئازارەكەیان زۆر زیاتر و بەردەوام ترە لەوەی بە چەند كاتژمێرێك بۆ لەدایك بوونی سروشتی دەیان چەشت.

ئەسما عەبدوڵا ژنێكی تەمەن 18 ساڵە ماوەی چوار مانگە لەیەكێك لە نەخۆشخانە ئەهلییەكانی هەولێر منداڵی بە ڕێگای نەشتەرگەری بووە، وەك خۆی دەڵێت تا ئێستە بە ڕێی پزیشكەوەیە لەبەر ئازاری سكی و شوێنی نەشتەرگەریەكەی. ئەسما دەڵێت، لەیەكەم ڕۆژی منداڵ بوونەكەیەوە ئازار هەیە تا ئێستە.

هەندێك لە ژنان هاوسەرەكانیان ڕێیان پێنادەن بە ڕێی سروشتی منداڵیان ببێت، دەڵێن نایانەوێت بەهۆی منداڵبوونەكەوە چێژی سیكسیان وەكو پێشتر نەمێنێت، بەهۆی گەورەبوونی ئەندامی منداڵبوونەكەوە.

شۆخان علی یەكێكە لەو ژنانەی كە خۆی ویستی بووە بە سروشتی منداڵی ببێت و  پزیشكیش پێی گوتووە دەتوانێت بەڕێی سروشتی منداڵی ببێت، بەڵام هاوسەرەكەی ڕازی نەبووە، شۆخان دەڵێت، دەمزانی بەرێی نەشتەرگەری كاریگەری خراپی هەیە، پێشتریش زۆرم لەسەر خوێندبوویەوە، بەڵام مێردەكەم بەهیچ جۆرێك ڕازی نەبوو، هەرچەندە پزیشكەكەم پێێ گوتبوو كاریگەریەكی ئەوتۆی لەسەر ئەو ئەندامەم نابێت، بۆیە دوای نەشتەرگەریەكەم بە شەش مانگ هاتەمەوە بارودۆخی پێشووم.
لای خۆیەوە د. تارا عەلی پزیشكی پسپۆڕی ژنان و لەدایكبوون، باسی ئەو حاڵەتانە دەكات كە پێویستە بە ڕێگەی نەشتەرگەری منداڵیان ببێت و دەڵێت، نەشتەرگەری بۆ منداڵبوون لەچەند حاڵەتێكدا پێویستە ئەوانەی دوو منداڵ یا زیاتریان بەرێی نەشتەرگەری بووبێت یان ئەو منداڵانەی خوار هاتوون یان دانیشتوون، ئەوانەی منداڵەكانیان دوانەنن لە هەندێ حاڵەتدا، نۆبەرەش هەندێكجار، ئەوانەی گرێی ناو ڕەحمیان هەیە یان خوار ڕەحمیان هەیە، ئەوكاتەی وێڵاش پێش منداڵەكە دێتە خوارەوە، ئەوانەی تەمنیان لە سەرووی ٤٠ ساڵ منداڵیان دەبێت.

د. تارا عەلی باسی كاریگەریە خراپەكانی منداڵبوون بەرێگای نەشتەرگەری دەكات و دەڵێت، كاریگەری نەرێنی بەنجی وەكو هەر نەشتەرگەرییەكی تر لەسەرە، هەندێك جار دوای نەشتەرگەری دەبێتە هۆی دروست بوونی ئیلتیهاب یا خانمەكە ناتوانێت شیر بدات و گرنگی تەواو بەخۆی منداڵەكەی بدات، هەندێكجار لەناو نەشتەرگەری ڕیخۆڵەی كەسەكە یان فتقی یان میزڵدان هەر ئەندامێكی تری ناوسكی ئەگەری توشبوونی بە بڕین یان مەترسی هەیە.

هەروەك ئاماژەی بەوە كرد، هەمیشە ڕێنوێنی دەدەین ئەگەر ئەو حاڵەتانەی سەرەوە نەبێت و ناچار نەبێت ژنانی دووگیان منداڵیان بە نەشتەرگەری نەبێت.

بەپێی ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی تەندروستی، لە بەشی منداڵبوونی نەخۆشخانە حكومییەكان، لیژنەی تایبەت دانراوە كە كاروبارەكانیان زۆر بە چڕی و وردی دەكەن، ئەگەر ژنێك پێویستی بە نەشتەرگەری نەبێت و حاڵەتەكەی زۆر گرنگ نەبێت ئەوا ڕێگا نادرێت بە ئارەزووی خۆی بە ڕێگەی نەشتەرگەری منداڵی ببێت.

هەولێر/ ئیڤان عەبدولرەحمان
  



وشە - سه‌رخێڵ هاشم