بڕیارە سبەی مووچەی وەزارەتی ناوخۆ دابەش بكرێت و چەند وەزارەتێكی تر سبەی مووچەیان پێ دەدرێت.
ئەمڕۆ سێشەم 23ـی تەمووز، سەرچاوەیەك لە یەكێك لە گەنجینەكانی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سبەی مووچەی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت.
ئەو سەرچاوەیە گوتی، دابەشكردنی ئەو مووچەیە بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵە و دابەشكردنیش بەردەوام دەبێت، هەروەها ئەمڕۆ پارەكەی بەغدا زوو بگات بە هەرێمی كوردستان بۆ ئەو هەفتەیە دابەشكردنی مووچە خێرا دەبێت و سبەی مووچەی چەند وەزارەتێكی تر دابەش دەكرێت.
ئەمڕۆ پۆلیسی ڕاپەڕین بڵاوی كردۆتەوە، سبەی مووچەی وەزارەتی ناوخۆ دابەش دەكرێت.
سبەی مووچەی وەزارەتەكانی خوێندنی باڵا و كشتوكاڵ و شارەوانی و پلاندانان و كارەبا و گواستنەوە و سەرجەم دەستەكان دابەش دەكرێت، هەروەها سبەی ئەنجوومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش و بەرگری و فریاكەوتن زێرەڤانی و لیواكانی نەوت مووچە وەردەگرن.
بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لە ناوەڕاستی هەر مانگێك عێراق بڕی 452 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت و بە داهاتی ناوخۆیی و پارەی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە و فرۆشتنی نەوت مووچەی فەرمانبەران دەدرێت.
لە سەرەتای ئەمساڵ پاشەكەوتی مووچە لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەڵگیراوە و پێدانی مووچە ئاسایی بووەتەوە لە پێنجی سەرەتای هەر مانگێك لە هەرێمی كوردستان مووچە دابەش دەكرێت.