حەسەن شەریف بۆ ساڵیادی جینۆسایدی كوردانی ئێزیدی "گریڤانا سۆر" بڵاو دەكاتەوە

:: PM:10:41:21/07/2019 ‌
هونەرمەندی ناودارى كورد حەسەن شەریف، نوێترین بەرهەمی به‌ناوى گریڤانا سۆر گێڕانەوەی تراژیدیای فەرمانی حەفتا و سێیه‌مینه‌ كە بەسەر ئێزیدیخان دا هات ئاماده‌ى بڵاو كردنه‌وه‌یه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 21ى ته‌مووز،  عیسا بۆتانی له‌ لێدوانێكى تایبه‌تدا بۆ "وشه‌" گوتى، "بەرهەمی نوێی هونەرمەندی پێشمەرگە (حەسەن شەریف) كە بەناوی (گریڤانا سۆر)ە، لە ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی ئێزیدی و لە رێوڕەسمێكی تایبەت كە لە سنووری ئێزیدیخان دا بەڕێوە دەچێت نمایش دەکرێ و پێشوەختەیش لە کەناڵەکانی میدیا بڵاو دەکرێتەوە".

زیاتر گوتى، كه‌ هەڵبەستوانی کورد (ئەمین بۆتانی) تێكستی بەرهەمەكەی لە گەرمەی ڕوودانی ئەو كارەساتەی بەسەر شەنگال و كۆچۆ و ئێزدیخان دا هات هۆنیوەتەوە و ئاوازەکەیشی لەلایەن هەڵبەستوان (ئەمین بۆتانی) و هونەرمەند (حەسەن شەریف) بە هاوبەشی دانداروە". 

بابەتی (گریڤانا سۆر) گێڕانەوەی ئەو ستەم و ئازارە بە سوێیەیە كە بە درێژایی دیرۆك لە كوردانی ئێزیدی كراوە تاكو فەرمانی حەفتا و سێیه‌مین، دەربڕی تاوانێكی هەرە قێزەون و نامرۆڤانەیە كە دەرحەقیان كرابێت. 

حەسەن شەریف سەبارەت بەم بەرهەمە بۆ "وشه‌" گوتى، "(هەڵبەستی گریڤانا سۆر لە كاتی كارەساتی جینۆسایدی خوشك و برا ئێزدییەكانمان لەلایەن هەڵبەستوانی گەورە ئەمین بۆتانی نووسراوە، لەوساوە ئەمین هەڵبەستەکەی پێدام، دەمویست لە كۆنسێرتێكی شایستەیدا بەشێوەیەكی زیندی وەكو هاوارێك بیدەم بە گوێی دنیا كە چ تاوان و ستەمێك لەوە گەورەتر هەیە لەبەرانبەر مرۆڤەوە كرابێت، بەڵام دەرفەتی ئەوە دروست نەبوو)". 

زیاتر ڕاى گه‌یاند، كه‌ (بەو بەرهەمە ناتوانین برینی سەختی ئێزدیخان ساڕێژ بكەین، بەڵام ئەوەی كردوومانە لاواندنەوەیەكە بۆ خەمێكی قورس كە ئەستەمە لەبیر بكرێ‌ و ساڕێژ ببێت. لاواندنەوە و رێزگرتنێكە بۆ ئەو قوربانییە مەزنەی ئێزیدیخان). هەڵبەستی ئەو سترانە بە شێوەیەكی جیاواز و قووڵ هۆنراوەتەوە، بۆیە زۆر سەرنجی راكێشام ... دەمویست لە كەشێكی بێدەنگ و هێمن و تەنها بە هاوڕێیەتی یەكدوو ئامێری مۆزیك بیچڕم) لەڕووی ناوەرۆكی تێكستەوە.

لە كۆتاییدا حەسەن شەریف سوپاسی (گورسەل دایان)ی كرد كە لەلایەن ئەوەوە كاری تۆماركردن و میكس و وێنەگرتنی بۆ كراوە.

حەسەن شەریف، لە ساڵی 1985 دەستی بە كاری هونەری كردووە و چەندان ئەلبوومی گۆرانی هەیە خەڵكی دەڤەری بادینانە و لەدایك بووی ساڵی 1969ـی پارێزگای دهۆكە، ماوەی چەند ساڵێك لە ڕیزی شۆڕشی نەتەوەیی كورد دژی ڕژێمی بەعس وەكو پێشمەرگەی كوردستان خەباتی كردووە. 


وشە - محەمەد میران